فێڵەکانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ لە کەرکوک

دکتۆر جەبار قادر
هەرچەندە داتا و ئامارەکانی سەرژمێری ١٩٥٧ لەوانەی پێش و دوای خۆیان دروستترن و تا ئاستێك متمانە پێکراوترن، کوردیش وەك بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ ڕەوایی داخوازییەکانی خۆی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی هەرێم پشتیان پێ دەبەستێت، لێ لە ڕاستیدا ئەمانیش بێبەری نین لە هەڵە و پەڵە و بگرە فێڵ و شێواندنی ڕاستییەکان لە لایەن کاربەدەستانی عیراق و بەشێک لە ماڵنووسەکانەوە. لەم وتارە کورتەدا بە بەڵگەکانی نێو خودی سەرژمێرییەکە هەندێ لەو فێلانە دەخەمە ڕوو. ئەنجامدانی ئەو فێل و دەستێوەردانانە بۆ ئەوە بووە ژمارەی دانیشتوانی تورکمان و عەرەب لە کەرکوك زیاد بکرێن و ژمارەی کوردیش لە بەرامبەردا کەم بکرێت.

بە پێویستی دەزانم هەرچەندە بە کورتیش بێت هەندێ زانیاری لە سەر سەرژمێری دانیشتوان لە عیراق بەر لەوەی ساڵی ١٩٥٧ بخەمەڕوو. سەرچاوەی زانیارییەکانم بڵاوکراوەی ڕەسمی دەوڵەتی عیراقە لە هەردوو سەرژمێری ١٩٤٧ و ١٩٥٧دا. گەلێ زانیاری ورد لە بارەی سەرژمێرییەکانی عیراقەوە تا ساڵی ١٩٥٧ لەو پێشەکییەدا هاتووە، کە بۆ بەرگەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی ساڵی ١٩٥٧ نووسراوە. پێشەکییەکە شارەزایەکی بواری سەرژمێری دانیشتوان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوێتی کە پسپۆرێکی میسری بواری جوگرافیای مرۆیی بووە بە ناوی دکتۆر محمەد ڕیاز ئەلشەنەوانی. وادیارە پێشەکییەکە لە هەموو بەرگەکانی سەرژمێرییەکەدا بڵاوکراوەتەوە. ئەو بەرگەی تایبەتە بەکەرکوك و سلێمانی کە لە بەردەستی مندایە پێشەکییەکەی تێدایە. لە دوای هەوڵێکی زۆر بۆ پەیداکردنی ئەم بەرگە و دەیان سۆز و پەیمانی بێ ئەنجام، وێنەیەکی ئەم بەرگەم لە هاوڕێ و هاوپیشەیەکی دڵسۆزی کەرکوکییەوە بە دەست گەیشت، سەد جار ماڵی ئاوا بێت.

