سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان!

لە نێزیک بە تەواوی شارەکانی ئێران و لە دەڤەر جیاوازەکان و لە لایەن نەتەوە جیاوازەکانەوە ناڕەزایەتیەکی بەرفروان و بەردەوام لە ئارادایە.

گەرچی سەرەتا بیانوی سەرهەڵدانەکان کێشەی گرانی و قورسایی بژیوی ژیان بوو، بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکی نەبونی ئازادی و دیموکراسی و شەفایەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتیە و سەرئەنجانی دەسەڵاتێکی گەندەڵی دیکتاور و سەرەڕوی داپڵۆسێنەرە.

لە ماوەی ٣٨ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چەندین جار ناڕەزایەتی سەریان هەڵداوە، بەڵام ناوچەی ناڕەزایەتیەکان بەرتەسک و مەودای ناڕەزایەتیەکان کورت بووە.

ئەمجارەیان سەرهەڵدانی گەلان تا دێ فراوانتر و مەودادرێژتر دەبێ و لە ئەگەری ئەم رەوتە بەردەوامە و لە ئەنجامی بەکار هێنانی هێزی زیاتری دەسەڵات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خەڵکی ناڕازی، هیچ دوور نیە کە شاهیدی دەیان کارەساتی مروڤایەتی بینیەوە. ئەوەش وادەکات کە هێزە جیهانیەکان بێنە مەیدان و دەسەڵات نەتوانی وەک پێویست خۆی بپارێزی و شار و ناوچە جیاوازەکان بکەونە دەست هێزی گەل.

هەتا ئیستا ئامریکا لەوبارەوە خاوەن هەڵویستی جیدی بووە و یەکیەتی ئەوروپاش لە بەیاننامەیەکدا پشتیگری لە داوای خەڵکی ناڕازی کردوە، بەڵام ئەمە بەس نیە و پێویستە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی جیدیتر ڕوبەڕوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ببنەوە و یەکەم هەنگاویان داخستنی هەموو پێوەندیەکی ئابوری و دیپلۆماسی بێت و لە هەنگاوی دووهەم دا بەشداریکردنی ‌هێزێکی سەربازی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پاراستنی خەڵک.

هێندێ دەنگ و دروشم دێنە گوێ کە نابێ ئامریکا، لە کاروباری ناوخۆی ئیران دەستوەردا، یان ئێمە رێگە بە بێگانە نادەین دەستوەردان بکات لە مەسەلەی ناوخویی ئێرانا. ئەم قسە و دروشمانە تەنیا بۆ چەواشەکارین و بە بێ دەستوەردانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاسانی دەسەڵات بەرنادات هیچ، بەڵکو گومی خۆێنیش وەڕی دەخات. دیارە ئەوە بەو مانا نی‌یە کە بڵێم ئامریکا حکوومەتی ئێران بڕووخێنێ، بەڵام گەر گەل بێتە مەیدان و خەباتی بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامیی چڕتر بکات، بێگومان پێویستیی بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە، یەک لەوانە ئامریکا.

بۆ ئەوەی تەجروبەی شوڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ دا دووبارە نەبێتەوە و دەسەڵات نەکەوێتە دەست لایەنێکی فرسەت تەڵەب(هەلپەرەست) ئەوا گرینگە رێبەریەکی جیدی و هاوبەش بە لەبەر چاوگرتنی مافی هەموو گەلان و بە بێ زەقکردنەوەی مەزهەب و ئیتنیک  لە هەموو چین و توێژ و دەڤەرە جیاوازەکان پێک بێت و دوای ڕوخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دامەزراوەکان بنیات بنرێنەوە و سیستمێکی دیموکراتیکی لائیک ببێتە بنەمای دەسەڵات کردن و ئەوجا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیک بێتە ئاراوە.

