تیرۆریزمی بەریتانیی و زەیتوونی کوردیی

ڕێبوار ڕەشید

ئەو وشانەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا “تێرێسا مەی” لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥/٥ لە پرێس کۆنفەرانسێکدا ،کە لەگەڵ ئەردۆگان هەیبوو، بەیانی کرد هەر لە گوێمدا دەزرنگێنەوە. مەی بە لووتبەرزیەکی دەسەڵاتپەرستییەوە دەڵێت ″ئەوە گرینگە کە لە سەنگەری پاراستنی دیموکراسییدا، لە سەرئەنجامی کودەتا ناسەرکەوتووەکەدا کە ڕووبەڕووی فشاری زۆر گەورە بووەتەوە، ناسەقامگیرییەکانی سەر سنوور ڕووبەڕووی سووریا و هەروەهاش تیرۆریزمی کوردیی، تورکیا سەرنجی لە سەر ئەو بەهایانە نەترازێت کە دەخوازێت بیانپارێزێت‟.

من دەپرسم ″ناسەقامگیرییەکانی سەر سنوور ڕووبەڕووی سووریا و هەروەهاش تیرۆریزمی کوردیی‟ دەبێت چ مانایەکیان بۆ خانم مەی هەبێت؟

شۆڕشی ئەمەریکا دژ بە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا نزیکەی ١٨ ساڵی خایاند. لە ناو ئەو ساڵانەدا و هەتا کۆتایی ساڵی ١٧٨٣ ئەمەریکاییەکان ئەوەندە زرنگ بوون کە هەموو دەروازە سنووریەکانیان لە سەر بەریتانیا داخست تا بەریتانیا نەتوانێت ″سپایەک لە تاوانباران‟ ی بەریتانیا بۆ شەڕ دژی ئەمەریکا بنێرێت. بەڵام ئەو دەم بەریتانیەکان تازە هەر سپایەکیان لە تاوانبارانی خۆیان ساز دابوو کە نزیکەی دوو سەد هەزار دەبوو. ئەم خەڵکانە تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام دابوو و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە داڕزابوون. کاتێک بەریتانیا نەیتوانی بۆ شەڕ دژی ئەمەریکاییەکان بیاننێرێت، لە جیاتی ئەوە ساڵی ١٧٨٨ بڕیاری دا کە خەڵکانی رەسەنی سێ دوورگەی ئوسترالیا و تاسمانیا و نیوزییلاند بەم سپا تاوانبارە بۆمباران بکات.

بەریتانیاکان لە هۆنینەوە و بە تۆڕکردنی تاوانی جودادا وەستا بوون و توانیان بە بەردێک لە باڵندەیەک زیاتر بکوژن. لە ناو ئەم سپا تاوانبارەدا ،کەسانێکی تێدا بوو کە ئەندامی بزووتنەوەی سەربەخۆیی ئیرلەند، بوون یان پشتگیرییان دەکرد و بە زۆرەملێ ئەوانیشیان لە پاپۆڕەکان دەهاویشت و  وەک بەشێک لە سپا تاوانبارەکە دەیانناردن بۆ داگیرکردن و دەیانکردن بە بەشێک لە ماشینی کوشتن و هاوکاتیش بە کوشتیشیان دەدان یان هەر لەو دۆخە دژوارەدا خۆیان زوو یان درەنگ دەمردن.

یەکێک لەو کەسانە “جۆن ئؤ رەیڵی” بوو کە رەنگە ئەندامی رێکخراوەی برایەتیی کۆماریی ئیرلەندیی یاخود پشتیوانی خەباتی ئیرلەندیەکان بوو بێت. ئەو توانی خۆی ڕزگار بکات و لە زیندان هەڵبێت و تەنانەت خۆیشی بگەیەنیەتە ئەمەریکا. جۆن ئؤ رەیڵی ئازاد لە ئەمەریکا بوو بە یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی سەردەم و ژیانی خۆی بۆ خزمەت بە مافەکانی مرۆڤ تەرخان کرد.

