سیمبولەکانی ناسیۆنالیزمی فارس

شاسوار هەرشەمی

کاتێک کە گوێ لە ناسیۆنالیستانی فارس دەگرین، توخم و سیمبولە مێژوییەکانی شانازیان، دەکرێنە دووبەش.

یەکەمیان بریتین لە سەردەمە مێژوییە دوورەکانی پێش دەرکەوتنی گەلانی هاوچەرخی ناوچە. واتا پێش دەرکەوتنی خودی فارس، هەروەها کورد، بەلوچ، گیلەک و… دیارە ئەمان لەناو ئەمانەدا، هەندێک ناو و وێستگایان بڵند کردۆتەوە، کە مێژو زانیاری تا ڕادەیەک زۆری لەسەر تۆمار کردوون. وەک کۆرش و دارای یەکەم. بێگومان ئەو دوانە زۆر پێش دەرکەوتنی گەل و زمانێک بەناوی فارس، یان دەرکەوتنی کورد و گەلانی دی ناوچەکە، دەستەڵاتڕانیان لەو ناوچانەدا کردووە کە فارس و کورد و گەلانی دی لێدەژی.

واتا ئەگەر کوردان، لەجیاتی فارس، خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئێران بان، بێگومان هەردوو کۆرش و دارا، دەبوونە سیمبولی ناسیۆنالیزمی کوردیی، چونکە لانی کەم، هەردووکیان لە کوردستانی ئێستا، یان ڕۆژئاوای ئێرانەوە هاتوونەتە ناو مەیدانی بەرینی مێژووەوە.

دووەمیشیان، بریتین لەو ئێلیتە نوسەرانەی، کە لە سەدەکانی ناوەڕاست سەریان دەرهێناوە و بە زمانی فارسیی کلاسیک، بەرهەمی نایابیان بەجێهێشتووە. لە ڕاستیدا بوون و مانی زمانی فارسیی، قەرزداری ئەوانەیە، وەک فیردەوسیی، حافزی شیرازیی، سەعدی شیرازیی، عومەری خەیام، نیزامی گەنجەوی و چەند دانەیەکی دیش.

زۆر کەس نازانن و زۆری دیش دەیزانن، بەڵام کە دەکەونە ناو گەنگژەی سیاسەتەوە، نایەتەوە بیریان، کە ئەم کەڵە نوسەرانە، نەک هەر پێش پەیدا بوونی ناسیۆنالیزمی فارسیی دەرکەوتوون، بەڵکو بە گوێرەی پێناسە و توخمە باوە ناسراوەکانی ناسیۆنالیزمی فارسیی ئەمڕۆ بێت، ئەوان لەو ناوەندە، توڕ هەڵدەدرێنە دەرەوەش.

هەموو ئەو نوسەرانە، سەر بە مەزهەبی سوننە بوون. لانی کەم حافز و سەعدی، وەک زۆرینەی کوردانی سوننەی ئێستا، سەر بە ڕێچکەی شافیعیش بوون. تەنانەت گومانی کورد بوونی حافزیش هەیە. ژمارەیەک موتیڤی کوردیش لەو شیعرانەی ماون، کە دەستکاری نەکراون، یان بە کەمێ دەستکاریی ماونەتەوە. هەروەک هەردووکیشیان سەر بە ڕێبازە سۆفیگەراییەکان بوون. خۆ نیزامی گەنجەوی، لە دایکەوە کورد بووە و لە باوکیشەوە، ئازەری. مەزهەبیشی هەمان سوننەی شافیعی بووە. ئەگەر حافز و سەعدی و نیزام، ناوەکانیان ئاسایی دێنە بەرچاو، بەڵام (عومەر)ی خەیام، ناوەکەیشی داخی بە ناسیۆنالیزمی فارسییەوە ناوە، چونکە ئەوان بە ناوی عومەر، هێدم دەیانگرێت و ناسیۆنالیزمە دینیەکەیان، لە دەوری جوێن بە عومەردان کۆکردۆتەوە، بۆیەشە هەمیشە هەر بە خەیامی ڕووت ناوی دێنن.

هەندێک لە نوسەرانی کورد، وەک پەرچەکردار، لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمی فاشیستانەی فارسیی، یان پان ئیرانیزمیی بە فارسییزم ئاودراو، پەلاماری ئەو ناوە سیمبولیانەی سەرەوە دەدەن، کە هیچیان ناچنە قالبی بێ غەلل و غەشی ناسیۆنالیزمی فارسیەوە.

سود وەرگرتن لە مێژو، تایبەتمەندی ناسیۆنالیزمی فارسیی نیە. ناسیۆنالیزم، لە هەر کوێیەک سەری دەرهێنابێت، بۆ مێژوی تاریکی دواوە گەڕاوەتەوە، تا سیمبولەکانی خۆی پێ بنەخشێنێت. واتا خەتای ئەو نوسەرانە نیە، کە ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی فاشیستی فارسیی، سودی خراپ لە ناوەکانیان وەردەگرێت. نازیەکان سودیان لە دەرکەوتنی وشەی هیندی-سانسکریتی (ئاری) وەرگرت و کردیانە سیمبولی بیری فاشیانەی خۆیان. ناسیۆنالیستانی کوردیش، هەر بە میدیەکان ناوەستن، بەڵکو هەندێکیان، سومێریی و نیوەی گەلانی دی ناوچەکە و مێژویان، دەکەن بە سیمبولی کوردی خاڵس.

About هەوال -

وەڵامێک بنووسە