بەڵای بنەماڵە، حەفتا ساڵ ستەمی ماڵباتی ”کیم ” ، بەشی کۆتایی

بەشی چوارەم

کێم ئیل سونگ لە مەنگەنەی دوودڵی ستالین و تووڕەیی مائۆ تسەتۆنگدا

ئامریکاییەکان دوای شەڕی دووهەمی جەهانی، پلانێکی گەورەیان بۆ پەرەسەندن و گەورەکردنەوەی دەسەڵاتی خۆن، لە سەراسەری دنیادا داڕشت. لە بەرەی ئورووپادا بۆ هەستانەوەی ئابووری وڵاتانی بەرچەنگ کەوتوو، پلانی بەناوبانگی مارشاڵیان خستەکار و لە باری سەربازیشەوە بە دامەزراندنی پەیمانی ناتۆ لە هاوێنی ١٩٤٩ دا، بوونە کۆڵەکەی هەستانەوەی فەرانسە، یۆنان، ئیتالیا و دواتر تورکیەش وەک وڵاتێکی دەرەوەی بازنەی ئورووپا بەڵام گەلێک گرنگ لە بواری جێئۆپۆلیتیکدا.
بەڵام لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا، بە هۆی وەزعی تایبەتیی ژاپۆنەوە، پرسی شێوە دۆڕگەی کورێا لە بایەخ کەوتوبوو و لە لایان ئێدارەی هاری تروومان، سەرۆک کۆماری ئەودەمی ئامریکاوە وەک شتێکی لاوەکی دەبینرا. پیویست بە وەبیرهێنانەوە ناکات کە سپای ئامریکا لە ژاپۆن، گەورەترین تاوانی تا ئەوکاتی مێژووی مرۆڤایەتیی خولقاندبوو و جگە لە وێرانکردنی سەدان شار و ئاوەدانی، دوو گەورەشاری هێرۆشیما و ناکازاکییان لەگەڵ خاک یەکسان و زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤی سیڤیلیان لە ناو گڕکانی ئاگری بۆمبێکی تۆقێنەردا کردنە خەڵووز.

لە ژێر ترس و تۆقاندنی ئەم بۆمبا وێرانکارەدا وڵاتێکی بەرین و خەڵکێکی گەورەیان ملکەچی زۆروێژی خۆیان کردبوو. خەڵکێک کە خاوەن دیرۆکێکی درێژی سەربەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمێکی تۆخ و ئاگرین بوون. ناسیۆنالیزمێک کە لە بەر زۆری داگیرکەر تەسلیم، بەڵام لە بنەوە وەک ئاگری ژێر خوڵەمێش، هەر ئان و ساتێک دەیتوانی بگەشێتەوە و بەگژ داگیرکەردا بچێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو کەسەی کە لە لایان ئامریکاییەکانەوە دەسەڵاتی باشووری کورێای پێ سپێردرابوو، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی ژاپۆن کە بە چنگ و نینۆک خەریکی سازان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی کاولکراویان بوون، جگە لەوە گشت تایبەتمەندییەکانی کەسێکی دیکتاتۆر و پاوانخوازی تێدابوون، ئێدارەیەکی گەندەڵ و ستەمکاری لە کەسانی مشەخور و تاڵانچی پێکهێنابوو و ئەوەی لە پلان و بەرنامەیاندا نەبوو، دامەرزراندنی دەوڵەتێکی مودێڕن، دیموکرات و پارێزەری بەرژەوەندیی خەڵک بوو. بۆیە ”سینگمان ڕی ” و دەوڵەتەکەی بە توندی کەوتبوونە بەر رق و تووڕيیی ئێدارەی ترومان و تەنانەت ئەو هاوکارییانەش کە لە سەرەتاوە دەیانکرد، لێیان وەرگرتەوە و حازر نەبوون بە جدی پشتی بگرن.

بەڵام کاتێک سپای کیم ئیلسونگ سنووری بەزاند و بە نیازی داگیرکاریی گشت وڵاتی کورێا پلانەکانی خستە بواری کردارییەوە، ئامریکایێەکانیش وەرچەرخانێکی سەد و هەشتا دەرەجەییان لە سیاسەت و روانگەیاند کرد و جگە لە یارمەتی سەربازی و ئابووری، گشت توانای دیپلۆماتیک و هێزی سەربازی خوشیان موبیلیزە کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە کە لە بنەڕەتدا بە پلانی ستالین و سۆڤیەتیان دەزانی.