بەر لەم سەرژمێرییە گشتییە لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤ و ١٩٤٧ لە عیراق سێ سەرژمێری تر ئەنجام دران. یەکەمینیان زیاتر لە ساڵێکی خایاند، لە ئوکتۆبەری ١٩٢٧ تا کۆتایی ساڵی ١٩٢٨. لێژنەکانی سەرژمێری لە مزگەوت، قوتابخانە و دامەزراوەکانی حکومەتدا دادەنیشتن و لێژنە مەیدانییەکانیش دەگران بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دانیشتوانەوە. دوای چەند مانگێك حکومەت بۆی دەرکەوت کارەکە زۆر ناسەرکەوتووە، بۆیە ئەنجامەکانی پشت گوێ خران و لە بیر کران. لە گەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوان بە٢،٩٦٨،٠٥٤ کەس خەمڵێنرا. بە پێی ئەو خەمڵاندنە نێرینەکان ١،٥١٢،٠٧٧ کەس و مێینەکان ١،٤٥٥،٩٧٧ کەس بوون. کەس نازانێت ئەم خەمڵاندنە لە سەر چی بنەمایەك بووە، وادیارە سەرچاوەی زانیارییەکان بەرپرسانی حکومەت بوون لە یەکە کارگێڕییەکان.
دووەم سەرژمێری لە ساڵی ١٩٣٤ کرا، ئەمەیان بە دوو خول تەواو کرا، جاری یەکەم لە ئەیلول و ئوکتۆبەری ئەو ساڵە و جاری دووەمیش لە ئاب و ئەیلولی ساڵی ١٩٣٥ بوو بۆ ئەوانەی دوا کەوتبوون و لە ساڵی پێشوو خۆیان تۆمار نەکردبوو. لێژنەکان لە شوێنە گشتییەکان دادەنیشتن و موختارەکان سەرۆک خێزانەکانیان بانگ دەکر بۆ ئەوەی زانیاری پێویست لە بارەی خێزانەکانیانەوە بدەن بەو لێژنانە. ئەم سەرژمێرییە هەموو عیراقی گرتەوە، ئامانجی سەرەکی لە سەرژمێرییەکە خزمەتی سەربازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو. هەروەها سەرژمێرییەکە بووە بنەمایەک بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی کە بە “دفتر جنسیة”دەناسرا و ساڵی ١٩٤٢ ناوەکەی بۆ دەفتەر نفوس گۆڕدرا. ئەم دەفتەرە وەک ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکاندا کاری پێ دەکرا. تا ١٣ ئابی ١٩٥٣ بۆ ئەم مەبەستە هەر کار بە زانیارییەکانی سەرژمێری ١٩٣٤ دەکرا، لەو ڕۆژە بەدواوە ئیتر بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی کار بە ئامار و داتاکانی سەرژمێری ١٩٤٧ دەکرا. بە وتەیەکی دیکە شەش ساڵی ویست تا ئەنجامەکانی سەرژمێری ١٩٤٧ تەواو کران. لەم سەرژمێرییەدا ئەوەی گرنگ بوو ژمارەی دانیشتوان بوو، بۆیە هەموو مەرجەکانی دیکەی سەرژمێری دروست پشت گوێ خران. بە پێی سەرژمێری ١٩٣٤ ژمارەی دانیشتوانی عیراق ٣،٢١٣.١٧٤ کەس بوون، کە ١،٦٣٦،٠٥٦ یان نێرینە و ١،٥٧٧،١١٧یانیش مێینە بوون.
سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ بە یەکەمین سەرژمێری دادەنرێت کە لە ڕێگەی ماڵنووس و دەستەی نانونووسییەوە ئەنجام درا. ئەمانە دەچوونە ماڵان و ڕاستەوخۆ بە پێی پرسیارەکانی نێو فۆرمەکان زانیاری و داتایان لە خێزانەکان وەردەگرت. ئەم سەرژمێرییەش عیراقییەکانی دەرەوە و هۆزە کۆچەر و نیشتەجێ کراوەکانی نەگرتەوە. کارەکان لە یەك ڕۆژدا ئەنجام دران کە ڕۆژی ١٩ ئوکتۆبەری ١٩٤٧ بوو. لە ناوچە دووردەست و زڵکاوەکانی باشور مانگێك بەر لەو ڕۆژە دەست کرابوو بە ماڵنووسی، بۆیە لەو ناوەش لە هەمان ڕۆژدا پڕۆسەکە کۆتایی هات. لە ئاوایی و لادێکان پرۆسەکە وەک شار و شارۆچکەکان سەرکەوتوو نەبوو. دواتر لە ڕێی سەرژمێری ١٩٥٧ ئەوە دەزانین کە ساڵی ١٩٤٧دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تۆمار نەکرابوون. من چەند جارێکی تریش ئاماژەم بە وتەیەکی خوالێخۆشبوو عەلائەدین سەجادی کردووە کە دەیوت “ئەو کاتە ماڵمان لە بەغدا بوو، تا ئیوارە لە ماڵەوە چاوەڕێمان کرد، بەڵام کەس سەری بە ماڵماندا نەکرد” دواتر دەپرسێت “ئەگەر ئەمە حاڵی بەغدای پایتەخت بێت، ئەی دەبێ لە شوێنەکانی تر چۆن بووبێت؟”. ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە پێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ بە ٤،٨١٦،١٨٥ کەس خەمڵێنردا، کە ٢،٢٥٧،٣٤٥ کەسیان نێرینە و ٢،٥٥٨،٨٨٠ کەسیشیان مێینە بوون. ئەمە ئەکەمین سەرژمێری بوو کە داتا و زانیارییەکانی بە پێی خشتەی تایبەتی پۆلین کرابوون و ئەنجامەکانی لە سێ بەرگدا ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا بڵاوکرانەوە. خشتەی تایبەت بۆ دانیشتوانی هەر یەك لە چواردە لیواکەی عیراق دروست کرابوو، بەڵام داتا گشتییەکانی هەموو عیراق لە بەرگێکی سەربەخۆدا بڵاونەکرانەوە. داتاکانی ئەم سەرژمێرییە بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی لە ساڵی ١٩٥٣ کاریان پێ کرا. پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی دوور درێژم لە سەر کەرکوك لە سەرژمێری ١٩٤٧ کرد و لە زیاتر لە شوێنێک بڵاوکرایەوە. لەم سەرژمێرییەدا ئاماژە بە دابەشبوون و پۆلینکردنی دانیشتوان نە لە سەر بنەمای ئەتنیکی و نە زمانی دایک نەکراوە، تەنها باس لە ئاینی دانیشتوان کراوە.

سەرژمێری ١٩٥٧ ئامادەیی باشی بۆ کرا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانیشتوان قانونی تۆمارکردنی دانیشتوانی ژمارە ٥٩ لە ساڵی ١٩٥٥ دەرچواند، ڕێنماییەکانی سیستەم و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی دەرکرد. بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی پرۆسەکەش زانیاری سەرەتایی کۆکرانەوە. لیستی پرسیار، کارمەندی پێویست بۆ یەکە کارگێڕییەکان و فۆرم و ڕێنمایی بۆ ماڵنووسەکان لە چاپ دران. هەروەها ئامێرەکانی گواستنەوە، کارمەندانی پاراستنی ئاسایش و دادوەری پێویست بۆ کارە مەیدانییەکان دابین کران. هەموو وردەکاری و ڕێنماییەکان لە کتێبێکی گەورەدا لە ژێر ناونیشانی “ڕێنمایی گشتی بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە ساڵی ١٩٥٧” لە چاپ درا و بڵاوکرایەوە.

