با پێش بە پەرەسەندنی کولتوری “بەکوشتدان و منداڵ چەکدار کردن” بگرین

ئارێس زارعی

! ئەگەر ناتوانن ببنە سەنگێک بۆ سەنگەر دژ بە ستەمکار و داگیرکەر، مەبنە خەنجەرێکی ژەنگاوی بۆ پەل پەل کردنی ریزی خەباتی جەماوەری و شارستانیانەی ئازادیخوازان.

دیارترین هۆکارەکانی ناردنەوەی چەند چەکداری جەوان یان دەستەیەک پێشمەرگە/گەریلا بۆ نێو رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئەو گرووپ و حیزبانەی کە خۆیان وەک حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکەن کامانەن و چی هانیان دەدا وا بێ پەروا درێژەدەری ستراتژی ورە روخاندن و بردنە سەرێی هەزینەکانی شۆڕشەکە  بن؟

یەکم، زۆرێک لەو حیزب و رێکخراوانە نەیانتوانیوە لە رێگای ئیمکانات و کەڵکوەرگرتن لە تێکۆلۆژیی مودێڕن، راگەیاندن و زانیاری بڵاو بکەنەوە و خۆیان لەگەڵ سەردەم و ئیمکانەکانی هاوئاهەنگ بکەن، تا بتوانن پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگاکە دروست بکەن و بکەونە دیالۆگ و هاوخەباتی لە گەڵ چین و توێژی رەنجکێش و ئازادیخواز

دوهەم، ئەو کەسانەی کە بەهەر هۆیەک چوونەتە ریزەکانیانەوە وەکو مەقاش بۆ گرتنی مار بەکاریان دێنێ و وەک پەندی کوردی کە دەڵێ”دەستی خۆی نییە و ماری پێ دەگرێ”، گیان و داهاتووی ئەو ئینسانە ئاوارە و بێ بەش لە خۆشی کراوانەی بۆ گرینگ نیە. هاوکات روانینیان بۆ هاوسەنگەرەکانیان ئامرازیە و ناو دەر کردن و گیرفان پڕ کردن لە سەرەوەی نیشاندانی بەرپرسیاریەتی لە ئاستی سەلامەتی کۆمەڵگاوەیە بۆیان.

سێهەم، ئەمە بەرهەمی سەربەخۆ نەبوونی سیاسی و ئابوورییە. لەم شەرایەت و ژینگەدا ڕاڕایی و بێ باڵانسی(سەقامگیر نەبوونی دۆخی سیاسی) دروست دەبێت و بەرپرسانی حیزب کە ئیعتمادیان بە خۆیان نەبوو، لە دوو بژاردەی پاراستنی سەربەخۆیی بە هەزینەی مەنتقی، وە خۆ بەستنەوە بە هێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆ، دووهەمی هەڵدەبژێرێ. بەوە دەڵێن سیاسەتی تەنبەڵ و خۆبەخێو کردن بە هەر نرخێک.

ئێستا پرسیارەکان: ئەو بژاردەیە و ستراتژیە ئایە جیا لە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری خۆی، دەربەستی شتێکی تر هەیە؟ ئایا، خەمبار کردنی کۆمەڵگای چالاکی مەدەنی و گیرۆدە بوونی خەڵکی هەژاری بەم دەرد و کێشانەی کە بۆی دروست کردوە، بۆ گرینگە؟ جیا لە بژاردنی قازانجی حیزبی و جەمعێک لە کومیتەی ناوەندیدا، ژیان بۆ جگرگۆشەی خەڵک بە رەسمی دەناسن؟

ئایە دەزانن کە ئەو چەند کەسەی بەم جۆرە رەفتارە نامەسولانەیە کەوتوونە دەستی دوژمن چیها وزە و وەخت و ئیمکاناتی ئەم بزوتنەوە ئازادیخوازەی بە خۆوە دەرگیر کردوە؟ دەزانن هەر کەس دەکوژرێ و هەر کەس دەبێتە دیلی دوژمن، ژان پژێنی روخساری گشتمان دەکا و تیرێکە لە روحیەی خەباتکاری و دابەزاندی پلەیەک لە ئومێدمانە؟

ئەو کەس و بنەماڵانەی ئازیزەکانیان لە کاتی ناردنەوەیان بۆ نێوخۆی وڵات ئەسیر کراون، دەزانن چەند بەسۆیە ئەو دەردە. ئەی کەوابوو بۆ بە شان و باڵی هەمان سیاسەت و کارەسات خوڵقێندا هەڵدەڵێن و ئەقڵیەتی “شەهیدسازی” و “بەکوشت دان” باوەشێن دەکەن؟ کەس هەیە لە بەرەی ئازادیخوازان و دادپەروەراندا کە هەر جارێک وێنە یان ناوی “رامین حسێن پەنایی” دەکەوێتە بەرچاوی، چەرخی چاوی نەکەونە لەرزین و خەم دانەگرێ دڵی؟ دەی بۆ تێکراری کارەسات دنە دەدەن؟ بۆ هێز و زەمان و ئیمکاناتی کۆمەڵگا و خەبتکاران سەرفی ئەم هەڵە کوشەندە و سیاسەتە گەمژانەیە دەکەن؟