تەنیا خوداوەندەکان دەزانن کۆلۆنیالیستە بەریتانییەکان چ بەڵایەکیان بە سەر گەلانی ڕەسەنی ئوسترالیا، تاسمانیا، نیوزیللاند، ئەفریقا و ئاسیا و شوێنی دیکە هێناوە. کۆلۆنیالیستە بەریتانییەکان درێغیان لە کوشتن و بڕین، تەجاوەز، ڕاگوێزان و دوورخستنەوە و بڕینی ئەندامی جەستە و دوورخستنەوە و زیندانیکرن و هەڵاواردن و هتاد. نەکردووە. هەموو شتێکیان دژی ئەم خەڵکانە کردووە کە ویژدانی مرۆڤێکی ئاسایی هەرگیز قبوڵی ناکات.

کۆلۆنیالیستە بەریتانییەکان ژیانی ملوێنەها لە خەڵکیان شێواندووە. بەشێکی سەرەکی سامان و مایەی نەتەوەییان لە سەرئەنجامی دزیی و تاڵانیی و ڕەتاندنەوە و دادۆشینی سامان و موڵک و ماڵی خەڵکی ئەملاولای جیهان کۆ کردووەتەوە. زەحمەتە وشەیەک بۆ وەسفکردنی جۆرێکی وا لە تاوان دژ بە مرۆڤایەتیی هەبێت.

بێ لە هەموو ئەم تاوانانە کە لە سەرئەنجامی داگیرکەریی ئەنجام دراون، بەریتانیەکان هەر لە پاش شۆڕشی پیشەسازییەوە، بە بەردەوامیی چەک و تەقەمەنیی کوشندە و لە رووی نێونەتەوەییەوە قەدەخەکراو و هەروەها زانیاری سەربازیییان بە دەوڵەتگەلی دیکتاتۆر و تۆتالیتار و فاشیست و بە قاچاخچیانی چەک فرۆشتووە. قسەی تێدا نییە کە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ئوروپایی هەروەها فەڕەنسا، ئەڵمان، پورتوگال، ئیسپانیا و ئیتاڵیا و هی دیکەش دەگرێتەوە، بەڵام بەریتانیا وەستا و کارزانی کۆلۆنیالیزم و تیرۆریزمە.

کاتێک خانم مەی جیهان دڵنییا دەکاتەوە کە تورکیا ″هاوڕێی ڕاستەقینەی‟ بەریتانیایە ئەوا هیچ دژگۆییەکی تێدا نییە، چون تاوانکاریی تورکەکان بەرامبەر بە کورد و بە گەلانی دیکەی ناوچەکە، هاوکاریی تورکیا بۆ داعش و جەبهەئەلنوسرا و فیرقەی سوڵتان موراد و دەیانی دیکە لە گروپگەلی موسڵمانی رادیکال، راستەوخۆ سووتاندنی بەغداد لە ساڵی ١٢٥٨ لەلایەن تورکە مەغۆلەکانەوە وەبیر دەهێنێتەوە. دروستە کە هاوڕێیانی راستەقینە، خاڵی هاوبەشیان فرەیە.

لەبەر ئەوە ″ناسەقامگیرییەکانی سەر سنوور ڕووبەڕووی سووریا‟ ڕستەیەکی سەیرە. ئەوە تورکیا و ئێرانن کە وەکوو دوو دەوڵەتی تیرۆریست بێ سڵ‌کردنەوە، دەستیان لە کاروباری سووریا وەرداوە. تورکیا تەنیا دەوڵەتێکە کە تەواوی سنووری خۆی ڕووبەڕووی سووریا بۆ چەتەی جۆراوجۆری ئیسلامیی هەر لە چینەوە تاوەکوو مەراکیش خستووەتە سەر پشت و هەموو  هاسانکارییەکیان بۆ دەکات کە لە ڕیگەی تورکیاوە بگەنە سووریا.