ئەم جارەیان میتۆدی زانستیی لە بواری سەرژمێری دانیشتواندا پەیڕەو کرا، ئامادەکاری زۆر و هەمە چەشنە کران، داوای یارمەتی لە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، بە تایبەتی ئەنجومەنی هاوکاری هونەری سەر بەو ڕێکخراوە، کە نوێنەرێکی تایبەتی لە بەغدا جێگیر کردبوو و شارەزایەکی بواری سەرژمێریشی، کە دکتۆر محەمەد ڕیاز ئەلشەنەوانی میسری بوو بۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دیاری کردبوو. ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرکەوتنی سەرژمێری ١٩٥٧ کەم نەبوو. شارەزاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی مانگ و نیوێکدا سەردانی هەر چواردە لیواکەی عیراقی کرد و بە ئامادەبوونی موتەسەڕیف، قایمقامی قەزاکانی سەر بە لێواکە و بەرپرسانی باری شارستانی کۆبوونەوە و سیمیناری تایبەتی پێشکەش دەکرد. لەو کۆبوونەوانە ئەلشەنەوانی بە دوور و درێژی باسی گرنگی و پێویستیی سەرژمێریی دانیشتوانی دەکرد، هێڵە گشتییەکان دیاری دەکرد و وردەکاری چۆنێتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی سەرکەوتووی بۆ مادەبووان ڕوون دەکردەوە. خولی ڕاهێنان بۆ لایەنە پەیوەندارەکان کرانەوە بە تایبەتی بۆ بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی نفوسی لە لیواکان کە لە بەغدا بەڕێەوە چوو. خولەکە لە مارتی ١٩٥٧دا ڕێکخرا، ماوەکەی سێ ڕۆژ بوو و هەر ڕۆژەی لە ماوەی پێنج کاتژمێردا زانیاری و ڕێنمایی پێویست بە بەشدارانی دەدران. کارمەندانی فەرمانگەی گشتیی نفوسیش بەشدارییان لە خولەکدا دەکرد، بەگشتی ٣٥ کەس تێیدا بەشدار بوون. بۆ هەمان مەبەست خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی نفوس و فەرمانبەرانی خۆجێی لە قەزا و ناحیەکانیش ڕێکخرا، لەم خۆلانەشدا ٢٩٢ کەس بەشدارییان کرد.
بۆ دڵنیابوون لە دروستی و کارامەیی ئامادەکارییەکان، پرۆسەیەکی ئەزموونیی سەرژمێری لە قەزای میقدادیە لە ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧ ئەنجام درا. ئەنجامەکانی ئەزموونەکە لە ژمارە(١-٢)ی “گۆڤاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی” لە لاپەڕەکانی ١١٦ – ١٤٠ بڵاوکرانەوە. بە بۆچوونی شارەزاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبوایە ئەزموونەکە پێش ئامادەکردنی فۆرمەکانی سەرژمێری بکرابایە و لە بەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی پرسیارەکان دابڕێژرانایە، بەڵام تازە درەنگ بوو و نەدەکرا ئەوە کێشەیە چارەسەر بکرێت.
بەر لە ڕۆژی سەرژمێرییەکە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی بەرفراوان لە ڕێگەی ڕادیۆ، تەلەفزیۆن کە چەند ساڵێک لە عیراق پەیدا ببوو بەر لە هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و، ڕۆژنامەکانەوە دەستی پێکرد. لەو هەڵمەتەدا باس لە گرنگیی سەرژمێری بۆ دانیشتوان دەکرا و هانیان دەدرا هاوکاری ماڵنووسەکان بکەن و زانیاری دروستیان پێ بدەن. لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بە چاپکراوی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکران و لە ڕێگەی فڕۆکەشەوە فڕێدەدرانە خوارەوە. بڵندگۆش خرابوونە سەر ئۆتۆمبیل و بە شەقامەکاندا دەسووڕانەوە و هانی خەڵکیان دەدا چالاکانە لە پرۆسەکەدا بەشداری بکەن. باس خواسەکانی گرنگیی سەرژمێری، ڕێنماییەکان و هاندانی هاوڵاتیان بۆ هەماهەنگی لە گەڵ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە هەمان گۆڤاردا لە لاپەڕەکانی(١٨٦ – ٢٢٦) بڵاوکرانەوە.
بە پیی ئەو پلان و پرۆگرامەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ دانرابوون، دەبوایە پرۆسەکە لە یەك ڕۆژدا لە هەموو عیراق جێبەجێ بکرێت کە ڕۆژی ١٢ ئوکتۆبەری ١٩٥٧ بوو. فۆرمەکانی تۆمارکردنی خەڵک سێ ڕۆژ بەر لەوە لە ڕێگەی ناونووسەکانەوە بە سەر خێزانەکاندا دابەش کرابوون. هەر ناونووسێک ٤٠ خێزانی بەرکەوتبوو. ئەو سەرۆک خێزانانەی بە خۆیان دەیانتوانی فۆرمەکان پڕ بکەنەوە ئەوا پڕیان دەکردنەوە، ئەوانەشی نەیاندەتوانی یا نەخوێنەوار بوون، ئەوا دەبوایە ماڵنووسەکان بۆیان پڕ بکەنەوە، هەڵبەتە لە سەر بنەمای ئەو زانیاری و داتایانەی لە سەرۆک خێزانەکانیان وەردەگرت. لێرەدا ناونووسەکان بە هەڵە هەندێ زانیارییان تۆمار کرد و لە هەندێ شوێنی وەک کەرکوکیش فێڵی زۆریان کرد کە دواتر باسیان لێوە دەکەم.
لە ڕۆژی سەرژمێرییەکەدا واتا لە ١٢ ئوکتۆبەری ١٩٥٧ قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرانسەری عیراق لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە تا پێنجی ئیوارە راگەیاندرا. ماڵنووسەکان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرانی تۆماری دانیشتوان توانیان لەو ڕۆژە و لە کاتی دیاریکراودا کارەکانیان تەواو بکەن. لە هەموو عیراق ١٣٢١٣ ناونووس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، ئەوانەشی ئەرکی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەیان کەوتبووە ئەستۆ ٧٢٨ کەس بوون. ژمارەی چاودێرانیش ٣٦٨ کەس بوون. پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەم شیوەیە بوو. بەڵام لە ئاوایی و بیابانەکان شێوازێکی دیکەی وەرگرت. بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەو شوێنانە لێژنە و دەستەی سێ کەسی تایبەت دیاری کران، کە دەبوایە زانیاری و داتاکان لە ڕەشنووسەکانی تۆماری گشتیدا تۆمار بکەن. ئەم ڕەشنووسانە سەدان بەرگ بوون و هەر یەکەیان ٢٠٠ فۆرمی تۆمارکردنی دەگرتە خۆی. ئەم لێژنە و دەستانە کارەکانیان لە هەمان ڕۆژی ١٢ ئوکتۆبەر دەست پێکرد و بە ئاواییەکاندا دەگران تا لە ١٥ دیسەمبەری هەمان ساڵدا، واتا دوای دوو مانگ و سێ ڕۆژ کارەکانیان تەواو کرد. ژمارەی ئەم دەستە و لێژنانە ٢٠٢٨ دانە بوو. لە سەرژمیری گشتی ساڵی ١٩٥٧ سێ جۆر فۆرمی تۆمارکردن بەکار هێنران: سپی: بۆ تۆمارکردنی هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکان؛ کەوە یا شین: بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانەی دواکەتبوون و جۆری سێیەمیش ڕەشنووساکان بوو کە لە جۆری دەفتەری تۆمار بۆ ناونووسکردنی دانیشتوانی لادێ و هۆزەکان بەکار هێنران.
سەرژمێری ١٩٥٧ هەموو کەسێکی گرتەوە کە ئەو کاتە لە عیراق دەژیا بە بیانییەکانیشەوە، هێزە سەربازییە بیانییەکانی لێدەرچیت کە ئەو کاتە لە عیراقدا جێگیر کرابوون. هەروەها عیراقییەکانی دەرەوەشی گرتەوە. سەرژمێرییەکە بە پرۆسەکی زۆر سەرکەوتوو لە قەڵەم درا. دوای دوو مانگ لە ڕۆژی ١٨ دیسەمبەری ١٩٥٧ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێرییەکەی ڕاگەیاندا. بە پێی ئەو ئەنجامانە ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتە ٦٥٣٨١٠٩ کەس و لەمانە ٣٢٩٤٠٧٣ یان نێرینە بوون و ٣٢٤٤٠٣٦ شیان مێینە.