بە پێچەوانی چاوەڕوانی هەموان و لەوانە کیم ئیل سونگ، سپای سۆڤیەت کە بڕبڕەی پشتی سپا و دەوڵەتەکەی کۆرێای باکوور بوون، راستەوخۆ بەشداریی هێرشەکەی کیمیان نەکرد، بەڵکوو هێندێک لە سەربازەکانیان کێشایەوە بۆ ناو سنووری خۆیان و ئەوانەش کە مانەوە، تەنیا لە پشتی بەرەکانەوە رێنوێنی و هاوکارییان دەدایە ئەفسەرانی سپای کیم.
یەکەم هێرشەکان بۆ سپای کورێای باکوور بە باشی نەچوونە پێش، بەڵام بە هۆی ئەوە سپای کورێای باشوور خاوەن کەمترین ئیمکاناتی شەڕ و لەوانە هیچ جۆرە تانگ و زرێپۆشێکی لە ئەختیاردا نەبوو، سپای کیم بە ١٥٠ تانگی (تێ ٣٤) ی روسیاوە درێژەی بە پیشڕەوی خوی دا و لە ذوو حەفتەدا سێئول، پێتەختی دەسەڵاتی باشوورییەکانی داگیر کرد.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە پەلە داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاساییشی کرد و لە یەکەمین ڕۆژی شەڕدا، بە بێ حزووری سۆڤیەت بڕیارێک لە مەحکوومکردن، راوەستانی شەڕ و کشانەوەی هێزەکان بۆ سەر هێڵی ٣٨ دەرەجە دەرکرا. دواتر چەند بڕیاری دیکە بۆ پێکهێنانی هێزێکی ناونەتەوەیی و بەکارهێنانی زۆر لە دژی هێزەکانی کیم ئیل سونگ پەسەند کران. هەڵبەت لەم ڕۆژانەدا سۆڤیەت کە بە بۆنەی وەرگیرانی تایوانەوە وەک ئەندام لە بری چینی ژێر دەسەڵاتی مائۆ، بایکۆتی دانشتنەکانی ئەنجومەنی ئاساییشی کردبوو و ئەمەش دەرفەتێکی گرنگی خستە بەردەستی ئامریکا تا وڵاتانی ئەندام لە قازانجی خۆی کۆکاتەوە. جگە لە ئامریکا چەندین وڵاتی دیکە، لەوانە بریتانیا، کانادا، ئاوسترالیا، فەرانسا، تایلاند، تورکیە و یۆنان بەشداری هێرشکردنە سەر هێزەکانی کورێای باکووریان کرد و تەنانەت وڵاتانی سکاندیناڤیاش لە باری لۆجیستیک و زانیارییەوە چوونە پشتسەر ئامریکاییەکان و هاوکارییان کردن.

سەرەتای دژە هێرشی هێزەکانی یوئێن و ئامریکا سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێنا و سپای کیم ئیل سونگی نەک هەر لە سێئول دەرکرد، بەڵکوو تا نزیک لێوارەکانی پیونگنگیانگ پاشەکشێیان پێ کرد و ئەگەر بیانویستبا پێتەختیشیان داگیر ئەکرد بەڵام بە هۆی هەڵەیەکەوە کە کردیان و زیادە لە حەد لە سنووری چین نزیک بوونەوە، ئێتر رێگایەک جگە لە کاردانەوەیەکی توند بۆ مائۆ تسەتۆنگ نەما و وێڕای بێدەنگی سۆڤیەت و ستالین، گەورەترین چەکی بەردەستی، واتا بوونی هێزی ئینسانی، بە سەرەتاییترین چەکەوە ناردە مەیدان و لێشاوی ٣٠٠ هەزار سەربازی چینی، لە روباری زەرد پەڕینەوە و روویان لە سەنگەری سپای دژمن کرد.

لەم کاتەدا فەرماندەی سپای ئامریکا، ژێنراڵ ماکئارتوور داوای لە تروومان کرد چەکئ ئەتۆم لە دژی سپای چین بە کار ببرێت بەڵام تروومان رەدی کردەوە.