لە ئیستا دا سەرهەڵدانی گەلانی ئێران بێ رێبەری و بەتایبەت بێ رێکخستنە. هەر ئەوەشە چەندین لایەن و لەوانە کوڕی شای ئێران و شاپەرەستەکان لە لایەک و مریەم رەجەوی و موجاهیدنی خەڵکی ئیران لە لایەکیترەوە هەوڵدەدەن ئەو بۆشایە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە.

زور گرینگە گەلانی ئێران لە دەرەوەی وەڵات و هەموو حیزب و لایەنە دەژبەرەکانی  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوەندێکی هاوبەش پێک بێنن، خەڵک هانبدەن کە هێرش بکەنە سەر سەفارەتەکانی ئێران، داوا لە وەڵاتان بکەن بۆ پاراستنی خەڵک لە پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی رێژیم و خوازیاری ڕوخانی رێژیم بن و ئەمەش ئەتوانی هێز و گوڕ بە ناوخۆ بدات و ئەنجامێکی باش بێتەئاراوە.

بە بڕوای من ئەم سەرهەڵدانە دەبێتە سەرەتای شەڕیکی دور ودرێژی چەندین ساڵە لە ناوچەکەدا و رەوشی ئێران لە هی عیراق و سوریە خراپتری لێدێت.

دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان لە ئەگەری بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دا بەشێک لە ناوچە و شارەکان دەکەوێتە دەست خەڵک و ئەوەش وادەکات کە شەڕێکی خۆێناوی بێتە ئاراوە.

کورد، بەلوچ، فارس، ئازەری، عەرەب و کەمە نەتەوەکانی دیکە لە هەوڵی پاراستنی ناوچەکانی خۆیانا ئەبن و چەندین هێزی توندڕەویش سەرهەڵئەدەن و پاشماوەی سپای پاسداران و ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وەڵات لە شەڕ دان دەگەڕینەوە و ئەوجا چەندین ناوچەی جیاوازی پڕ لە کێشە دێتە ئاراوە و لەوانەیە 5 بۆ 15 ساڵی بوێی تاوەکونی سەرەتای ئارامی بگەڕیتەوە ناوچەکە.

کاتێک باسی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران دەکەین مەسەلەی ڕوژهەڵاتی کوردستانیش گرێدراوی ئەو ڕەوشەیە و گرینگە گەلی کورد بە شێوەی دیکە تەڤبگەڕێن و تەجروبەی شوڕشی روژئاوای کوردستان بە بنەما بگرن و هەوڵی خۆڕێکخستن بدەن و ناوچەکانی خۆیان لە ئاژاوەی گروپە توندئاژوکان بپارێزن و رۆژهەڵاتی کوردستان ببێتەوە ناوچەی ئارام و ئارامی بۆ لێقەوماوانی شەڕی ناوچەکانی دیکە.

زور گرینگە هەر لە ئیستەوە ئەم چەند خاڵە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بنەما ببینین و هەوڵی بۆ بدەین کە ئەتوانی کورد بکاتە هێزی سەردەسەت و ناوچە کوردیەکان بە بێ کێشە بکەونە بندەستی کورد بۆخۆی.

یەکەم: هەموو حیزبەکان کۆبونەوەیەکی هاوبەش پێک بێنن و واز لەم کەلەڕەقی و بێ هیوایی و بێ پلانیەیان بێنن و لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاری پشتگیری و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی شارەکان بدەن و ئەوجا داوا لە وەڵاتان بکەن کە ئامادەن بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک هاوکاری گەلانی دیکەی ئێران بکەن و حەساسیەتی ناوچەیی و ئیتنێکی دروست نەکەن و بە ئەقڵ و مەنتق و وردبینی و پشوو درێژی بنیاتی هێزیكی تۆکمەی کوردی شوڕشگێڕی بە پرنسیپ بدەن.