لە هەمان کاتدا دەست کرا بە کارکردن لە سەر ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە بۆ ئامادەکردنی خشتەی تایبەت لە سەر بنەمای داتا و زانیارییە کۆکراوەکان لە کاتی پرۆسەکەدا، بۆ ئەوەی ببنە بناغەی پێدانی دەفتەر نفوس بە هاووڵاتیانی عیراقی. بۆ ئەم ئامانجە ٨٠ فەرمانبەری تایبەتی دامەزرێنران کە بە دوو شیفتی هەشت کاتژمێری کاریان دەکرد. بەشێکی گرنگ لە کارەکەیان پیداچوونەوە بوو بە زانیاری و داتاکاندا. ئەم کارە تا هاوینی ١٩٦١ بەردەوام بوو. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دوو ساڵ کەمتریان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ خایاند. خشتەکان کران بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم بریتی بوو لە بیست خشتەی جیاواز کە بۆ هەموو لیواکان بەهەمان شیواز ئامادە کران. ئەم بەشەیان لە ساڵی ١٩٦١ تەواو بوو. بەشەکەی تر بریتی بوو لە کۆمەڵێ خشتەی گشتی بۆ هەموو عیراق لە ساڵی ١٩٦٢ تەواو کرا و لە بەرگێکی سەربەخۆدا بڵاوکرایەوە. ژمارەی تۆمارەکان (سجلات) ٦٤٩٥ تۆمار بوون و هەموو نێردران بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نفوس لە لیواکان و کۆپی ئەو تۆمارانەش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نفوس لە بەغدا پارێزران. لە ١٥ مایسی ١٩٦١ەوە بە پێی ئەم تۆمارانە دەست کرا بە پێدانی دەفتەر نفوس بە هاووڵاتیانی عیراق. دواتر لە ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ هەموو ئەنجام و داتا و زانیارییەکانی سەرژمێری ١٩٥٧ لە ١٣ بەرگدا لە بەغدا چاپ کران.
ئەو فێڵانەی لە سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧دا ئەنجام دراون هەمە جۆرن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە یەک خاڵەوە سەرچاوەیان گرتبوو ئەویش پۆلینکردنی دانیشتوان بوو لە سەر بنەمای زمانی دایک. ئەم بنەمایە لێکەوتەی خراپی لە ناوچە تێکەڵاو و فرە پێکهاتە و کولتورەکاندا لێ کەوتەوە. بووە مایەی شەڕی ئامار و بگرە و بەردەی زۆر کە تا ئێستاش خەڵکی ئەو ناوچانە پێوەی دەتلێنەوە. زمانی دایک بنەمایەکی هیچ کاتێک دروست نەبووە بۆ دەستنیشان کردنی ئینتیمای ئەتنیکی دانیشتوان. بە دێوێکی تریشدا هەوڵێکە خۆ دزینەوە لە ناوهێنان گەڵ و گروپی ئەتنیکی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان و لە ئەنجامدا داننەنان بە مافە سیاسی و کولتورییەکانیاندا. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە هەندێ نموونەی سادە بکەم. ئەمڕۆ سەدان هەزار کورد وەک گەلێ گەلانی دیکە لە وڵاتانی دونیا دەژێن. زمانی ئەو وڵاتانە بوونەتە زمانی دەربڕین و بگرە زمانی دایک بۆ بەشی هەرە زۆروی منداڵ و نەوەکانیان، لە کاتێکدا لە باری ئەتنیکییەوە خۆیان بە کورد دەزانن. لە تورکیا زمانی تورکی بووە بە زمانی دایک، دروستتر زمانی دەربڕین بۆ ملیۆنەها کورد، بەڵام لە باری ئەتنیکییەوە خۆیان بە کورد دادەنێن. لە ئێران، سوریا و عیراقیش زمانی فارسی و عەرەبی بۆ بەشێکی گرنگی کورد هەمان ڕۆڵ و پێگەیان هەیە.
لە شاری کەرکوك لە بەر کۆمەڵێ هۆکاری مێژوویی، ئابوری و کارگێڕی زمانی تورکمانی، کە زیاتر لە زمانی تورکی عوسمانی و ئازرییەوە نزیکە وەک لە زمانی تورکی نوێوە، ڕۆڵێکی زۆر گەورەتری لە پێگە و پانتایی جوگرافی کەمینەی تورکمان لەو شارەدا دەبینی. بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا ڕۆڵی زمانی فەرمی لە دام و دەزگا و قوتابخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبینی. هەر دەسەڵاتی عوسمانیش بوو هەندێ لە بنەماڵە تورکمانەکانی باڵادەست کردبوو بە سەر بازاڕ و ژیانی ئابوری شاردا. لکاندنی کەرکوكیش بە عیراقەوە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی مووسڵدا شتێکی زۆری لەم بارە نەگۆڕی. لە دام و دەزگا و قوتابخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا باڵادەستیی تورکمان و زمانی تورکمانی بەبێ دەستکاری مایەوە. ئەم کارە بە مەبەستی بە کارهێنانی فاکتەری تورکمان لە تەك عەرەبدا، کە ئەو کاتە بە ژمارە زۆر کەم بوون لە کەرکوک، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بەرامبەر زۆرینەی کوردا کە پلان و داخوازییەکانی جیاواز بوون. بە گشتی تا دەسەڵاتی بەعس بە تەواوی نەچەسپا و پرۆسەی بەعەرەبکردنی ئاشکرا دەستی پێ نەکرد زمانی بازاڕ، بە تایبەتی لەناو جەرگەی شاردا هەر تورکمانی بوو. ئەم بار و دۆخەی زمانی تورکمانی بە بەشیوەیەکی زەق و بەرچاو لە تۆمارەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا ڕەنگیان دایەوە.

