دوایین کچ ، بەسەرهاتی نادیا موراد

ئەحمەد قەسیمی

کتێبی دوایین کچ، بەسەرهاتی دڵتەزێن وسەرنجڕاکێشی کچی تێگەیشتوو و بە توانای ئیزەدی و وەرگری خەڵاتی ئاشتی نۆبێڵ نادیا مورادی سەربەرزە. ئەم کتێبە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بە ئینگلیزی بڵاوکرایەوە و تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان و وادیارە کوردییەکەشی ئامادەی بڵاوکردنەوە کرابێت. ڕۆژنامەوان جێننا کڕاجێسکی هاوکاریی نادیا مورادی کردووە بۆ نووسینی ئەم کتێبە، هەروەها پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ ئامال کلوونەی پێشوتاری بۆ کتێبەکە نووسیوە.

نادیا لەم کتێبەدا بە شێوەیکی وەها ورد و بەجێ ڕووداوەکانی گێڕاوەتەوە کە خوێنەر خۆی لە قووڵایی ئەو کارەساتەدا ببینێ کە هێرشی دڕاندانەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سنجار لێیکەوتەوە. ئەو کارەساتەی کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە جێنۆسایدی ناساند. ئەو کارەساتەی کە لەودا یەزیدییەکان کۆمەڵکوژ کران و کچانی یەزیدی کرانە کۆیلەی سێکسی چەکداران و لایەنگرانی داعش و کڕین وفرۆشتنیان پێکرا.

دوایین کچ، باسی ژیانی نادیایە لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە، باسی بنەماڵە و ئایین و ئەو کۆمەڵگەیە کە نادیا لە وێ پەروەردە بووە و هۆگریەتی. باسی ئەو سێ مانگە پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە نادیا کۆیلەی سێکسی داعش بووە و باسی چۆنیەتی هەڵاتن و ڕزگاربوونیەتی لە چنگی داعش. نادیا زۆر بابەتیانە بارو دۆخی سنجاری بەر لە هێرشی داعش هەروەها ئەو مەترسییانەی باس کردووە کە یەزیدییەکان بە دوای دەسەڵاتگرتنی داعش لە شاری مووسڵ، هەستیان پێکردبوو، باسی ئەوەی کردووە کە چۆن یەزیدییەکان ویستوویانە خۆیان چەکدار کەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی داعش، بەڵام هێزی پێشمەرگە ڕێگەی لێگرتوون و تەنانەت نەیهێشتووە ناوچەکەش بەجێ بێڵن و سۆزیان بە یەزیدییەکان دابوو کە پێشمەرگە بەرگرییان لێ بکات، کە نەشیان کرد و ئەو کارەساتەی لێکەوەتەوە کە جیهانی مرۆڤایەتی هەژاند.

نادیا بە سەرهاتی خۆی و ئەو کارەساتەی کە داعش بە سەر یەزیدییەکانی هێناوە، زۆر بوێرانە و بابەتیانە گێراوەتەوە. پرسیاری زۆر گرینگی هرووژاندووە و وەڵامی زۆر پرسیاری تەماوی ڕۆشن کردۆتەوە. باشترین ئارەزووی نادیا ئەوەیە کە ئەو دوایین کچێک بێت لە جیهاندا کە بەسەرهاتێکی وەهای هەبێت. گەورەیی وبەجەرگی نادیا موراد لە وشە بە وشەی کتێبی دوایین کچدا دیار و بەرچاوە و نادیا کەسایەتییەکە کە بە ڕاستی شایانی ئەو خەڵاتی نۆبێڵەیە کە وەریگرتووە. نادیا لە خەبات کۆڵی نەداوە و ئێستا چالاکانە بۆ مافی یەزیدییەکان و بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار وگوندەکانیان لە خەباتدایە و هەموو داهاتی خەڵاتەکەی تەرخانی ئەو ڕێبازە کردووە. پێویستە هەر کەسێک دوایین کچ بخوێنێتەوە تا لە قووڵایی ئەو غەدرەی کە لە هەزارەی سێهەمدا لە کچ و کوڕ و ژن و پیاوی یەزیدی کراوە تێبگات.

دوایین کچ ڕەخنەی زۆر باشی لێگیراوە کە لێەرەدا بەشێکیان دێن:

واشینگتۆن پۆست:  نادیا موراد وێنەیەک لەو کارەساتەمان دێنێتە بەچاو کە نزیکەی هەموو بنەماڵە و کۆمەڵە خەڵکەکەی ئەوی لە ناو برد. بیرەوەریەکی نەترسانەیە…

نیۆیۆرک تایمز: دوایین کچ، خوێنەر بە کۆمەڵێک پەرسیاری هەنووکەیی و دڵتەزێنەوە بە جێ دێڵێ.

ئێکۆنۆمیست:گێڕانەوەی بوێرانەی نادیا موراد دڵتەزێنە، بەڵام خۆێندنەوەی گرینگە… هەموو ئەوانەی کە بیانەوێ زیاتر لە سەر داعش بزانن پێویستە کتێبی دوایین کچ بخوێننەوە.

ئوپسالا نییا تیدنینگ: لە کتێبی دوایین کچدا نادیا موراد باسی مێژووی دڵتەزێنی خۆی کردووە. ئەوەشی بوێرانە و ڕاستگۆیانە وهەروەها بە سەرکەوتنێکی مەزنەوە بە ئەنجام گەیاندووە.

2019-03-17

About ئەحمەد قەسیمی

وەڵامێک بنووسە