مانا و جێگەی “مێللیەت” لە رێزمان و سیاسەت‌دا

ئەوە چەند ساڵە دەبینین کە هێندێک رێکخراوی ئێرانی (هەروەها بڕێک حیزبی کوردی لە ئەدەبیاتی فارسی خۆیاندا)، بۆ پێناسەکردنی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی چوارچێوەی ئێران، لە  دەستە واژەی “ملیت” کەڵک وەردەگرن. دەستەواژەیەک کە نەک هەر ئەو مانایە ناداتەوە، بەڵکە مانایەکی بەتەواوی جیاواز و سەربەخۆی دیکەی هەیە .من سەرەتا مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم وشەیە لەلایەن حێزبە ئێرانی‌یەکانەوە بەکورتی باسدەکەم و پاشان دەچمە سەر باسی خودی وشەکە لەباری رێزمانی و جێگە و کارکردی لە لە زمان دا.

هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی و هێرشی بۆ سەر گەلی کورد و دەسپێکردنی دیفاعی رەوای نەتەوەکەمان، ناو هێنانی کورد و بزووتنەوە رەواکەی لەلایەن حێزبی ئێرانی و دەسەڵاتی ئێران(وەک هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە) بەنیسبەت هەلومەرج و تێپەڕبوونی زەمانەوە جیاواز و لە گۆڕاندا بوە. هەموو ئەو جیاوازیی و گۆڕانەش مەبەستێکی تایبەتیان رەچاو کردوە، ئەویش بە نەتەوە نەناسینی کورد و هاوکات بە بەشێک لە “میلەتی ئێران” پیناسەکردنی.

لە ناو هێزە ئێرانی‌یەکان و رووناکبیرانی دا، تەیاریی فیکریی راست هەمیشە راشکاوانە دژی نەتەوەبوونی کورد بوە و هێندێک جار تا ئەو ئاستەش چوونتە پێش کە بەهۆی ناسینی کوردان بە “ئیرانی رەسەن!!”(ایرانی اصیل) خوازیاری “گەرانەوەی  بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ باوشی “مام میهن” واتا “دایکی نیشتمان”(ئێران) “بون. کە نموونەی حیزبی پان ئێرانیستە ، هەمیشە کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان(باکوور باشوور رۆژئاوا)ی “هاونیشتمانانی ئەودیوی سنوور!!” ناو بردوە.

لە بەرابەر تەیاری ڕاست دا، تەیاری چەپ هەمیشە هەڵوێستی لەئاست بزووتنەوەی کورد پارادۆکساڵ بوە. لەلایەک لەبەر ئەوە خۆیان بە چەپ و عەداڵەتخواز ناساندوە، بەشێوەەی عام لە مافی گەلان پشتیوانیان کردوە و زۆر جار تەنانەت مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانیان بە شێوەی لینین تا سنووری پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە رەسمی ناسیوە.( ئەڵبەت هیچکات روونیان نەکردەوە ئەو سنوور بە چ مانایەکە. بەڵام بەتێگەیشتنی من مەبەستیان ئەوە بوو کە لەوێ‌را ئیتر دیفاعی لێ‌ناکەن)،  لە حاڵەتی تایبەت(خاص)دا، چەپی ئێرانی هەستی شاراوەی ئیرانی بوون‌یان تووشی پارادۆکسی کردون و زۆرجار هەڵوێستیان لە ئاست کوردان یا نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکە جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ جبهەی میلی و پان ئێرانیست و… نەبوە. ئەمەش هەر لە حیزبی توودە  هەتا هەموو لک و دەستە لێک‌دابراوەکانی چریکی فیدایی و چەپی مائویست و تروتسکیت و هەموو “ئیست”ـەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

