کاتێک کە مەغۆل هاتن و هەولێریان بەزاند

شاسوار هەرشەمی

بەھۆی ئەوەی کە پەلاماری دوور و درێژی خاچپەرستان، سروشتێکی ئایینی وەرگرتبوو دەستەو تاقمە مەسیحییەکانی کوردستان و ھەموو ڕۆژھەڵات، لە بەرەی پەلاماردەران پۆلێن کرابوون. ئەوان لە کات و سەردەمی ئەو شەڕانەدا، ستەمی زۆریان لێکرا و زیانی گەورەیان پێگەیشت. لە بارێکی وادا، مەسیحییەکان چاوی ھیوایان لە دەرەوە دەبڕی و ئامادەبوون ھاوکاری ھەر پەلاماردەرێک بکەن، گەر پەلاماری بھێنابایەتە سەر ناوچەکە. ئەمەی سەرەوە پێناسەیەکی گشتی ناوچەکە بوو. هەر لە ساڵی ١٢٤٣زیەوە، پاشای ئەرمێنیای بچوک، کە شارەی مەڕەشی کردبووە پایتەختی خۆی، هاوپەیمانیەتی خۆی لەگەڵ مەغۆلان ڕاگەیاند. ئەو ئەرمەنانە، پاشماوەی ئەوانە بوون، کاتی خۆی تیگرانی یەکەم، بەرەوە ڕۆژئاوا ڕایگواستبوون. پاشای ئەرمەنستان، هەیتومی یەکەم(١٢٢٦-١٢٦٩ز)، لە ساڵی ١٢٥٤ز، سەردانی “قەرەقوم”ی پایتەختی مەغۆلانی کرد. ئەو لەوێوە، زانیاری لەسەر زێڕ و زیوی کەڵەکەبووی ناوچەکەی بە (مانکۆخان)ی گەورەی مەغۆلان داو تێێگەیاند کە هێز و دەستەلاتێکی وا کاریگەر نەماوە، بەرتان بگرێت، ئەگەر بێن و ئەو داراییانە بۆخۆتان ببەن. هەورەک ئامادەیی دەربڕی، تا بەیەکەوە هەر سێ دەستەڵاتە لاوازەکانی، عەبباسیی، ئەییوبیی وسەلجوقیی لەناوبەرن. مانکۆخان، لە ساڵی ١٢٥٥ز، لەشکرێکی گەورەی مەغۆلی لەگەڵ خۆی هێنا و ڕووی لە ناوچەکە کرد. کاتێک کە لە ناوچەکانی ئاسوریی نزیک کەوتنەوە، ئەوانیش، کە بە چاوی ڕزگاریکەر تێیان دەڕوانین، لێیان نزیک بوونەوە و کەوتنە هاوکاری کردنیان. بەڵێنە گەورەکانی نەستورییان بۆ مەغۆلان و زانیارییە وردەکانیان لەسەر ناوچەکە، هانی مناکۆخان(١٢٥١-١٢٥٩ز)ی دا تا بڕیاری هێز کۆکردنەوە و پەلامار هێنانە سەر دەوڵەتە ئیسلامییەکانی ناوچەکە بدات. خان باوەڕی بە ئاسورییە نەستورییەکان ئەوەندە پتەو بوو، تا هەندێکیانی کرد بە نوێنەری خۆی بۆ ئەوروپا، بەنیازی بەستنی پەیمانێکی هاوبەش، لە دژی خەلیفەی ئیسلام(٢٤).

 

دوای ئەوەی کە مانکۆخان، پێویستیەکانی پەلامار هێنانی ئامادە کرد، هۆلاکۆخانی برای، بۆ سەرلەشکریی دیاری کرد. هۆلاکۆش، لە نەخشەی پەلامارەکەیدا، پشت ئەستور بوو بە بەڵێنی مەسیحییانی کوردستان. بەگوێرەی سەرچاوەکانی نەستوریی، دایکی هۆلاکۆ نەستوریی بووە. هەروەک ئەو لە لایەکی دیشەوە، کچێکی نەستوریی خواستبوو، بەناوی “دۆکوز خاتون”. هۆلاکۆ، ئەگەر چی خۆی هەر لەسەر ئایینیی شەمانی باوک و باپیرانی مابووەوە، بەڵام ڕێزێکی تایبەتیی دادەنا، بۆ پێڕەوانی کڵێسای دایکی و ژنی. لەشکرەکەی هۆلاکۆ، سەرەتا پەلاماری ئیسماعیلییەکانی دا، لە کێوی هەڵەموت، کە لە سەرچاوەکاندا بە ئەلەموت تۆمار کراوە و دەکەوێتە زنجیرەچیای ئەلبورز. دوای لادانی مەترسی وان، بەرەو ئازەربێجان و کوردستان دەکشێت، بەڵام مەبەست گرتنی بەغدای پایتەختی خەلافەت بوو. ئەمە یەکەم هەوڵی مەغۆلان نەبوو، بۆ بەغدا. ئەوان زووتر چەند جارێک سپای بچوکی شارەزابوونیان بۆ نزیک بەغدا ناردبوو، تا بارەکە هەڵسەنگێنن.