لەم ماوە کورتەدا مائۆ دوو هەیئەت و جارێکیان کەسی دووهەمی دەوڵەتەکەی، واتا جێئوون لای ناردە لای ستالین و داوای هەڵویستی ڕوون و هاوکاریی عەمەلی لێ کرد، بەڵام ستالین بیانووی هێنایەوە و حازر نەبوو بە کردەوە لە هاوپەیمانەکەی لە باکووری کورێا خاوەن دەرکەوێ. بەڵام کاتێک چین تا ملان لە شەڕەکەوە گلا، ئێتر مەجالێک بۆ بیانووی ستالین نەما چوونکە هێشتا مەرەکەبی سەر پەیمانەکەیان وشک نەبووبوەوە کە قەولی پاراستن و پشتگیری یەکترین تێدا مۆر کردبوو…

بەشی پەنجەم،

شەڕی کورێا یان شەڕی دنیا لەو وڵاتە

یەک شەو بەر لەوە هێزەکانی چین بگەنە بەرەی شەڕ، هێزەکانی یۆئێن پیونگیان پێتەختی کورێای باکوریان داگیر کرد و تەقریبەن ئەوەی شوێنی گرنگ بوو لە دەست کیم ئیل سونگیان هێنایە دەر. سپای نۆەد هەزاری کوریای باکوور کە بەرهەمی شەش ساڵ رەنج و ماندوویەتی و شەونخوونی کیم خۆی بوو، تا ئاستی لێکهەڵوەشان رویشت و کیم خوی لە گوندێکی بچکۆڵانەی سەر سنووری چیندا، چاوەڕوانی قەزاوقەدەر، بە دڵپڕییەوە نامەیەکی بۆ ستالین نووسی و داوای فریاکەوتنی عاجلی لێ کرد. هەر لەم شوێنەشدا بوو کە فەرماندەی سپای چین و نوێنەری تایبەتی مائۆ تسەتۆنگ، ژێنراڵ پێنگ دێهوی بینی و پێکەوە بڕیاری بەرپەرچدانەوەی سپای دژمنیان دا.

لەگەڵ تێوەگلانی چین لە شەڕەکەدا، سۆڤیەت کۆتایی بە بایکۆتی دانشتنەکانی یۆئێن هێنا و بە بوونی مافی ڤیتۆ، پێشی پەسەندکرانی بڕیاری دیکەی لە قازانجی ئامریکا لە ئەنجومەنی ئاساییشدا گرت و لە مەیدانی شەڕیشدا سپای سۆڤیەت فڕۆکەکانی ناردنە مەیدانی شەڕ کە وێڕای ناردنی چەک و تەقەمەنی زۆر بۆ سپای چین و کورێا، بۆمبارانی سپای دژمنیان دەست پێکرد. لە ماوەیەکی کورتدا باڵانسی هێز لە قازانجی سپای کیم ئیل سونگ گۆڕا و جارێکی دیکە سێئول و بەشێکی فرەی باشوور کەوتەوە دەستی باکوورییەکان. لەیرەشدا چەندین جار ئامریکاییەکان بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیان تاوتۆێ کرد، بەڵام لە سەری ساق نەبوونەوە و سەرەنجام بە گۆڕینی فەرماندەی گشتی هێزەکانیان و ناردنی هێزی تازەنەفەس، لە بەهاری ١٩٥١توانییان هێزەکانی چین پاشەککشێ پێ بکەنەوە بۆ سەر هێڵی ٣٨ و ئەو شوێنەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕ سنووری نێوان دوو کورێیا بوو.