لە سەرەتاکاندا بە نیسبەت پێناسەکردنی بزووتنەوەی کورد، چەپ سەرێشەیان کەمتر بوو. چوونکە یەکەم ئەوەی بزووتنەوەی کوردی خۆی بەهۆی حێزبە سیاسی‌یەکانیەوە  لە سەرلێشێواویەکی قووڵدا بوو و خاوەن ئاسۆیەکی روون و پێناسەیەکی کونکرێت نەبوو. ئەوە بوو بزووتنەوەکەی یا بە بزووتنەوەی ملی دێموکراتیک وەسف دەکرد و لەبەیکی بە خومەینی دەگوت، یا لەو پەڕی خۆیدا ناوی بزووتنەوەی موقامەتی خەڵکی کورد ناوی بوو. ئەڵبەت بەبێ ئەوە پێناسەی ئەو موقاومەت(خۆراگری)یە بکرێ  کە بەچ مەبەستێک وەرێکەوتوە. بۆیە هەموو (هەم هێزەکوردی‌یەکان و هەم ئێرانی‌یەکان) لە رێککەوتنێکی نەنووسراودا بۆ پێناسەکردنی کورد لە وشەی گەل (بە فارسی خەلق) کەڵکیان وەردەگرد.

دواتر لە لایەک  لەنێو هێزە چەپەکاندا “کەشف”ێکی سەیر کرا و ڕایانگەیاند وشەی “خلق” پۆپۆلیستی‌یە و “سنووری چینە کۆمەلایەتیەکان” دەسنیشان ناکات، بۆیە شێوێنەری خەباتی چینایەتی‌یە. لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی درێژەی خەباتی رەوانی نەتەوەکەمان و هاوکات ئاڵوگۆرە جیهانی‌یەکان، گەلی کورد بەرە بەرە لە پێناسەی خۆی نزیک دەبێتەوە و ئیتر ئەگەر تا ئەو کات لە وشەی نەتەوە بە بێ هیچ پێناسەیەکی روون کەڵک وەردەگیرا، ئەوجار لە ناو کۆمەلگە و بەتایبەت جیلی نوێی خوێندەوار و رووناکبیردا، پێناسەی نەتەوەیی بە ئاگاهی‌یەوە دێتە ئاراوە. لێرەدایە کە چەپی پۆپۆلیست تووشی سەرلێشێواوی دێت و لەبەرابەر بانگەشەی بەر بڵاوی “نەتەوە” بوونی کورد لە لایەن تێکۆشەرانی گەلەکەمانەوە، ئاچمز دەبێت. بەو شێوەیە کە لەلایەک گەر بێتو نەتەوە بوونی کورد بسەلمێنێ، دەبێ “نەتەوەی ئێران”(ملت ایران) بباتە ژێر پرسیارەوە و دەزانێ گەر ئەوە بکات،چوارچێوەی “ئێرانی خۆشەویست”ی دەکەوێتە بەر مەترسیی لێکرازانەوە، لە لایەکی دیکەوە نەیدەتوانی بەئاشکرا بچێتە بەرەی پان ئێرانیست و بەرەی ڕاستەوە و کورد و نەتەوە ستەملێکراوەکان بە “قەوم” (پێناسەیەکی پێش کۆمەڵگای سەرمایەداری) بە خەڵک بناسێنی. ئەوە بوو بەرە بەرە دەستە واژەی “ملیەت” یان هێنایە نێو ئەدەبیاتی خۆیانەوە.

