ناسیوناڵیزمی ئێرانی، کراسی مافی مرۆڤ لەبەر پاشایەکی جەنایەتکار دەکات

خەلیل غەزەڵی

تێبینیی نووسەر:

ئەم بابەتە چەند ساڵ پێش نووسراوە، بەڵام لەم رۆژانەدا تا دێت درۆی ناسیوناڵێزمی ئێرانی لە باوەشێن کردنی “کارنامەی مافی مرۆڤیی کورشی کەبیر” زیاتر پەرەدەستێنی. تا ڕادەیەک هێندێک راگەیەنەریی دەرەکیی وەک دەنگی ئیسرائیل و بی بی سی و دەنگی ئامریکاش، باوەڕیان کردوە کە کوورش، کابرایەکی ئینسان دۆست و “دامەرزێنەری تێرمی مافی مرۆڤە”. بۆیەش زۆرجار لە ڕاگەیەنەرەکانیان دا شان لە شانی ناسیوناڵیزمی ئێرانی دەدەن و بەشان و باڵی کورش دا هەڵدەڵێن. سەرەتا ویستم بابەتێک لەو بارەوە بنووسم. بەڵام چاوم لە ئارشیوی نووسینەکانم کرد دێتم چەند ساڵ پێش لەسەر کورش ئەم بابەتەم نووسیوە. بۆیە هاتمە سەرئەو ڕایە کە کورش هەر ئەم بابەتەی بەسە و حەوجەی نووسینی دیکە ناکا بۆ لەقاودانی فڕوفیشاڵی ناسیوناڵیزمی ئێرانی.

****

ئەوە چەند ساڵێکە شەپۆلی گەشەی ناسیوناڵیزم ئێران و فارس زمانانیشی خەست و خۆڵتر لە رابردوو گرتوەتەوە و تا هاتوە  ئەم شەپۆلە بەشێوەی چەند رەهەندی و تێکەڵ و پێکەڵ روو لە زیاد کردن بوە.

لە لایەک لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتیی پێشوو و “مەشرووتە”خوازان ، تەیفێکی سێکولار و ژمارێکی بەرینی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لەدەست کۆت و بەندی یاساکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی  و لە رقی ئەو دەسەڵاتە، گەڕاونەتەوە بۆ دیتنەوەی ئاڵترناتیڤێک کە دایان مرکێنی. بەڵام بەهۆی ئاستی نزمی تێگەیشتن و بەهۆی پلەی بەرزی تەعەسوب، بە هەڵدانەوەی مێژوو، پەنایان بۆ “کورش”، یەکێک لە پاشاکانی هەخامەنشی بردوە و، بە وەسەرنانی مشتێ جەعلیات، جلوبەرگی دێموکراسی خوازی و مافی مرۆڤ یان لەبەر کردوە و بە دانیشتوانی ئێران (واتا خەڵکی ئاسایی و گەلانی ستەملێکراوی غەیر فارس)ی دەفرۆشنەوە. بەبێ ئەوە بە رووی خۆیاندا بێنن کە لەمێژووی مرۆڤایەتی‌دا، هیچ پاشایەک بێ کوشتن و قەڵاچۆکردن و لەشکەر کێشان و سەرەڕۆیی بە دەسەڵات نەگەیشتوە.

