سۆفیگەریی، زادەی سەردەمی قەیرانە

دیاردەی چلەکیشیی و خەلوە، زۆر کۆنە و لە دەێر”ـەکانی ئایینی مەسیحی، پێڕەوی لێکراوە. دواتریش، لە سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام، چ بەهۆی لاسایی کردنەوە بووبێت، یان لەبەر نەبوونی ئەندازەی پێویست لە خۆراک، هەمان دیاردە، بە ناوی (زوهد)، دەرکەوتۆتەوە و زاهیدانی بەرایی، هەمان سۆفیان نەبوون، کە درەنگتر و لە سەدەی نۆیەمی زایینی، سەرەتاکانی بەدەرکەوت.

سۆفی، کە بەلای منەوە، ناوەکەی لە زمانی یۆنانییەوە هاتووە و، بۆ سەلماندنی ئەمە، جارێکی دیکە و لە بابەتێکی زمانەوانییدا دەگەڕێمەوە سەری. سۆفی‌یەکان بیر و بۆچوونیشیان، تێکەڵەیەک بوو لە سەرکێشی ئەفلاتونیانەی یۆنانی و بەخۆداچوونەوە و چوونەوە ناو ناخیی خودیی، قوڵی هیندیەوە، کە بە توخمەکانی ئیسلام ئاوێتە کرابوو.

 ئەگەر ئێمە دەرکەوتنی سۆفی تاک و تەرا، وەک دیاردە نەبینین و بێینە سەر سەردەمەکانی گەلێریی بوونی سۆفیگەریی، ئەوا هەمیشە ئەو بزووتنەوە ئایینیە یاخییە، لە سەردەمەکانی قەیرانی قوڵی کۆمەڵایەتی، سیاسیی؛ قەیرانی ئایینی و سەرکوتکردنی بیروبۆچوونی ئایینی جیاواز، قات و قڕی و کوشت و کوشتار و داگیرکاریی دەرکەوتووە. 

کاتی  ڕووخانی دەستەڵاتی “ئەمەوی”یان و هاتنی “عەباسی”یان، دیاردەی سۆفیگەری، لە بەسڕا و کوفە و دواتر خوڕاسان پەرە دەستێنێت. کاتی هاتن و گرتنە دەستی دەستەڵاتی بەغدا، لەلای بوەیه‌یەکانی دەیلەمی وڵاتی گیلەک، هەروەک دوای هەر شەپۆڵێکی هاتنی تورکانی سەلجوقی، ئاق قۆینلو، قەرە قۆینلو، تەتەران، گیانێکی تازە بە بەر دیاردەی سۆفیگەریی داکراوە.لووتکەی گەشەسەندنی سۆفیگەریی، لە ڕاستیدا بۆ سەردەمە سەختەکانی داگیرکاریی و کاولکاریی مەغۆلان و دواتر تەتەرانی سەردەمی تەیموری لەنگ دەگەڕێتەوە. ئا لەو سەردەمەدا بوو، کە ئەدەبی نوسراوی سۆفیان، (چ شیعر و چ پەخشان و گێڕانەوە)، پەرە دەستێنێت و لە حوجرەکاندا، لەبەریان دەنوسرێتەوە و دەخوێندرێتەوە.

سۆفیانی سەردەمی قەیران، بریتی بوون لەو مەلا و خوێندەوارانەی، کە بەرگەی ژیان لەناو قەیرانەکانیان نەدەگرت و سەری خۆیان هەڵدەگرت. ئەوان دەستیان بە ژیانێکی گەڕۆکی هەژارانە دەکرد. لەسەر خوانی خەڵکی هەژاری دەشت و دەر دەلەوەڕان. دوای سک تێربوونی هەر ژەمێکیان، چیرۆکێک، بەسەرهاتێک، چوارینێک، چەند بەیتە شیعرێکیان دەگێڕایەو خەڵکیان بەجۆش دەخست. هەندێکیان، دوای مردنیان، بوون بە خاوەنی دەیان چیرۆکی دی، کە تێیدا، کەشف و کەراماتیان بۆ هەڵبەستراوە. ئێستا هەموو ئەو چیرۆکانەش، تێکەڵ بە سەربوردە و ژیانی نائاساییان کراوە و چێژێکی تایبەتیان لای خوێنەری ئەم سەردەمە نائاساییە هەیە.

با بێمە سەر مەبەستی بنەڕەتییم. ئەمڕۆ، کە گەلی ئێمە، بەڕاستی لە سەردەمێکی قەیراناوی چارەنوس بزر دەژیت. بێ موچەیی، بێ ئایندەیەکی ڕۆشن. بێ بوونی دەرویەکی ئازادی ڕادەربڕین و زۆر دیاردەی دیش، کە نیشانەی بوونی قەیرانی کۆمەڵایەتی-سیاسیی قوڵن. یەکێک لە نیشانە دیارەکانی ئەم سەردەمی قەیرانەش، گەڕانەوەیە بۆ ئەدەبیاتی سەردەمی سۆفیگەریی.

ئەمڕۆ دەبینم، لە زۆر لاوە، کەسانی بیروباوەڕ و ئایدیا لێکجیا، دام و دەزگای بڵاوکردنەوەی جۆراوجۆر، خەریکی وەرگێڕان و لەسەر نوسینی بابەتە کۆنەکانی ئەدەبی سۆفیزمن. لەگەڵ ئەمانەشدا، دەیان کەس، کە بەتازەیی قەڵەمیان گرتۆتە دەست و سەرسامی دەربڕینە سۆفیگەریەکان بوون، ڕۆژانە، لەسەر لاپەڕەکانی خۆیان و لاپەڕە تایبەتیەکان، خەریکی کۆپی کردن و دانانی بڕگەی وەرگیراوی کاری سۆفیانن. شیعر، سەربەردە، گێڕانەوە و حیکایەتەکانی، زۆر زووی سۆفیەکان، خوێنەرێکی زۆریان لێ کۆبۆتەوە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، ئەمڕۆ بۆتە هەتوانی خۆ تێدا ون کردن و دوورکەوتنەوە لە قەیرانەکانی سەردەم. 

دیارە من لاموایە، ئەگەر چێژیش لە ئەدەبی سەردەمی سۆفیزم وەربگرین، بەڵام دەبێت بە چاوێکی واقیعبینانەوە ڕووبەڕووی قەیرانەکانی ئەمڕۆ ببینەوە و پێشنیازی چارەسەریش، بخەیەنە بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵک. هاوکات خۆشمان پێشەنگ بین، بۆ بەشداری کردن لەو چارەسەریانەدا. واتا نابێت وەک سۆفیەکانی دوێنێ، کەشکۆڵ و دەفێک هەڵگرین و ڕوو لە دەشت و دەر بکەین.

About هه‌ڵوێست

وەڵامێک بنووسە