گەر بێینە سەر باری بەغدا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە شارەکە، ھاووێنەیەکی دی ناوچەکە بوو. ئیبن جوبێر، لەبارەی بەغداوە بەمجۆرەی نوسیوە، (…بەغدا ئەو پایتەختە مەزنە نەماوە، بگرە وەک پاشماوەی شارێکی لێھاتووە و بۆتە کەلاوە و شوێنەواری شارێک). خەلیفەکان لە ڕووی سوپاییشەوە، دەستەڵاتیان بارتەقای میرنشینێکیش نەبوو. خەلیفە (ئەلناسر لیدینیللا)، ئەوەندە بێھێزو دەستەپاچە ببوو، کە بە دەست یاخی بوونی سەرکردەیەکی سپاکەی پەکی کەوتبوو. هەر زوو، لە ساڵی ١٢٢٠ز، ھێزێکی پێشقەرەوڵی مەغۆلان، بۆ بەسەر کردنەوەی ڕێگا و خەمڵاندنی ھێزەکانی دوژمن، بەرەو بەغدا ھاتن. خەلیفە تەنیا ٨٠٠ نۆکەری تورکی ھەبوون. شمشێری لەمست نان و بە سەرکردایەتی (قەشتەمر)ی تورک ناردنیە باکوری بەغدا، تا ڕێ لە مەغۆلان بگرن. ھاوکات سوڵتان موزەفەر، به‌ بیستنی هاتنی مه‌غۆلان، بە دە ھەزار سەربازەوە لە ھەولێرەوە بەڕێکەوتبوو و گەیشتبووە نزیک داقوق. مەغۆلەکان بە بیستنی ھاتنی ھێزی ھەولێر، گەڕابوونەوە دواوە.

وەک مێژونوسان ئاماژەیان بۆ کردووە، بەر لە پەلاماری مەغۆلان، خەڵکی بەغدا، بەگشتی بێکارو بێ بژێوی و برسی بوون. ھەموو پرۆژە ئاوەدێریەکانی دەوری بەغدا، وەک ئیسحاق، نەھرەوان و دوجێل کوێرببوونەوە. لەگەڵ ھاتنی مەغۆلان بۆ بەغدا، لە ھەموو شارەکەدا تەنیا ١١ مزگەوت لە سەر پێ مابوونەوە و نوێژیان لێ دەکرا. به‌مه‌ ده‌زانین که‌ به‌غدا، لە سەروبەندی پەلاماری مەغۆلاندا، شارێکی بچوک، تا مامناوه‌ندی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست پتر نه‌بووه‌. هۆلاکۆ، بە دەم ڕێگاوە، سەرەتا بنە وبارەگای لە مەراغە دانا و کردیە پایتەخت. ئەو کاتە شارەکە کوردنشین بوو. ئاسورییەکان، کە تا ئەوکاتە، بنکەی پاتریارکیی، یان جاتلیکییان لە بەغدا بوو، ساڵی ١٢٥٦ز بۆ مەراغەیان گواستەوە، تا لە نزیکەوە هاوکاری مەغۆلان بکەن.

 

ساڵی دواتر. واتا لە ١٢٥٧ز، هۆلاکۆ و سپاکەی، پەلاماری شاری هەولێریان دا. لە نوسراوە مێژوییەکاندا هاتووە، چیانشینەکانی “قایاچیی”، کە مەسیحیی بوون، لەو پەلامارەی سەر هەولێردا، بەشێکی سپای مەغۆلانیان پێکهێناوە. مەغۆلەکان، بە تیرە مەسیحییەکانی ناو چیایان دەگوت قایاچیی، کە بە زمانی ئەوان، واتای شاخەوانی دەگەیاند(٢٥). بێگومان قایاچییەکان، هەمان ئاسورییە نەستوریەکانی هەکاریی و دەوروبەری بوون، کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ بەدواوە، بەخۆیان دەڵێن “ئاشوریی”. ئەو کات، ببوونە پێشقەرەوەلی سپای مەغۆل. سەرچاوە فارسییەکانی ئەو سەردەم، ئاماژە بە (ئاس)ەکانیش دەکەن، کە تیرەیەکی ڕەوەند و کۆچەری هیندۆروپیی بوون و پێڕەوییان لە ئایینیی مەسیحیی دەکرد. ئەوانیش لە خزمەتی میرە مەغۆلەکاندا بوون(٢٦). بێگومان ئاسەکان، هاوشانی ئالانەکان، بەشێک بوون لە ئۆسیتیەکان، کە تا ئێستاش، لەسەر سنوری نێوان گورجستان و ڕووسیای فیدرالی دەژین و نیوەیان مەسیحیی و نیوەشیان موسوڵمانن. دوای ئەوەی مەغۆلان، بەهاوکاری ئاسورییان و دەستە مەسیحییەکانی دی، شاری هەولێریان داگیر کرد، ئاسورییان بنکەی جاتلیکییان لە مەراغەوە هێنا ناو هەولێر. بنکەی پاتریارکی ئاسوریی، بۆ ماوەی ٥٣ ساڵان، لە هەولێر مایەوە.