لە دە ساڵی رابردودا جیا لە بە کوشت دان و ورەی گەل دابەزاندن و دژمن سەرمەست کردن، بەرهەمی ئەم بژاردە ستراتژیکە نابەرپرسانەتان کام سود و دەسکەوتی بۆ شۆڕشی ئازادیخوازانەی کوردستان بوە؟ بۆ لێ ناگەرێن ئەو تازەلاو و جوانانە خۆیان بناسن و لە کێشە و ئازارەکانی خۆیان حاڵی بن و لێیان ببنە ساحێب و رێگای بەرەنگار بوونەوە و کۆتایی هێنان بە بێ بەشی و هەژاری خۆیان هەڵبژێرن لە نێوی شەقام و کۆڵانەکانی شوێنی ژیانیان؟ بەراستی ئێوە بە چەکدار کردنی ئەو لاوانە چیان فێر دەکەن کە لە خەباتی نێو شارەکاندا و لە کۆڕی هەڵسورانی یەکیەتیانەی مەدەنی، فێری نابن؟

لە سیاسەتیشدا بازرگانی زۆر بەرجەستەیە. سیاسەتکارە هەلپەرستە خاوەن دەسەڵاتەکان کە دیتیان هیچ بەربەستێک لە بەردەم تەماعاکاریان دانیە، وەکو خاوەنی کارخانەیەک هەموو شت بە وەسیلە و سەرچاوەی سودی سیاسی و ماڵی گەیاندن بە خۆیان دەبینن. ئینسان نەخشی کاڵا و وەسیلەی خۆشگوزەرانی ئەو دەبینێ. سیاسەت و حیزب کاری لە ناوچەی بەڵا لێدراوی کوردستان لە سەر پنجی کولتوری خێل و قەبیلە سەوز بوە. بۆیە مۆنۆلۆگ و فرماند دەر کردن و دیکتەسەپێنی لە جێگای دیالۆگ و کارو بیر کردنەوەی دەستەجەمعی و دێمۆکراسی دانەوە. ئەم کولتورە ئیجازە پێگەیشتن و تێگەیشتن و پێشکەوتن کەس و هیچ نادا. وەک تیمساح خۆشی لە روون بوونەوەی ئاوی رووبار نایە. زۆر جار ئەو فکرە دامدەگرێ: سودی ئەم جۆرە حیزبایەتی و کاری سیاسی چی بووە بۆ نەسڵی دوای شۆڕشی ٥٧؟ ئایە مانع نەبوە لە بەردەم پێشکەوتنی خەباتی مەدەنی و یەکێتی و لێک نزیک بوونەوەی هێزی بەرینی تێکۆشەران و هەڵسوڕاوانی عەداڵەتخوازی نێو خۆ؟ جیا لە تەفرەقە و دابڕاندن و لاواز کردنی ریزی خەباتکارانی مەدەنی و سیاسی نێو وڵات، خۆشیان لە پەلپەل بوون و کزی ئابوری و بێ سەوادی هەمەچەشنە دەناڵێنن.

.خەڵکی شان خزاو لە ژێر باری ستەمی داگیرکەر و دڵ پڕ لە خەم کراو بە ئاکار و جوڵانەوەی نامەسولانەی حیزبە نادەربەستەکانی کوردستانی رۆژهەڵات؛ ئەگەر خۆتان دەنگی نارەزایەتی لە ئاست ئەم کردەوە و سیاسەتە چەت و هیوا سەربڕەدا پڕ بە عەرش هەڵنەبڕن، هەر وەکو چۆن حیزبایەتیان کردۆتە ئامانج، حیزبیان کردوە بە شیرکەتی ماڵی قازانج بە شەراکەتی، ئۆبوهەت و سەنگینی پێشمەرگەیان تێکشکاندوە، ماڵ بە ماڵتان رەش پۆش و دڵ بەخەم و نائومێد دەکەن. تەفرەقە و ئاژاوە دەخەنە نێو ماڵەکانتان و سەفی لەرزۆکی خەباتی مەدەنیتان تووشی پچڕ پچڕ دەکەن. ئەو هێزە و ورەی کە لە سەدان تاڵان و رێگری و شکەنجەگادا دەربازتان کردوە و کۆتان کردۆتەوە، یەک شەوە بە یەک هەڵەی کوشەندەی نەشیاویان ئاگری دەدەن. هەموو ئەوانەی سیاسەت و کولتوری منداڵ چەکدار کردن، جەوان بە ئەسیر دان و پێشمەرگە بە کوشتدان و خەمسارد بوون لە ئاست کوشتاری زەحمەتکێشانی کاسبکاری سەر سنوورەکان، ناپەسەند و نادروست و بە زەرەری بەرژەوەندیی گشتی و خەباتی خەڵکی چەوساوەی کوردستانی دەزانن، پێویستە هەرەوەزێکی ئیدانە کردن و نارەزایەتی نیشاندان و بەرەنگاربوونەوە رێکخەن و پێش بەم خەساری زۆرتر و ماڵ وێرانی و ئەو جەرگ سووتاندنە بگرین.

About ئارێس زارەعی

وەڵامێک بنووسە