تا ساڵی ١٩٥٧ لە عیراق سێ سەرژمێری ناتەواو ئەنجام درابوون، لە هیچ کام لەو سەرژمێرییانە باسی زمانی دایک لە ئارادا نەبوو. ئەی دەبێ ئەم بالۆرەی زمانی دایکە لە کوێوە هاتبێت؟. بەڵگەی مێژوویی متمانە پێ کراوم لە بەردەستدا نین، لێ گومانی زۆرم هەیە کە سەرچاوەکەی تورکیا بووبێت، چونکە کۆماری تورکیا لە یەکەمین سەرژمێرییەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا، زمانی دایکی کرد بە بنەما بۆ پۆلینکردنی دانیشتوان. لە ڕێگەی سیاسەتی تواندنەوەی کوردەوە(ئەسیمیلاسیۆن) ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان دادەنا ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر دەبوون. تەنها بۆ نموونە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێرییەکانی تورکیا، ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان لە ساڵی ١٩٢٧ بە زمانی دایکی خۆیان دانابوو ١١٨٤٤٤٦ کەس بوون، لە ساڵی ١٩٣٥ ژمارەکە گەیشتە ١٤٨٠٢٤٦، کە لە هەردوو حەڵەتەکەدا دەیانکردە ١٠٪ هەموو دانیشتوانی تورکیا. سەیرەکە لەوەدایە لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەکەیان دابەزی بۆ ١٣٦٢٨٩٥ کەس، واتا ١١٧٣٥١ کەس کەمتر لە دە ساڵ لەوەو بەر، ئەمە لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا دانیشتوانی تورکیا دوو ملیۆن و نیو زیادیان کردبوو. سەرچاوەی ئەم زانیارییانە سەرژمێرییە ڕەسمییەکانی تورکیایە، کە زیاتر لە چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە تێزی دکتۆراکەم بڵاوم کردوونەتەوە.
لە پەنجاکان عیراق و تورکیا پەیوەندییەکی توند و تۆڵیان لە گەڵ یەکدا هەبوو. لە چوارچیوەی پەیمانی سێنتۆدا هاوپەیمان و هاوکار بوون، یەکێ لە تەوەرە سەرەکییەکانی هاوکاری و هاوئاهەنگیشیان ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی گەلی کوردستان بوو. نابێت ئەوەمان بەلاوە سەیر بێت کە کاربەدەستانی عیراق ویستبێتیان چاو لە سیاسەتەکانی تورکیای هاوپەیمان بکەن و هەوڵی جێبەجێ کردنی مۆدێلەکەی ئەو بدەن بۆ بێدەنگ کردنی کورد. ئەوەش نابێ لە بیر بکەین کە ئەو کاتە لە ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسی عیراقدا کاربەدەستانێکی زۆر دانیشتبوون کە کاتی خۆی لە قوتابخانە سەربازی و مەدەنییەکانی دەروازەی باڵادا(بابی عالی) خوێندنیان تەواو کردبوو و زۆر جار لە بەینی خۆیان هەر بە تورکی قسەیان دەکرد. هەرچەندە بریتانیای هاوپەیمان دەیپاڕاستن، بەڵام دڵیان بۆ ئەستەموڵیش زۆر لێی دەدا. لە کاتێکدا تورکیا لە سەرەوە دۆست و هاوپەیمانی عیراق بوو، بەڵام لە ژێرەوە تۆڕی سیخوڕەکانی بە تایبەت لە کەرکوك زۆر بەهێز بوو، لە پشتی هەندێ گروپی توندڕەوی تورکمانەوە خۆیان حەشار دابوو و بەردەوام لە دژی کورد هانیان دەدان و ڕێنماییان دەکردن. هەر بە هانی ئەوان بوو کاتێ لە میانەی سەرژمێرییەکەدا هەندێ کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان ماڵنووسە کورد و تورکمانەکاندا دروست بوون. دواتر لە دوای کودەتای ١٤ تەمموز ١٩٥٨ و بۆ تێکدانی بارودۆخی سیاسی کەرکوك و هەموو عیراق و زەمینە خۆشکردن بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی سێنتۆ ئاژاوەیەکی گەورەیان لە تەمموزی ١٩٥٩ نایەوە، کە ٣٢ کەس تییدا بوونە قوربانی، ٢٨ یان تورکمان و ٤ کەی دیکەشیان کورد بوون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە بوونە هۆی دووبەرەکی و ڕق و کێنەیەکی زۆر لە نێو پێکهاتەکانی شاردا، تا ئەمڕۆش هەموو لایەک باجی دەدەن.