لە ساڵی ١٢٥٩ز، سپای مەغۆلان، بە سەرلەشکریی “کیتبۆکا”، کە مەسیحییەکی ئاسوریی بوو، پەلاماری بردە سەر ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کوردستان. لەو پەلامارەدا، مەغۆلان، دەستیان گرت بەسەر شارەکانی میافارقین، ڕوها، نسێبین و هەموو ناوچەی جزیرە و بۆتان. بەمجۆرە، دەستەڵاتی لکی کوردستانی بنەماڵەی ئەییوبییان کۆتایی پێهات. کاتێکیش کە مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٦٠ز چوونە ناو دیمەشق و کۆتاییان بە دەستەڵاتی بنەماڵەی سەلاحەددین و دەوڵەتی ئەییوبیی هێنا، سێ فەرماندەی سپای مەغۆل، کە پێیان خستە ناو شار، هەرسێکیان مەسیحیی بوون: هەیتومی پاشای ئەرمێنیای بچوک. بیسمەندی فەرمانداری ئەنتاکییە و هاوکات زاوای هەیتوم. کیتبۆکای فەرماندەی نەستوریی(٢٧).

دوای ئەوەی کە لەشکری مەغۆل، نەیتوانی لە شام بمێنێتەوە و لەبەرامبەر سپای مەمالیکی میسر توشی شکان هاتن، ئیدی ئەوان چیدی هەوڵی دیان نەدا تا پێشڕەوی بۆ شوێنانی دی بکەن. نەوەکانی هۆلاکۆ، لە ئازەربێجان، کوردستان، ئێران و میزۆپۆتامیا، دەوڵەتی ئێلخانییان دامەزراند. بێگومان نەوەی دووەمی مەغۆلان، بۆیان نەدەچووە سەر، لەناو زۆرایەتییەکی موسوڵماندا فەرمانڕەوایی بکەن و پشتیش بە کەمینەیەکی مەسیحیی ببەستن. هەر بۆیەشە، مەغۆلان هێدی هێدی، کەوتنە ژێر کاریگەری داب و نەریت و فەرهەنگی خەڵکی ناوچەکە. دوای ئەوەی کە ئەبکاخانی کوڕی هۆلاکۆ، لە ساڵی ١٢٨٢ز، مرد، تەکۆدار خانی برای، دەستەڵاتی گرتە دەست. ئەو بووە موسوڵمان و ناوی خۆیشی بۆ “ئەحمەد” گۆڕی. یەکەم کاری ئەحمەد، هەڵگەڕانەوە بوو لە مەسیحییەکان و پشتی تێکردن. بەمەش کۆتایی بە سیاسەتی باوکی هێنا. زۆری نەبرد کە ئارگۆنی کوڕی ئابکاخان، توانی مامی بکوژێت و بێتە شوێنی. ئەو دیسان کەوتەوە لاواندنەوەی مەسیحییان. تەنانەت “بارسۆمی”، کە کەشەیەکی نەستوریی بوو، بووە سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئارگۆن بۆ ئەوروپا(٢٨). ئەو بارە هەروا مایەوە تا مردنی ئارگۆن. دوای وی، غازان خانی کوڕی (١٢٩٥-١٣٠٤ز)، لە جێگای باوکی دانیشت. غازان نەک هەر بووە موسوڵمان، بەڵکو دەوڵەتەکەیشی کرد بە ئیسلامیی و بەگوێرەی شەریعەت کاروباری بەڕێوە دەبرد. ئەو هەموو سەرلەشکرەکانی خۆۆیشیی، لەناو موسوڵمانان هەڵبژارد. هاوکات هانی خزمەکانی خۆیشی دا تا بێنە سەر ئەو ئایینە. بەمجۆرە، دەکرێت بڵێین، کە هاوپەیمانیەتی مەغۆل و ئاسورییان، لە ساڵی ١٢٩٥ز کۆتایی پێهات. غازان و سەرلەشکرە موسوڵمانەکانیی، گوشاری زۆریشیان خستە سەر مەسیحییان. نەورۆز، یەکێک بوو لە سەرلەشکرەکانی غازان. ئەو ژمارەیەکی زۆر مەسیحیی کوشت. هاوکات زۆریشی ناچار کردن تا ببنە موسوڵمان.