هینانی ئەم وشەیە (بە مەفهوومی پێناسەی خەڵکێک یا نەتەوەیە) بۆ نێو ئەدەبیاتی سیاسی  لە راستیدا بێجگە لە شارلاتنیزم و شانتاژ هیچ مانایەکی نەبوو. چوونکە بەو کارەیان لە لایەک کڵاویان نایە سەری هیندێک حیزب و رووناکبیری کورد (کە هەمیشە لەباری روانگەی فیکری و سیاسی‌یەوە شوێنکەوتووی نەتەوەی سەردەستن) و وەهایان حاڵی کردن کە ملیەت، هەمان نەتەوە ( بە هێندێک ئەملا و ئەولاوە)مانا دەداتەوە، لە لایەکی دیکەوە بۆ ئێرانی‌ێەکان وەهایان باسکرد کە ملیەتەکان  پێک هێنەری ملەتی گەورەی ئێرانن!! بەو شێوە سەلماندیان کە ملیەت لەلایەک مافی “نەتەوە بچووكەکانی” رەچاو کردوە و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ مەترسیەک ناخاتە سەر چوارچێوەی یەکیەتی خاکی ئیران. واتا پێش بە تەجزیەی ئێران دەگرێ. ئەم تاکتیکەی چەپی ئێرانی هیندە بۆ تەیفی راست(سەلتەنەتخواز و پان ئێرانیست و پارێزەرانی نەتەوە- دەوڵەت) سەرنج راکێش و بەکەڵک بوو، کە ئەوانیش قۆستیانەوە. تا ئەو ڕادەیە کە ئێستە وای لێهاتوە کە هەموو خوازیارانی “ئیرانی یەکپارچە” ( لە نووری زادە و سازگاراوە تا رەزای نیم پەهلەوی و جیبهەی میلی و….) دەستەواژەی ملیەت بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی دانیشتووی ئێران دەسەلمێنن و وەها کەش و هەوایەکیان پێکهێناوە کە حیزبی کوردی و هێندێک لە رووناکبیرانمان پێی راهاتون و بەمانای “نەتەوە”، یا لانی کەم “کەمە نەتەوە” وەریان گرتوە. کە ئەمەش لە راستیدا ناشارەزاییان نەک هەر لە سیاسەتی نەتەوەیی، بەلکە تەنانەت لە ئەدەبیات و رێزمانیش نیشان دەدات تا ئەو رادە لە تێگەیشتنی مانای ئەو وشە جەعلی‌یە عاجز و ناتەوانن.

بەڵام مانای وشەی ملیەت و جێگەی لە رێژمان دا.

وشەی ملیەت لە ئەسڵ دا  لە ذوو واژەی ملی+یەت، کە هەردووکیان عەرەبین پێکهاتوە.

لە رێزمانی عەرەبی‌دا تێرمێک هەیە کە پێی دەڵێن “مصدر جعلی”( کوردیەکەی دەبێتە “چاوگی ساختە یا دەسکرد”) بەو شیوە کە بۆ داتاشینی وشەیەکی پێویست، دەستەواژەک دێنن و بە ئیزافەکردنی پاشگری”یت” وشەیەکی تازە‌ی لێ دروست دەکرێ کە پێی دەڵێن “مصدر جەعلی(چاوگی دەسکرد).  ئەم تێرمە هاتوەتە نێو رێزمانی فارسی‌شەوە و بەهەمان شێوەی عەرەبی لە هیندێک وشەی عەرەبی کە لە فارسیدا (رەنگە بەمانای جیاواز لە عەرەبی‌یەکەی) بەکار دەبرێت، کەڵک وەردەگرن و بە ئیزافەکردنی “یت” لە ئاخرەکەی “چاوگی دەسکرد” دروست دەکەن، کە “ملیت” یەک لەوانەیە. کەوایە وشەی ملیەت، وشەیەکی  لێکدراوە و لەباری پێناسەی رێزمانی‌یەوە چاوگی دەسکرد یا “مصدر جعلی”یە.

گەر بمانەوێ بزانین کە ملیەت چ واتا و مانایەکی هەیە، بە دوو شێوە ئەو کارە دەکەین. یەکەم ئەوە لە باری رێژمانی‌یەوە لێکی بدەینەوە دووەم ئەوە بزانین بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە(داتاشراوە).