هێزی هەردووکلا توانای پەلامار و بەلایەکدا خستنی شەڕەکەی نەمابوو، کوشتار و لە دەستچوونی گیانی سەربازانی هەردووکلا و خەڵکی سیڤیل ڕۆژانە کارەساتەکەی قووڵتر ئەکرد و دانشتن و کۆبوونەوەی بێ ئاکام لە پێتەختی چەندین وڵات، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورێا دەبەستران و ئەوەی کە لە دەرەجەی چەندەمینی ئەم دانشتنانەدا دەهاتە بەرباس، بەرژەوەندی خەڵکی کورێا و وڵاتەکەیان بوو. سەرەنجام دوای دوو ساڵ دانشتن و کۆبوونەوەی چەند و چەندین لایەنە، هەموو لایەک گەییشتنە ئەو ئاکامە کە هێڵی ٣٨ دەرەجەی پانی، بکەنەوە سنووری دوو بەشی کورێا و لێکهاتنێک بۆ ڕاوەستانی شەڕ مۆر بکەن. لێکهاتنێک کە نە بە مانای ئاشتی و تەواوبوونی شەڕ، بەڵکوو بە مانای وەستانی کوشتار و لەو ڕۆژەوە بۆمبارانی شار و گوندەکانی ئەم وڵاتە بوو. دیارە لەو کاتەوە تا رۆژگاری ئیستا، ئەو شوێنە پڕمەترسیترین و میلیتاریستیترین سنووری گشت وڵاتانی دنیایە و گرفتی لێکهەڵبڕین و دابەشکرانی یەکێک لە نەتەوە کۆنەکانی دنیا هەر وا هەڵواسراو ماوەتەوە. ئاماری زیانە ئینسانییەکانی شەڕی کورێا، یان راستتر بێژم شەڕی دنیا لە کورێا، بە ٣ میلون کەس مەزەندە دەکرێ کە یەکێک لە کارەساتبارترین شەڕەکانی مێژووی بەشەر و ئاستی زیانە مادییەکانیش لە سنوور بە دەر و لە راسیدا وڵاتێکی وێران بە تەواوی مانای وشە بوو.

لەم ڕۆژانەدا کە زلهێزەکانی دنیا و دەوڵەتە تاوانبارەکانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوین وڵاتانی سووریە و یەمەنیان وەک کورێای سەردەم لێ کردووە و سێبەری شەڕێکی گەورەتر بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە، لە شێوە دوڕگەی کورێا خەریکە ترووسکەی هیوایەک بۆ چارەسەری و ئاشتبوونەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەبینرێ و بڕیارە پیاوە سوورەکەی پێنتاگۆن و پیاوە خڕڵە تووڕەکەی پیونگیانگ یەکتر ببینن و مەیلێکی تازە و دەگمەن دیتراو بۆ چارەسەری دەبینرێ. دیارە دواڕۆژ دەری دەخات کە ئەم ترووسکەی هیوایە بەر لێزمە ڕەشەبای ناو دەروونی دوو پیاوە شێتەکەی پیونگگیانگ و واشینگتۆن ئەکەوێ، یان لە ترووسکەوە ئەبێتە شۆڵەچرایەک و لە شۆڵەشەوە بۆ هەڵگیرسانی گەلێک لامپ و سەرەنجام سنووری دوو وڵات ئەبێتەوە چراخان…
لە بەشی شەشەم و کۆتاییدا دێمە سەر باسی ئەو بەڵایەی کە کیم ئیل سونگ و کوڕەکانی، دوای وەستانی شەڕ بە سەر کورێای باکووریان هێنا و …..

 

دوایین بەش

بەڵام بنەماڵەی کیم:

سەر و بەندی کۆاتایی هاتنی شەڕی کورێا و دیاریکرانی سنووری دوو وڵات لە سەر هێڵی ٣٨ دەرەجە، سنوورێکی دوور و درێژتر، بە ناو دنیادا کێشرابوو کە رۆژهەڵات و رۆژائاوای لێک جیا دەکردنەوە. وڵاتانی ڕۆژهەڵات کە بە بلۆکی سوسیالیستی دەناسران، لە بەستەڵەکانی جەمسەری باکوور، واتا لە سنووری شێوە دوڕگەی سکاندیناڤیەوە تا دەریای ژاپۆن و شێوە دوڕگەی کورێای دەگرتەوە و بە کردەوە دیوارێکی ئاسنین لە نێوان وڵاتان و گەلانی جیهاندا هەڵچنرابوو.