لەو سەردەمەدا بوو، کە سەربازە مەسیحییەکانی مەغۆل، لە قەڵای هەولێر و مەسیحییەکانی دی ناوشاریش، کوشت و بڕ کران. مینۆرسکی، ئەم ڕووداوەی ئاوا گێڕاوەتەوە، کە بەم جۆرەی خوارەوە بووە: هەروەک لە کتێبی (ژیانی کەشەی نەستوریی، یەبەلاهای سێیەم لە سوریا (١٢٨١-١٣١٧ز)دا هاتووە، نزیک بە ساڵی ١٢٩٧ز، سەربازە مەسیحییەکانی سەربازخانەی “ئەربیلە:،-هەولێر-، کە سەر بە تیرەی قایاچییان بوون، موسوڵمانێکی خاوەن شکۆ و پایەیان کوشت. مەغۆلەکانی دەستە تازە موسوڵمان بووەکەی نەورۆز و هەندێک کورد و عارەب، گەمارۆی قەڵایان دا. دواتر شەڕەکە هێور بووەوە، بەڵام لە ساڵی ١٣١٠زدا، سەرلەنوێ شەڕ هەڵگیرسایەوە. ئەوەش یەو کاتە بوو، کە قایاچییەکان، لە دژی میرەکەیان، “میر زەینەدین بالوو”، سکاڵایان بردە بەر بارەگای مەغۆلان. ئەو میرە، ئەرکی دابەش کردنی موچەی سێ هەزار سەربازی لە ئەستۆ دابوو. ئێلخانی مەغۆل، میری دەستبەسەر کرد. لەبەرامبەردا، موسوڵمانان و کوردەکانیش، ئەربێلە-هەولێر-یان گەمارۆ دا و داوایان لە مەسیحیی و قایاچییەکان کرد، تا لە قەڵاکە بێنە خوارەوە. “ئەمیرچۆپان”ی خاوەن دەستەڵات، کە لەوە دەچوو، پشتیوانی زەینەدین بووبێت، قایاچییەکانی گرتە بن باڵی خۆی، بەڵام موسوڵمانان گوێیان بەمە نەدا و لە فەرمانی ئەمیرچۆپان دەرچوون. بەشێک لە مەسیحییان و قایاچییەکان، کە باوەڕیان بە بەڵێنەکانیان کرد، لە قەڵا هاتنە خوار و هەرلەوێ هەموویان کوژران. ئەو قایاچییانەش، کە هێشتا لەسەر قەڵادا مابوونەوە، هەموویان لەسەر دیواری شارەوە فڕێدرانە خوارەوە(٢٩). ئەوەی لەم گێڕانەوەیەدا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، هاودەستیی نێوان مەسیحییانی شار و قایاچییانە. بێگومان لەو سەردەمەدا، زۆرینەی مەسیحییانی شار، هەر وەک قایاچییە ئاسورییەکان، نەستوری بوون. دوای ئەم کوشتارەی کە لە هەولێر لە ئاسورییە نەستورییەکان کرا، ئیدی بارەگای جاتلیک، یان پاتریارک، کە تا ڕۆژی کوشتارەکەش، هەر لە هەولێر بوو، بۆ ماوەیەک بێ شوێن و جێگا مایەوە. دە ساڵ دواتر و لە ١٣٢٠ز، بارەگایەکیان بۆ جاتلیک، لە شارۆچکەی (ئەلقوش)ی نزیک موسڵ کردەوە.

هەولێر، لە ئابڵۆقەی مەغۆلاندا(١٢٥٨-١٢٥٩). تابڵۆیەکی نایاب و دەگمەن، لە کتێبی (جامع التواریخ)ی ڕەشیدەدین هەمەدانی، لە کتێبخانەی Bibliothèque Nationale de France, Département des Manuscrits, Division Orientale.

تێبینیی ماڵپەڕی هەڵوێست:

هەر لەسەر ئەم مژارە بە بەشێوەی بەرینتر، لە “کتێبی”مێژوی ئارامیەکان لە کوردستان” لە نووسینی رێزدار شاسوار هەرشەمی، دەتوانی کەڵکوەرگری.

About شاسوار هەرشەمی

وەڵامێک بنووسە