دووهەم: دەبێ حێزبەکان هەموو هاوڕا بن کە هیچ حیزبێک هێزی چەکداری خۆی نەبێ و هێزی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پاراستنی گەل و وەڵاتی لە ئەستۆ بێت و بێگومان ئەو هێزە هەموو حیزبەکان، هەموو ناوچەکان و هەموو دەسکەوتە نەتەوەیەکان وەک یەک دەپارێزێ و ئەو هێزە نابێ بێتە ناو شارەکان و ناو گوندەکان و دەبێ ئەرکی تەنیا پاراستنی ناوچەکان بێت.

سێهەم: گرینگە حیزبەکان کاری ڕیکخستنی خۆیان بکەن و دوور بن لە ئەقڵی خۆسەپێنێ و هیچ حیزبێک مافی ئەوەی نیە بڕیار لەسەر دام و دەزگا نەتەوەیەکان بدات و تەنیا کاری ریکخستنی و حیزبی خۆیان بکەن و هیچ حیزبێک هێزی چەکداری تایبەت بە خۆ نەبێ و پاراستنی بنکە و بارەگاکان لە دەست هێزی هێمنیپاریزی نەتەوەییدا بێت.

چوارەم: هەموو دام و دەزگاکانی خزمەتگوزاری چالاک بکرێنەوە و خەڵک بە هەڵبژاردن بەرپرسی گەڕەک و ناوچە و شارەکان دیاری بکەن و کۆمیتەی دژە گەندەڵی بە دەست کراوەیی چاوەدێری ڕەوشی ژیان و بەڕیوەبەری بکات.

پێنجەم: سیستەمی داد و داپەروەری سەربەخۆ بنایت بنرێ و هیچ حیزب و لایەنێک دەسەڵاتی بەسەرەوە نەبی و ئەرکی داد و دادپەورەری پاراستنی مافی تاک و دیموکراتیکی خەڵک بێت و کار و باری دیکەی دادپەروەری بەڕیوەبەرێ.

شەشەم: خەڵکی شیاو لە جێگای شیاوا ببێتە بەرپرسیار و رێگە لە توڵەکردنەوە و وقوڵکردنەوەی ڕق و توندوتیژی لە کۆمەڵگا دا بگیردرێ و دادگاکان دەستیان کراوە بێت و هەر کەسە و بە ئەندازەی تاوانەکەی حوکم بدرێ و رێگە لەبەردەم کوشت و کوشتار و پاشاگەردانی بگیردرێ.

لەوانەش گرینگتر ئەوەیە هیچ حیزبێک بە سەری خۆی مافدار نیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا بکەوێتە گفت و گۆ و خۆی بکاتە نۆێنەری خەڵک. کاتێک کورد ناوچەکانی خۆیان ئازاد کرد و بنیاتی هەموو دام و دەزگاکانیان دانا و هێزی پاراستنی خۆیان تۆکمە کرد و ئاسایش و ئەمنیەتی ناوخۆیان پاراست و خەڵکیان بە رێکخستن کرد، ئەوا ئەکرێ لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێرانا بکەونە گفت و گۆ بۆ شێوەی هاوکاری و لە ئەگەری پێویستا دامەزراندنی کونفدراڵیەکی دیمکراتیک بۆ گەلانی ئێران.

لە هەر حاڵدا گەلانی ئێران بڕیاریان ئەوەیە کۆتای بە دەسەڵاتی دیکتاتوری و نادادپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران بهێنن و چاوەڕوان دەکرێ وەرچەرخانی جیدی و کوت و پڕ بێتە ئاراوە و حیزبەکان دەبێ واز لە خەونی خۆشی گەڕانەوەی سەر دەسەڵاتی بەستراوەیی بێنن.

ئەگەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروا سست بجوڵینەوە ئەوا بێگومان گەل ئاڵترناتیڤی خۆی دروست ئەکات و ئەوجا ئیتر ڕەوشەکە رێک پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان دەبێت.

About هیوا گوڵموحه‌مه‌دی

وەڵامێک بنووسە