هاوڕێیانی راستەقینە هەروەها دەتوانن لە بازرگانییشدا پێکەوە بن. بۆ نموونە ″کڵاو سپییەکان White Helmets ‟ کە دیارە شیرکەتێکی هاوبەشی ئەردۆگان-بەریتانیا یە، هەمیشە جێپێیان لە دوای هەموو هێرشێکی کیمیایی لە سووریا دوزراوەتەوە. هۆگەلی باش هەبوون لە پشت ئەو بڕیارەی ئەمەریکاوە کە هاوکاریی ئابووریی بۆ ″کڵاو سپییەکان‟ و ئەوانەی دیکە کە گوایا ئیسلامیی میانڕەون، بووەستێنێت.

ئەوەیش هەر جێگای تێگەیشتنە کە کاتێک بەریتانیا یەکیەتیی ئوروپا جێدەهێڵێت، پێویستیی بە پارەی دیکتاتۆرانە و بە دڵنییایەوە سڵ لە بەکارهێنانی میتۆدی ″ئامانج ڕەوایەتیی بە ڕێباز دەدات‟ ناکاتەوە. ئەمە تێماندەگەیەنێت کە بۆچی بەڕێز مەهاتما گاندی بەریتانیای بە ئەڵمانیای نازی دەچوواند. لای گاندی بەڕبەڕیەتیی و بێ‌ڕەووشتیی نامرۆڤایەتیانەی ئیمپراتۆری بەریتانیا خاڵی بنچینەیی بوو.

″هاوڕێ ڕاستەقینەکەی‟ سەرۆکوەزیر خانم مەی، بە بەرچاوی جیهانەوە شاری عەفرینی کوردی داگیر و تاڵان کرد. ئەردۆگانێک کە هێندە بێ شەرمە تەنانەت دەرسی ڕەووشتیی بە بەڕێز پاپ ـیش دەڵێتەوە، خۆی و سەربازەکانی ڕۆژووی ڕەمەزانی موسڵمانبوونی خۆیان بە خۆراکی دزراوی کورد، بەتایبەتیی بە زەیتوونەکەی کە نموونەیەکی نایابی زەیتوونی دونیایە، دەشکێنن.

کەوایە مرۆڤێکی ئاسایی تێ دەگات کە مەبەستی خانم مەی لە ″تیرۆریمی کوردیی‟ چییە. هەروەکوو کاک عەلی هاس کە پارێزەر و کارزانێکی بواری تیرۆریزمە، و چەندین کوردی دیکە گوتوویانە و روونیان کردووەتەوە، ئەوەیە کە تیرۆریزم تێرمێکی تایبەت بۆ خەسڵەتێکی ئەتنیکی نییە و ″نابێت وەکوو خەسڵەتی ئەتنیکێکی تایبەت بەکار بهێنرێت‟.  بەڵام خانم مەی زانیاریی زۆر لەوە زیاتر هەیە کە پێناسە جۆراوجۆر و فرەکانی تیرۆریزم تێنەگەیشتبێت و پێویستی بەوە نییە ئەوەی وەبیربهێنرێتەوە کە تیرۆریزم ″نابێت وەکوو خەسڵەتی ئەتنیکێکی تایبەت بەکار بهێنرێت‟، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیەکە دەبێت ئەو زیهنیەتە دڕندەییە نەخۆشەی وەبیربهێنرێتەوە کە خۆی نوێنەرایەتیی دەکات.

شتێکی سەیر نییە کاتێک گرووپگەلی کۆنەپەرستی ئیسلامیی جیاواز، نەک هەر تەنیا رادیکالە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، لە سەرانسەری جیهان دژایەتی “خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان” دەکەن، چون بزووتنەوەیەکە هاوشانی خەباتە نەتەوەییە ئازادیخوازییەکە هەروەها بۆ سیکۆلاریزم، پلورالیزم، هاوشانیی جێندەریی و دادوەریی کۆمەڵایەتیی، تێ دەکۆشیت. پرسیارەکە ئەوەیە کە چ جۆرە تیۆریەک بۆ تێگەیشتن لە دیدی حکومەتی بەریتانیا بەرامبەر بە خەباتێکی وا ئازادیخوازیی بەکاربهێنرێت، خەباتێکی وا ئازادیخوازیی کە لانی کەم لە ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ وە داوای چارەسەرێکی ئاشتیانە و دیموکراتیک و ناوبژیی نێونەتەوەیی دەکات؟