لە لایەکی دیکەوە حکوومەتیش کە دەبینێ ئیسلامەکەی و حکوومەتە فناتیکەکەی لە بەرابەر گەشەی ناسیوناڵیزمی ئێرانی‌دا دۆڕاندوویەتی،بۆ ئەوە لە شەپۆلی ناسیوناڵیزم دوا نەکەوێ و لەبەر ئەوە دەزانێ کە ناسیوناڵیزم دەتوانێ سپەر و مەتاڵی ڕاگرتنی دەسەڵاتە نگریسەکەی بێت، ئاڵای شیعەی “ئێرانی”ی بەرز کردوەتەوە و تەنانەت لە هێندێ شوێن باسی “ئیسلامی ئیرانی” هێناوەتە ئاراوە(ئەسفەنیار رەحیم مەشایی ئیدئولۆگی ئەو تێرمەیە). ئاشکرایە ناسیوناڵیزمەکەی دەسەڵات کە پاڵی بە شوڤنیزمێکی قیزەوەنەوە داوە، تەنیا مەسڵەحەتی‌یە و بۆ راگرتنی “تەمامیت ئەرزی” (یەکێتی خاک) و سەرکوتی هەرچەشنە ئازادیی خوازییەکی گەلاتی ستەملێکراوی غەیر فارس و داپڵۆسینی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکەیانە. ئەگینا حکوومەتی ئێران بەپێی تێز و بۆچوونی ویلایەتی فەقی، هەر باوەڕی بە نەتەوە و نەتەوەگەری نی‌یە و هەموو دانیشتوانی ئێران وەک “ئۆمەت” دەبینی و هەرچەشنە نەتەوەگەرییەک بە شێرک و کوفر دەزانێ.

وەک باسکرا لە لایەن دەستەی یەکەمەوە کورش کراوە بە باوکی مافی مرۆڤ و سیمبولی ئێرانی بوون، بۆیە خەڵکانێکی زۆر وەک دەروێش بوون بە موریدی “حەزرەتی کورش” و هاوکات رۆچوون لە ناسیوناڵیزمێکی پڕ مەترسیی و شۆڤێنیستیانە. ئەم تەیفە بەرینە لە خەڵکی فارس* کەلە چین و توێژی جیاواز پێکهاتوون، گەرچی لە ئێرانی بوون و تەعەسوبی دەمارگرژانە بۆ ئێران و دژ بە گەلانی دیکەی دانیشتووی ئێران(وەک  ئازەری، بەلووچ، عەرەب ، کورد و…) هاوهەڵوێست و یەکگرتوون، بەڵام لە زۆربارەوە ناتەبا و تەنانەت دژ بەیەکن. ئەمەش  هۆکارێکی گەوریە لە نا رێکخراوبوون و پەرش و بڵاو بوونیان. کە بێگومان حکوومەتی ئێران ئەو پرش و بڵاویە پێ خۆشە و سەرەڕای کەڵوەرگرتن لە ناسیوناڵیزمە دواکەوتوانەکەیان،  تا بۆی بکرێ باوەشێنی جیاوازیەکانیان دەکات. هەر ئەوەشە کە دەبینین باوەڕمەندان بە ئێران و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە لە تەیفیی فیکریی جیاواز تەنیا لە سەر “راگرتنی یەکپارچەیی ئێران” هاودەنگ و هاوڕان . تا ئەو جێگە کەس و رێکخراوی وا هەن کە سەرەڕای ئەوە خۆیان بە ئوپوزیسیونی حکوومەتی ئیسلامی دەناسێنن و دروشمی رووخانی دەدەن، کەچی کاتێک باسی یەکپارچەیی ئێران دێتە ئاراوە، بێشەرمانە دەڵین بۆ سەرکوتی “تەجزیە تەڵەبان”(وایا نەتەوەکانی ستەملێکراوی لە ئێران دا) ئامادەن داوای لێبوردن لە خامنەیی بکەن و وەک سەرباز و پاسدار و شانبەشانی هێزی چەکداری حکوومەت لە “تەمامیەتی ئەرزی ئێران” پارێزگاری بکەن و “تەجزیە تەڵەبان” تەفرو توونا بکەن.