کیم ئیل سونگ کە لە سایەی دوو هاوپەیمان، هاوسێ هاوبیریەوە بەقودرەتیەوە لە لێواری ڕووخان خەلاسی ببوو، دەستی کرد بە تەعمیر و سازکردنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی و بنەمای سیستەمێکی دامەزراند کە نە ئەوکات و نە ئیستاش نموونەی لە دنیادا نەبوو. سیستەمێک کە نەک ئەبوا کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵە، خێڵ و فێئوداڵیزم بێنێ، بەڵکوو یەکسانی و پێشکەوتن بۆ کۆمەڵگە بە دیاری بێنێ. بەڵام لە قاڵبی دەوڵەتی دیموکراتیکی گەلدا، گشت ئەو توخمانەی ناویان هات بووژاندەوە و حەفتا ساڵی رەبەقیشەە ( لە ١٩٤٨- ٢٠١٨) درێژەی هەیە. کیم وەک گشت هاوشێوەکانی کە دوای شەڕی دووهەم گەییشتنە دەسەڵات، ( ئەنوەر خوجە، تیتۆ، چاوشیسکۆ و…) لە سەرەتاوە خۆی بە کومونیست و مارکسیست – لێنینیست پێناسە دەکرد، بەڵام دوای پتەوکردنی جێ پێ خوی لە ناو سنوورەکانی وڵاتەکەیدا، رۆژی ٢٨ ی دێسەمبەری ١٩٥٥، ئیدێئۆلۆژی تایبەتی خۆی، بە ناوی ” جووشە ” بۆ جەماوەر راگەیاند و وتی لەمەولا وڵات لە سەر بنەمای ئەم روانگەیە دەچێتە پێش. دواتر بۆ شیکردنەوەی ئەم روانگە تازەی خوی، گشت مێدیا و دەمودەستگا حکوومەتییەکانی خستەکار و ناوەرۆکی ئەم روانگەیەشی بە مانای سەربەخۆیی، خودکەفایی، لە سەر پێ خوتەوە ڕاوەستان، یان شتێکی لەم چوارچێوەیەدا بە خەڵک ناساند.

ساڵی کۆتایی هاتنی شەڕی کورێا، ساڵی کۆتایی تەمەنی ستالین، رێبەر و بڕیاردەی دنیای کومونیستی ئەودەمیش بوو. بۆیە سۆڤیەت و ڕێبەرانی گرفتارتر لەوە بوون تا گوێ بە لادان و وەرچەرخانەکانی کیم ئیل سونگ بدەن و بە پەلامرێک لە سەر تاج و تەخت فڕێ بدەنە خوارەوە. ڕۆژی ٥ ی مارسی ١٩٥٣ ستالین رێبەری سۆڤیەت و گشت دنیای کۆمۆنیستی، لە ناو تەختی خەوەکەی خۆیدا مرد و وڵاتێکی گەورە و کاریگەری بێ جێنشین و بڕیاردەرێکی دیار لە دوای خۆی بەجێ هێشت.

ئەو پێنج شەش کەسەی ناو ڕێبەری شوورەوی کە بە دەورەیەوە مابوون و دەسەڵاتی سۆڤیەتیان لە دەستدا بوو، کەوتنە رەقابەتێکی دژوارەوە بۆ دەرپەڕاندنی یەکتر و گۆمەڵغەزایەک دەستی پێکرد کەس ئاگای لە کەس نەبوو. لە دەرەوەی سۆڤیەتدا، لاڤێرەنتی بێریا، سەرۆکی کا- گێ- بێ و مۆلۆتۆف وەزیری دەرەوەی سەردەمی شەڕ، وەک جێ نشینی ئێحتماڵی ستالین باس دەکران. بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا کێشەکە لەوە گەورەتر بوو کە لە دوورەوە دەبینرا. سەرەنجام دوو ساڵی برد تا بە ڕوونی دەرکەوێت کە کێ رێبەر و بڕیاردەری راستەقینەی وڵاتی شۆراکانە. مۆلۆتۆف و خرۆشچۆف لە بەرەیەکدا بوونە هاوپەیمان، مالێنکۆف و بریاش لە بەرەیەکدا خۆیان بینییەوە. دیارە ئەوانی دیکەش دابەش ببوون لە نێوان ئەم دوو باڵەدا و سەرەنجام بە گرتن و ئێعدامکرانی لاڤێرەنتی بێریا و دواتر گرتن و دوورخستنەوەی گورکی مالێنکۆف لە گشت پۆستێک، دەسەڵات کەوتە دەست نیکیتا خرۆشچۆف و لە یەکەم کۆنگرەی دوای مەرگی ستالین دا، کە رۆژی ٢٠/٢/١٩٥٦ دا بەسترا، هێرشی توندی کردە سەر ستالین و باسی کۆمەڵێک تاوانی کرد تا ئەوکات کەس نەیوێرابوو لە خەون و خیاڵێشدا بیاندرکێنێ.: ستالین مرۆڤێکی زۆر گومناوی بوو، گوماناوی تا ئاستی پیاوێکی نەخوش. لە تێکڕا ١٩٦٦ کەسە کە بەشداری کۆنگرەی حیزبی ١٩٣٤ بوون، ١١٠٨ کەسیان گیران، ئەشکەنجە کران و دواتر ئێعدام کران. هەروەها لەو ١٣٩ کەسەی کە لە هەمان کۆنگرەدا بۆ کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردران، ٩٨ کەسیان تووشی هەمان چارەنووس هاتن. ئەم وەزعە لە ناو ئوردووی سووریشدا عەینی شت و بگرە خراپتر بوو.
ئەم ڕاپۆرت و شێوە ئاخافتنە بێسابێقەیە سەرەتا بەشدارانی کۆنگرە و دواتریش کە تێکڕای باسەکە دزەی پێ کرایە دەرەوەی سۆڤیەت، گشت دنیای شۆک و تووشی سەرسووڕمان کرد.