لە تەك ئەوەی پەنابردنە بەر بنەمای زمانی دایک جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە داننان بە مافی پێکهاتەکاندا، بەڵام بە دیوەکەی تردا زۆر جار داتاکانی بۆ مەبەستی سیاسی دیاریکراو بە خراپی بەکار دەهێنرێن و وەك بەڵگەی مێژوویی بۆ ژمارەی ئەم پێکهاتە و ئەوی دیکەیان پیشان دەدرێن. کۆمەڵی وتار و لێکدانەوەی نووسەرانی عەرەب و تورکمانم لەم بارەوە بینیوە، وەڵامی هەندێکیشانم داوەتەوە، کە ئەنجامە نادروستەکانی ئەم سەرژمێرییە سەر زمان و بن زمانیانە بۆ ئەوەی لە دژی داخوازییە ڕەواکانی کورد لە کەرکوك بەکاری بێنن. .
ئەوەی مایەی تێڕامانە و پرسیارە لە فۆرم و خشتەکانی سەرژمێرییەکەدا لە جێگەی ئەوەی بنووسرێت زمانی تورکمانی زمانی تورکی نووسراوە. ئەمەش فێڵێکی ڕوونە و پێدەچێت لە ژێر فشاری تورکیادا کرابێت. زمانی تورکمانی و تورکی دوو زمانی جیاوازی سەر بە یەك خێزانی زمانەکانن. لە کاتێکدا زمانی تورکی بە پێتی لاتینی دەنووسرێت و زمانی تورکمانی، ئەم ساڵانەی دوایی لێ دەرچیت، هەر بە پیتی عەرەبی دەنووسرا، تورکمان و تورک بە ئەستەم لە یەک تێدەگەن. ئەگەر بەو شیوەیە مامەڵە لە گەڵ زمانەکاندا بکرابایە دەبوایە لە جێگەی زمانەکانی ئازەری، کازاخی، قیرگیزی، تورکمەنی، ئۆزبەکی و تەتاری بنووسرایە زمانی تورکی، لە کاتێکدا ئەو زمانانە هەموو بە زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە دونیا ناسراون. دیوێکی دیکەی ئەم فێڵە لەوەدایە ئەو کاتە هێشتا کۆمەڵێک خەڵک هەبوون کە لە بنەچەدا خەڵکی تورکیا بوون و دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی لە کەرکوک مانەوە. تەنها وەک نموونە لە ساڵی ١٩٥٧، واتا چل ساڵ دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانی لە کەرکوك، هێشتا لەو شارە بە پێی زانیارییەکانی سەرژمێرییەکە ١٣٥٣ کەس لە ژیاندا مابوون کە لە تورکیا هاتبوونە دونیاوە. ئەی دەبێ لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا چەندیان کۆچی دوایی کردبێت، ئەی دەبێ ژمارەی نەوەکانیان چەند بن، کە ئێستا خۆیان بە تاقە خاوەنی شار دەزانن؟!!!. کەواتا کەسانێکی زۆر هەبوون لە شار زمانی تورکیان دەزانی. باوەڕ ناکەم ئەمانە ئامادە بوونایە زمانی تورکمانی بە زمانی دایکی خۆیان قەبوڵ بکەن، بۆیە لە خانەی زمانی دایکدا تورکی نووسرا نەك تورکمانی.