پێویستە بگوترێت کە حکوومەتی ئێران ترسی سەرەکیی لە کاری رێکخراو و خاوەن بەرنامە و یەکگرتوە. واتا لای حکوومەتی ئێران  کۆڕێکی ١٠ تا ٢٠ کەسی کە ئەندامی رێکخراوێک بن یا خویان خەریکی رێکخستن و کاری رێکخەرانە بن، زۆر پڕ مەترسی ترە لە هەزاران خەڵکی ئاسایی کە بەپێی تەعەسوب و ئێحساسی لە حەرەکەتێدا بەشدار بن. هەر ئەوەشە کە کۆبوونەوەیەکی بۆنەیی جەماوەری بێ بەرنامە ، لای حکوومەتی ئێران وەها بە جیدیی ناگیرێ کە شانەیەکی حیزبی یا رێکخستنێکی مەدەنی وەک کانوونی نووسەران، یا یەکێتی‌یەکی کرێکاری  یا سەندیکایەکی پیشەیی . حکوومەت لەئاست رێکخرابوون دا بەتەواوی هێزی ئەمنیەتی  و سەرکوتی خۆیەوە رادەوەستێ و هەوڵدەدات بە توندی و بێڕەحمانە سەرکورتی بکات، بەڵام لە ئاست شەپۆلێکی ئیحساسی‌دا ئەو توندو تیژییەی نابێ. ئەگەرچی ئەمە نەو مانا نی‌یە کە سەرکوتی نەکات.

وەک دەزانین ئەوە چەند ساڵێکە لە رۆژی ٧ی خەزڵوەر دا خەڵکانێک لە تەیفی جیاوازەوە(پاشایەتی خواز، پان ئێرانیست و نەتەوەپەرستی مسوڵمان و لائیک و …) سەری پاسارگاد(گۆڕی کورش) دەدەن و لەوێ کۆدەبنەوە. وەک لە خەبەرەکاندا هاتوە(بی بی سی ، العربیە، هەواڵدەریەکانی ناوخۆی ئێران) ئەم کۆبوونەوە ساڵ لە دوای ساڵ بەرینتر و بەشداریی تێدا زیاتر دەبێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە کە لەم کۆبوونەوانەدا ناسیونالێزمی ئێرانی دەگاتە لووتکەی هار بوون و دروشمەکانی شان لە شانی فاشیزم دەدەن. بە چاوخشانێک لە دروشمەکانی ئیمساڵی کۆبوونەوەی سەر گۆڕی کورش، مرۆڤ بەو دەرکە دەگات کە ناسیوناڵیزمی ئێرانی تا دێت، ئێران لە هەڵوەشانەوە نزیکتر دەکات و هیچ دەرەتان و هیوایەک بۆ مانەوەی گەلانی غەیر فارس لەو چوار جێوەدا ناهێڵێتەوە. لە ڕاستیدا لە کاتێکدا دەیان ساڵە هەرچەشنە کردەوەیەکی ئازادیخوازنەی گەلانی غیری فارس لە ئێران تاوانی “تەجزیە تەڵەبیی” لێدەدرێ ، بەڵام  ئەوە ناسیوناڵێزمی ئێرانی‌یە کە بە کردەوە ئێران “تەجزیە” (دابەش )دەکات.

*پێویستە لێرەدا ئیشارە بەوە بکەم کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی پەهلەوی و پاشتر ئیسلامی سیاسی‌دا، لە ناو نەتەوەکانی غەیری فارس‌دا کەسانێک هەن کە بەداخەوە ناسنامەی خۆیان ون کردوە و بە کردەوە  پشتیوان و هاوتەرازی ناسیوناڵیزمی فارس دژی خەڵکانی نافارس هەڵوێست دەگرن، لەم شێوەکەسانە کە تورک و عەرەب و ئازەری و کوردیان تێدایە،بێگومان لە رۆژی ٧ی خەزەڵوەردا لە پاسارگاد حوزووریان هەبوە. بە باوەڕی من ئێمە نابێ ئەو ڕاستی‌یە کەتمان بکەین کە، هێشتا بەشێک لە خەڵکی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ناو ئێران(بە کوردیشەوە) ئاستی شناسی نەتەوەییان زۆر نزمە، تا ئەو ڕادەیە کە بەشێک لەو خەڵکە لە هەڵوێستیان دا لەسەر پرسی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە دەسەڵات و ناسیوناڵیزمی ئێرانی نزیکترن تا نەتەوەکەی خۆیان.

About خه‌لیل غه‌زه‌لی

وەڵامێک بنووسە