ئەم وەزعە تایبەتەی ناو سۆڤیەت تەنیا کەسانی کەمبایەخی وەک کیم ئیل سونگ و ئەنوەر خوجەی ئاڵبانی لە سۆڤیەت نەتۆراند، بەڵکوو وڵاتی گەورە و هاوپەیمانی چینیشی ناچار کرد تا رێگای خوی لە سۆڤیەت جیا بکاتەوە، راستەوخۆ ئەم کارەی خرۆشچۆف بە رێڤیزیسیون ( لادان) و پشتکردن لە بنەماکانی مارسیسزم ناو ببات و هەنگاو بە هەنگاو لە دۆستایەتی گەورەرین هاوپەیمانی خوی دوور بکەوێتەوە. سیاسەتێک کە گەورترین قازانجی بە بەرەی کاپیتالیستی گەیاند.

وەک یەکەم هەنگاو دوای دانانی تێئوری ”جوشە”، کیم کەوتە ئیمتیاز بەخشین بە ئەندامانی بنەماڵەی و لە سەرەتاوە نازناوی دایکی نیشتمانی بەخشییە دایکی خۆی، خانمی کانگ- پانگ- سوک. پاشآن براکەی وەک قارەمانی شۆڕش، یەکەم هاوسەری واتا خانمی کیم – ژونگ –سووک، وەک دایکی شۆڕش و ناوی ” سەرۆکی مەزنی ” شی بۆ خوی هەڵبژارد. پاش ماوەیک خوشک و براکانی هەرکامە پۆست و ناوێکی نایابیان بەرکەوت و لەوانە کچە گەورەکەی، خانمی کیم – کیو- هوی، بوو بە یەکەم ژنی ژێنراڵی چوار ئەستێرەی کورێا.

ساڵی ١٩٧٢ بە فەرمانی سەرۆکی مەزن چەند گۆڕانی سەیر لە وڵاتدا ئەنجام دران بۆ نموونە:

ساڵی ١٩١٢ وەک سەرەتا و دەستپێکردنی ژیانی نوێ لە کورێا دیاری کرا کە ساڵی لە دایکبوونی کیم ئیل سونگە. واتا کاتێک رووداوێک لە ساڵێکدا حیساب ئەکرێ، ١٩١٢ ئەبێتە ساڵی ١ و بەو پێیە ئیستا ئەبێتە ساڵی ١٠٦ ی کوریایی!

ئیدێئۆلۆژی ”جوشە” جێگای یاسای بنەڕەتی وڵاتی گرتەوە و لەو دەمەوە تا ئیستا کورێای باکوور بەپێ ئەو یاسایە بەڕێوە دەچێت.
ئەرتەش لە سەرەوەی هەموو شتێکدا دانرا و دەسەڵات و ئیمکاناتی تایبەتی بۆ دیاری کرا.