ئەوە فاکتێکە کە هیچ نەتەوەیەکی دیکە لەم جیهانەدا هێندەی کورد بە ملوێنەها کیلۆمەتر ڕێپیوانی ئاشتیانەی لە نزیکەی هەموو  پایتەختەکانی جیهان و بە شەو و ڕۆژ ئەنجام نەداوە کە تیایاندا داوای چارەسەری ئاشتیانە و هاوپشتیی نێونەتەوەیی دەکات.

هەموو چاوەکان ئێستا لە سەر ملوێنەها لە مرۆڤی بەریتانیایی مرۆڤدۆست و سەرراست، لە ڕۆشنبیران و نووسەران و فێمێنیستگەل و هەموو دیموکراتەکانی بەریتانیایە کە وەڵام بەو دەربڕینە پۆپۆلیستیەی خانم مەی بە تاوانبارکردنی کورد بدەنەوە کە دیدێکی نیوکۆنسەرڤاتیڤ و نیوکۆلۆنیالیستیە. هەر پاش ئەو ئاخافتنەی خانم مەی لە گەلێک شوێنی ئوروپا، بۆ نموونە لە لەندەن موسلمانە توندڕەو و تیرۆریستەکان هێرش دەبەنە سەر خەڵکانی کورد تەنیا لەبەرئەوەی کوردن، و بەتایبەتیش لەبەرئەوەی کە گوایا پێڕەو لە ئسیلام ناکەن. هێرشبەرەکان موسڵمانی ڕادیکالن و لە بانگ و هاواریاندا ستایشی ئەردۆگان دەکەن و سپاسی سیاسەتی ئەردۆگان دەکەن کە دژ بە سامیی، بە خۆرئاوایی، بە سێکۆلاریزم و بە ژنانی ئازادە.

ئەو ″هاوڕێ ڕاستەقینەیە‟ ی خانم مەی زەبرپەرست و شەڕانگێزە، تا ئەوڕۆش شانازیی بە جێنۆسایدی ئەرمەنیی و بە کوشتنوبڕینی خەڵکی کورد و ئاسوور و لایەنە نا- موسڵمانەکانی ناوچەکەوە دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٢ ـوە ئەردۆگان بناخەی دەوڵەتێکی ئیسلامیی توندڕەو دادەڕێژێت و ئەم پێنج ساڵەی دوایی دەبینین کە خەسڵەتی ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە کامەیە. تورکیا لە ئێستادا بۆ هەموو ئەوانەی ناتوانن لە سندوقە ئایدیۆلۆژیەکەی ئەردۆگاندا بن، زیاتر لە زیندانێک نییە.

کاتێک کە خانم مەی ئاڵای ″ئەرکی نەتەوەیەک‟ -ی کیپلینگ ڕادەوەشێنێت، ئەوا پێویستە ڕووەکەی دیکەی بەریتانیا، ئەو ڕووەی بڕووای بە دیموکراتیی و خوشکوبرایەتیی گەلانە بێنە پێش و ئاڵای هاوپشتیەتیی و هاوڕێیەتیی لەگەڵ چەوساوەکان و داگیرکراوەکاندا ڕابووەشێنن. هەروەها چاوەڕووان دەکرێت کە پارتی کۆنسەرڤاتیڤ بە ڕەسمیی داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات.

بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بە دڵنییاییەوە هەر سەر دەکەوێت و کورد مافگەلی نەتەوەیی و چینایەتیی خۆی وەدەست دەهێنێت چون بە سەدان هەزار لە کچان و کوڕانی سەربڵندی کورد هەن کە بێووچان خەبات بۆ بەدی هاتنی ئەو ئاواتە دەکەن.

٢٦/٥/٢٠١٨

تێبینیی: ئەمە وەرگێڕانی وتارەکەیە (British Colonializm and Kurdish Olives) بە ئینگلیزیی.

About رێبوار ره‌شید

وەڵامێک بنووسە