ئەوەی گوایە لە سەد و بیست هەزار کەس، کە لە ساڵی ١٩٥٧دا هەموو دانیشتوانی شاری کەرکوكیان پێکدەهێنا، چل و پێنج هەزاریان زمانی تورکییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوە و تەنها چل هەزار کەس کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان زانیوە، بۆ من هەمیشە مایەی پرسیار و سەرسوڕمان بوو. ئێستا کە ئەو بەشەی سەرژمێرییەکەم لە بەر دەستدایە، کە تایبەتە بە کەرکوک و لە خشتە و داتاکان ورد دەبمەوە، وێنە گەورەکە دەبینم و وەڵامە دروستەکەم دەست دەکەوێت. ئەوەش دەزانم کە خستنە ڕووی ئەم ڕاستییانە هیچ لە کێشە و کارەساتەکانی کەرکوك چارەسەر ناکەن و مەبەستیشم ئەوە نیە لە پێگەی هیچ پێکهاتە و گروپێک کەم بکەمەوە، بەڵام دەزانم تۆمار کردنی ڕاستییەکان بۆ مێژوو وەک خۆیان پێش هەمەر شتێکی دیکە ئەرکێکی زانستییە.
سەیر و سەمەرەی زۆر لە سەرژمێری ١٩٥٧دا دەبینرێن، بە تایبەتی لە بواری پۆلینکردنی دانیشتوانی کەرکوکدا لە سەر بنەمای زمانی دایک، کە ئەم بەشەی وتارەکە زیاتر بۆ لایەنە تەرخان کراوە. لە شوێنەکانی تریش کە دانیشتوانیان تێکەڵ و فرە ئەتنیک و کولتور بوونە ئەم فرت و فێلانە ئەنجام دراون، بەڵام لە بەر ئەوەی من هەر ئەم بەشەی کەرکوکم لە بەردەستدایە، بۆیە ناتوانم باسی شوێنەکانی دیکە بکەم. داتا سەیر و سەمەرەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە کەمێك نەزان بوونە، بەخت یاوەریانە لەوەی ئەو کارەیان لە دژی کورد کردووە، کوردیش گوێ بە شتەکان نادات و پەند لە مێژوو وەرناگرێت، بۆیە تا ئێستا نەیتوانیوە تیشکیان بخاتە سەر و ڕاستییەکان بۆ هەموو لایەک بە بەڵگە و دەکیومێتەوە ڕوون بکاتەوە.
فاکتەرێکی گرنگ کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ئەنجامدانی فێلەکاندا، لە زۆریی ژمارەی ماڵنووسە تورکمانەکاندا بەرجەستە دەبوو. ئەو کاتە ئەوان لە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەب خوێندەواریان زیاتر بوو، بە تایبەتی ئەوانەی دەیانتوانی لە پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا بەشداری بکەن. بە هۆی ئەوەشی کە هەموو جومگەکان دەسەڵات لە کەرکوك لە دەستی ئەواندا بوو، زۆرتریان خەڵکی خۆیان خزاندە کارەکەوە. ئەم بارە ڕاستەوخۆ کاری کردە سەر ئەنجامەکان بە تایبەتی لە پرسی زمانی دایکدا.
یەکێ لەو داتا و زانیارییە سەیرانە کە لەو خشتەیەدا تۆمار کراوە، کە باس لە پۆلینکردنی دانیشتوان لە سەر بنەمای زمانی دایک دەکات و لە لاپەڕەی ١٤٢ ئەم بەرگە تایبەتەی بە کەرکوك و سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت لە شاری کەرکوک، کە ئەو کاتە هەموو دانیشتوانی تەنها ١٢٠٤٠٢ کەس بوون، زمانی دایکی ٥١٤٦ کەس نەزانراوە!!!. دەبێ ئەم بوونەوەرانە بە چی زمانێ قسەیان کردبێت وا کەس نەیتوانیوە دیاری بکات؟!!!. تو بڵێی ئەمانە لە جەنگەڵەکانی ئەفریقاوە هاتبێتن بۆ کەرکوك وا کەس لێیان تێنەگەیشتووە؟!!!. چۆن دەکردێت ئەم ژمارە زۆرەی خەڵک نەیانزانیبێت بە چی زمانێک لە ماڵی خۆیاندا قسە دەکەن؟. ئەگەر لەم ژمارەیە، کە گومانم نیە زۆرینەیان کورد بوونە، بەشێکیان بخرێنە سەر ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوە، ئەوا وێنەکە بە تەواوی دگۆڕێت. ئەوەشی کە جیاوازی نێوان تورکمانی زوبان و کوردی زوبان تەنها ٥٢٥٨ کەسە و ئەوانەشی کە زمانیان نەزانراوە لە ناو شار ٥١٤٦ و لە سەر ئاستی لیوا ٥٢٨٤ کەس مایەی پرسیار و تێڕامانە. بۆ چوار هەزار یا شەش هەزار نەبوون؟. پێموانیە ئەم ژمارانە تەنها بە هەڵکەوت وا لە یەکەوە نزیکن.
خاڵێکی تری سەیر و سەمەرە لەم سەرژمێرییەدا تایبەتە بە زمانی دایکی مەسیحییەکانی کەرکوک. بە پێی ئامارەکانی سەرژمێرییەکە، ئەو کاتە لە شاری کەرکوك ١٢٦٩١ مەسیحی دەژیان و لە هەموو لیوای کەرکوک ژمارەکەیان ١٣١٥٠ کەس بوو. لەو ژمارە زۆرەی ناو شار تەنها ١٥٠٩ کەسیان سریانی و کلدانی بە زمانی دایک بۆیان تۆمار کراوە، ئەمەش هیچ جێگەی باوەڕ نیە. مەسیحییەکان لە باری ئاینی، زمان و کولتورەوە لە دانیشتوانی دیکەی سار جیاوازن، ڕیتوێل و سروتە ئاینییەکانیان بە زمانی خۆیان بەجێ دێنن و کەم کەسیان تێدا هەڵدەکەوێ زمانی خۆیان نەزانێ. ئەگەر دەڵێن کلدانەکانی قەڵا بە تورکمانی قسەیان دەکرد، ئەوا ژمارەکەیان لە چاو مەسیحییەکانی شارەکە زۆر کەم بوو و باوەڕ ناکرێت تەنانەت ئەوانیش تورکمانییان بە زمانی دایکی خۆیان تۆمار کردبێت.
ئەگەر باسی فێڵەکانی دیکە نەکەین، وەک ئەوەی ناونووسەکان لە گەڵ خەڵکدا بە تورکمانی قسەیان کردووە و هەر کەسێ چەند وشەیەکی تورکمانی زانبێت، ئەوا یەکسەر بە تورکمان ناونووسیان کردووە، یا ئەوەی زۆربەی خەڵک نەخوێنەوار بوونە و ماڵنووسەکان بۆ خۆیان فۆرمەکانیان پڕ کردۆتەوە و ئەگەر بێویژدانیان کردبێت، ئەوا بە ئاسانی بۆیان چووتە سەر، دەڵێم ئەگەر باسی ئەو فێلانە نەکەین و تەنها لەم دوو ژمارەیە بکۆڵینەوە، واتا ژمارەی ئەوانەی گوایە زمانی دایکیان نەزانراوە کە(٥١٤٦) کەس بوونە و ئەو مەسیحییانەی زمانی دایکیان بۆ تۆمار نەکراوە کە دەکەنە(١١١٨٢) کەس بوونە، ئەوا دیمەنێکی زۆر جیاواز لەوەی لە خشتەکان تۆمار کراون دەبینین. بە وتەیەکی دیکە (١٦٣٢٨) کەس فێڵیان لێکراوە و زمانی دایکیان بۆ تومار نەکراوە. ئەمانەش دەکەنە نزیکەی شەش یەکی هەموو دانیشتوانی شارەکە. ئەگەر لە ئەنجامی پێلان و ڕێکەوتنێکی ژێر بە ژێر ژمارەی ئەم مەسیحییانە نیوە بە نیوە بە سەر پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی شاری کەرکوکدا دابەش کرابێتن، ئەوا دەبێت لە هەر یەك لەو دوو پێکهاتە ٥٥٩١ کەس کەم بکەینەوە. لەو بارەدا ژمارەکان بە پێی زمانی دایک بەم شێوەیەیان لێ دێت کوردی: ٤٠٠٤٧، عەرەبی:٢١٥٢٦ و تورکمانیش دەبێتە: ٣٩٧١٥ کەس، خۆ ئەگەر ڕێژەیەک لەوانەی گوایە زمانیان نەزانراوە کورد بووبێتن، ئەوا ژمارەی کوردانی کەرکوك زۆر لەوەش زیاتر دەبن.

لەو سەردەمانە ژمارەی خوێندەوار زۆر کەم بوون بە تایبەتی لە نێو دانشتوانی گەڕەکە کوردییەکاندا، بۆیە ماڵنووسەکان بە خۆیان فۆرمەکانیان بۆیان پڕ کردۆتەوە و زۆر زانیاری نادروستیان تۆمار کردووە. بە مەبەست هەوڵی زیادکردنی ژمارەی پێکهاتەی تورکمان و تا ئاستێك عەرەبیشیان لە سەر حیسابی زۆرینەی کورد داوە. من بۆ خۆم لە گەڵ چەند برادەرێکدا قسەم کردووە، کە لەو سەرژمێرییەدا وەک ناونووس بەشدارییان کردووە، زۆر شتیان بۆ گێڕاوەمەتەوە کە ئەوە دەسەلمێنن فێڵی زۆر لە پرسی زمانی دایکدا ئەنجام دراون. وردە شتی دیکەش هەبووە، وەك ئەوەی لە یەك ماڵدا باوک و منداڵان لە سەر زمانی دایک بووبێت بە شەڕیان، باوک کورد بووە و ویستوویەتی زمانی کوردی بنووسرێت، بەڵام منداڵان و زۆر جار دایکیشیان پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە ئەوان تورکمانن.