وەک باسکرا وشەی “ملیەت لە “ملی + یت”  پێهاتوە کە ملی (ئاوەلناوی پێوەندی) و یەت (پاشگر)ە ، کە پێکەوە وشەیەکی لێکدراو پێک دێنن(ملیت) . ئەم وشەیە ئیتر دەچنە تێرمێکی دیکەی رێزمانەوە ەناوی (چاوگی دەسکرد) کە وەک باسکرا لە رێزمانی عەرەبی‌دا هەیە و فارسیش لە عەرەبی وەریان گرتوە. بە پێی رێزمان چاوگ (مصدر) وشەیەکە کە مانای سەرەکیی کردار (فعل)، بەبێ نیشاندانی کات یا ناساندنی کەسێک، دەردەبڕێ. کە لێرەدا(ملیەت) ئاماژە بە وابەستە بوون بە “ملت” (نەوەتە) دەکات. واتا کاتێک کەسێک دەڵیت کە “ملیەت”ی ئآلمانی هە‌یە، پێناسی خۆی(کە ئاڵمانی‌یە) دەردەبڕێت. ئەمە  ئیتر هیچ پێوەندیەکی بە وشەی “ملت”(نەتەوە)وە نی‌یە.

لە باری مانای وشەکەش، راستی ئەوەیە کە وشەی “ملیەت” وەرگێڕاوی وشەی Nationality ی ئینگلیزیە. کە لە عەرەبی دا بە “جنسیە” و لە تورکی‌دا هەر بە میلیەت( milliyet ) وەرگێردراوەتەوە. من نەمدیوە لە کوردی بەچی وەرگێڕدراوە، بەڵام ئەوەندەی من لێ دەگەم، وشەی “پێ‌ناس”م بۆ هەڵبژاردوە.  هۆیەکەشی ئەوەیە ئەم وشەیە لە وڵاتانی ئورووپایی دا باوە و زۆرتر بۆ کەسانی کۆچەریی(سیاسی- یا ئابووری) بەکار دەبرێ کە پاش چەند ساڵ مانەوە “پێ‌ناس” یا “جنسیە” یا “ملیەت”ی ئەو وڵاتەی تێدا دەژین وەردەگرن. بۆ نموونە دەڵین فلانەکەس Nationality  واتا ملیەت یا جنسیە یا پێناسی وڵاتی سوئێدی وەرگرت. ئەڵبەت هیندێک جار بە ئیجازەی مانەوە(ئیقامەت)یش تەعبیر دەکرێ. کە وایە مانای ملیەت روونە و بەهیچ شێوەیەک ناچیتە هاوتەرازی نەتەوە و قەوم و ئێتینکەوە. جا ئیتر بۆ دەبێ لەباتی نەتەوە بە ئێمەی دەرخوارد بدەن،  ئەوە پرسیارێکە کە دەبێ لە هیندێک حیزبی سیاسیی کورد کە بۆ سرنج راکێشانی حیزب و لایەنی ئێرانی هەموو دابەزینێک قەبووڵ دەکەن بپرسین. تەنیا پرسیارێک کە دێتە پێش، ئاخۆ ئەو بەرێزانە کەلە نووسینی خۆیاندا ئەم دەستە واژە جەعلی‌یە بەکار دێنن، کاتێک ئەو دەقانەی کە ئەم وشەی تێدایە وەرگێڕنە سەر زمانی ئینکلیزی، بێجگە لە وشەی Nationalityی چ وشەیەکی لە جێ دادەنێن؟ گەر ئەم وشەیە لە جێگە دانێن، ئەوسا مانایەکی تێکەل پێکەڵ و جێ پێکەنینی دەبێ!!  وەکی دیکە ئایا رازی دەبن لە وشەی قەوم (People) یا ئتنیک کەڵک وەرگرن یا ئەوەی وشەی نەتەوە واتا Nationبەکار دەبەن؟ ئەڵبەت گەر بێتو وشەی نەتەوەی لەجێگە دابنێن،  ئەوسا ئیتر سازگاراکان و نووریزادەکان لێ‌یان قەبووڵ ناکەن.

٥ی ڕەشەمەی ٢٠١٢

About خه‌لیل غه‌زه‌لی

وەڵامێک بنووسە