بە پێچەوانەی ئیدەعا کە بنەمای دەوڵەت عەداڵەت و یەکسانی دانراوە، ئەم سیستەمە گشت هاسانکارییەکی کردبوو تا بنەماڵەی کیم، لە سەر تەختی سەلتەنەت دانیشن و دوای سەرۆکی مەزن، یەکێک لە کوڕەکانی ببێتە ڕێبەر. بۆیە کاتێک کیم ئیل سونگ، رۆژی ٨ جوولای ١٩٩٤ بە هۆی راوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، کیم – جۆنگ- ئیل، یەکێک لە کوڕەکانی جێگای گرتەوە و ناوی ” رێبەری خوشەویست ” ی بۆ هەڵبژێردرا. رێبەری خوشەویستیش وەک باوکی رێگای خۆبەرزکردنەوە و خەڵک لە قوڕچەقاندنی گرتە بەر و ئەوەی باوکی بۆی نەکرابوو، لە سەرکوت و داپڵۆسینی نەیارانەوە بگرە تا داخستنی گشت دەرگاکان بە ڕوی خەڵکی وڵاتدا کردی و سەرەنجام چوار ساڵ دوای مردنی، بە بڕیارێکی حیزبی، باوکی، واتا کیم ئیکل سونگی کردە سەرۆکی هەتاهەتایی وڵات و ئیستاش سەرۆکی رەسمی کورێای باکوور، کیم ئیل سونگە کە تۆزێک فرەتر لە ٢٤ ساڵ بە سەر مردنیدا تێدەپەڕی!
کیم جون ئیل هێندێک هەوڵی بێ ئاکامی بۆ کردنەوەی جۆرێک دیالۆگ لەگەڵ کورێای باشوور دا و چەندین هەنگاویش چوویە پێش، بەڵام دواتر گشت هەوڵەکان شکستیان هێنا و لە بەرانبەردا پرۆژەی بە ئەتۆمیکردنی وڵات، وەک گارانتییەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خوی کردە ستراتێژی دەوڵەتکەی. ستراتێژییەک کە گەییشتە ئاکامی دڵخواز. ئاکامێک ئیستا کوڕەزا و جێگرەوەکەی، بە هەبوونی ئامرازێکی وا گرنگەوە، لە ئاست و پۆسیسیونێکی باشترەوە دانوساندن لەگەڵ هەمبەرەکانیدا بکات. کیم ژون ئیل هاوکات لەگەڵ پێشخستنی ئەم ستراتێژییە، لە رێگای مێدیا و گشت ئامرازەکانی پەروەردەوە کە لە بەر دەستیدا بوون، ئەوەی بە عەقڵی مرۆڤی عاقڵ ناموکین دێتە بەرچاو، بۆ توانا و پیرۆزکردنی خۆی درێغی نەکرد ئەم رەوەندە ئیستاش بە توندی بەردەوامە. بۆ نموونە لە مەدرەسە و مێدیاکانی کورێای باکوورەوە ئەوترێ کە زۆربەی ئەو کتێبانەی بە ناوی مارکس و لێنینەوە بڵاو بوونەتەوە، کاری سەرۆکی خوشيویستە. زۆربەی فیلمە دیارەکانی دنیا ئیدەی سەرۆکی خوشيویستە و گەورەترین شاعێرانی دنیاش کە شێعرێکیان بۆ نووسین هەیە، لە سەرۆکی خوشيویستەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. تەنانەت ئەوترێ کە کیم جون ئیل باشترین گوڵفزانی دنیایە…..

سەرەنجام رۆژی ١٧/١٢/ ٢٠١١ کیم جون ئیل مرد و دوای چەند ڕۆژ کیم جون ئون، یەکێک لە کوڕەکانی وەک جێگرەوە دیاری کرا. کیم جون ئون نادیارترین کوڕی کیم جون ئیل بوو و تا ئەو کاتەی کە هاتە بەر کامێرا و وەک رێبەر دیاری کرا، کەس لە دەرەوەی کورێا ناوێکی لێ نەبیستبوو. بەڵام دەستگای سەرکوت و بڕیار لەو وڵاتە لە سەر کوڕەکانی دیکەی ساخ نەبوونەوە و هەرکامەیان بە هۆیەک نەگونج دەهاتە بەرچاو.