هەندێ لەو شیواندن و فێلانە هەر لەو ساڵەدا پەردەیان لە سەر هەڵماڵران و هەندێکی دیکەیان لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە. زۆر جار و لە چەندین دۆست و برادەر گوێم لێ بووە کە ژمارەیەک لە کوردانی کەرکوك چوونەتە دادگا و لە دژی ئەوەی لە سەرژمێری ١٩٥٧دا بە تورکمان ناونووس کراون، داوایان تۆمار کردووە. کاک عەونی داودی لە پەیوەندییەکی تەلیفۆنیدا بۆی گێڕامەوە کاتی خۆی کۆمەڵی زانیاری لە جەمیل سەبری داروگا وەرگرتوە، کە لە کاتی سەرژمێرییەکەدا قومسێری پۆلیس(مفوض) بووە لە کەرکوك. کاک عەونی لە وتارێکدا ئەو یادگاری و زانیارییانەی بڵاو کردۆتەوە، بەداخەوە وتارەکەمان بۆ نەدۆزرایەوە، بەڵام وتەکانی کاک جەمیل و شایەتی کاک عەونی بۆ من بەڵگە و سەرچاوەی متمانە پێکراون. کاک جەمیل سەبری بۆ کاک عەونی گێڕاوەتەوە کە هەر لە ساڵی ١٩٥٧ بەشێک لە فێڵ و شێواندنەکان ئاشکرا بوون، بە تایبەتی ئەوەی هەندێ خەڵک بە تورکمان تۆمار کرابون، لە کاتێکدا ئەوان کورد بوون. کاک جەمیل ئەوەشی گێڕاوەتەوە کە وەزیری نێوخۆی عیراق سەعید قەزاز هاتووەتە کەرکوك و زۆر لەو کردەوانە توڕە بووە و ڕووی دەمی کردووەتە بەرپرسەکان، بەتایبەتی تورکمانەکان و وتوویەتی: ئێمە لە بەغدا خەریکی دروستکردنی “نەتەوەی عیراقیین و ئێوەش لێرە خەریکی بڵاوکردنەوەی جوداکاری و ڕەگەزپەرستین”.
ئەگەر ئاستی پەیوەندییە بەهێزەکانی تورکیا و عیراق لەو سەردەمەدا لە بەر چاو بگرین و ئاگاداری چالاکی دەزگا هەواڵگری و سیاسییەکانی تورکیا بین لە نێو تورکمانەکانی کەرکوكدا و دروستکردنی گروپی توندڕەو لە باو و باپیرانی بەرپرسانی ئەوڕۆی بەرەی تورکمانی، ئەوا ئاژاوانەی لە کاتی سەرژمێرییەکە و دوای ١٤ تەمموزی ١٩٥٧ ڕوویاندا، ئەوا دەکرێت بڵێین ئەم ئاین و ئۆینانە بە توندی بۆنی دەستێوەردانی تورکیایان لێ دێت.
زانیاری دیکەی نادروستیش لە سەرژمێرییەکدا هەن، کە هەندێکیان وادیارە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و پەڵەکانی سەرژمێری پێشووی ساڵی ١٩٤٧ بوونە. بۆ نموونە لە ماوەی دە ساڵەدا ١٩٤٧ – ١٩٥٧ دانیشتوانی کەرکوک ١٠٢٨٣٤ کەس زیادیان کردووە، واتا بە ڕێژەی ٣٦٪ کە ئەمەش ڕێژەیەکی نائاساییە. ئەوەی لێرەدا مایەی سەرسوڕمانە جیاوازی ڕێژەی زیادکردنی ژنان و پیاوانە. زیادکردنی پیاوان لەو دە ساڵەدا بە ڕێژەی ٥٣،١٪ بووە، بەڵام ڕێژەی زیادکردنی ژنان تەنها ٢١.٨٪. ئەم ژمارە و ئامارانە جێگەی پرسیاری زۆرن، بەڵام ناچنە چوارچیوەی ئەم وتارەوە. کاری دیکەش کراوە وەک ئەوەی بەشێک لە کچان و ژنان داوایان کردووە تەمەنیان بچوک بکرێتەوە بە بیانوی ئەوەی لە سەرژمێری پێشوودا تەمەنیان بە گەورە نووسراوە.

سەرچاوەکان:

  1. الجمهوریة العراقیة، وزارة الداخلیة، مدیریة النفوس العامة، المجموعة الإحصائیة لتسجیل عام ١٩٥٧، لوائي کرکوك والسلیمانیة، طبعت بمطبعة العاني، بغداد، بلا.ت
    2. المملکة العراقیة، وزارة الشؤون الإجتماعیة، مدیریة النفوس العامة، إحصاء السکان لعام ١٩٤٧، الجزء الثاني، لواء الموصل – لواء کرکوك – لواء السلیمانیة – لواء أربیل، بغداد ١٩٥٤.
    3. الدکتور نوري طالباني، منطقة کرکوك ومحاولات تغییر واقعها القومي، د.م، ١٩٩٩.
    4. دکتور جبار قادر، قضایا کردیة معاصرة، کرکوک – الأنفال – الکرد وترکیا، أربیل ٢٠٠٦.
    5. دکتور جبار قادرمع آخر، قرارات مجلس قیادة الثورة المنحل الخاصة بالکرد وکوردستان، أربیل ٢٠١٣.
    6. جەبار قادر، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە نیوان هەردوو شەڕی جیهانیدا ١٩١٨ -١٩٣٩، مۆسکۆ ١٩٧٧. (تێزی دکتۆرای بڵاونەکراوە – بە زمانی ڕووسی).

About دکتۆر جەبار قادر

وەڵامێک بنووسە