کیم جون ئون مەڕمووزترین و سەیر و سەمەرەترین کەسی ناو بنەماڵەی کیمە. یەکەم کارێک کە دوای گەییشتنە دەسەڵات کردی لابرندی پەیکەرەکانی مارکس و ڵینین، لە مەیدانی گەورەی پێتەخت بوو لە ساڵی ٢٠١٢ دا. بەم کارەی هەنگاوەکانی باوک و باپیری تەکمیل کرد کە لە بری مارکسیزم، ”جووشە” واتا ئیدێئۆلۆژی رەسمی وڵاتی تازە کردەوە و بوونی پەیکەری ئەم پیاوە بیانیانە لە وڵاتی ئەودا هیچ مانایەکیان نەماوە. دیسان بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی تەواوی خوی، مێردی یەکێک لە پوورەکانی، یان – سان تاک کە تەواوی تەمەنی نۆکەر و خزمەتکاری بنەماڵەیان بوو و لە دەرەوەی کورێاش وەک کەسی دووهەمی دەسەڵات دەناسرا، گرت و بە تاوانی خیانەت، لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئێعدامی کرد.

کیم – جون- ئون- یش وەک ئەوانەی پێش خوی دەرگای دیالۆگ و سازانی بەڕوی دنیادا داخست، سەرکوتی ناوخۆیی درێژە دا و زیاتر لە ئەوانەی پێش خوشی هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی ئامریکا و ئەوانەی لەگەڵی هاوپەیمانن کردە سەرلۆحەی سیاسەتەکانی. چەند مانگ پێش ئیستا، واتا سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، کێشەی کورێا و هەڵویستی دەوڵەتی ئامریکا لە بەرانبەریدا، وەک گەورەترین مەترسی لە سەر ئاشتی جیهانی حیساب دەکرا. کیم هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە دوگمەی چەکە ئەتۆمیاکانی لە سەر میزی کارەکەیەتی. دوناڵد ترامپ، سرۆکی ئامریکاش لە وڵامدا دیوت دوگمەکەی من لە هی کیم گەورەترە و هەڕەشە بە هەڕەشەی گەورەتر وەڵام ئەدرایەوە.

بەڵام کوتوپڕ و بە پێچەوانەی پێشبینی گشت شارەزایانی بوارەکە، سەردەمی یارییەکانی ئۆلەمپیکی ئەمساڵ کە لە کورێای باشووردا بە ڕێوەچوون، وەرچەرخانێکی گەورەی لەم گرێ و کێشە ئاڵۆزەدا هێنایە کایەوە. خوشکی کیم جون ئون و هەیئەتێک، بە بیانووی سەرپەرەستی یاریزانانی وڵاتەکەیان روویشتنە کورێای باشوور و دیداری رەسمییان لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەدا ئەنجام دا. لەو ڕۆژەوە تا ئیستا هەواڵی باش و دڵخوشکەر لەم بارەوە دەگەن و دوایین هەواڵ سەردانی وەزیری دەرەوەی ئامریکایە بۆ کورێای باکوور و ئازادبوونی سێ زیندانی ئامریکایی لەو وڵاتە. بڕیارە بەم زوانە دوناڵد ترامپ و کیم ژون ئوون یەکتر ببینن و کێشەی ئەسڵی نێوانیان بێننە بەرباس. گەلێک سیگناڵ و سەرەداو ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئاسۆی چارەسەربوونی یەکێک لە گرفتە کۆنە و گەورەکانی دنیا روونە، لانیکەم لە هەموو کات و سەردەمێکی دیکە روونترە.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە گەلێک سەرچاوەم بە کارهێناوە کە گرنگترینیان دوای حافێزە و خوێندنەوەی پێشتری خوم بریتین لە:

1 krigen under kalla kriget S 74-99

2 Stalin , Den röde tsaren och hans hov Simon Sebag S 602-623

3 Mao Den sanna historien / Jung Chan Jon Halliday/ översätning av Ulf Gellinehag

4 Allt om vetenskap Historia, 9-2017 S 14-21

 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کرتە بکەلەسەر ئەو لینکەی خوارەوە:

بەڵای بنەماڵە، حەفتا ساڵ ستەمی ماڵباتی ”کیم ”

About حاته‌م مه‌نبه‌ری

وەڵامێک بنووسە