نەوتی کەرکوك: چەند ساڵێک بەختەوەری و دەیان ساڵ دەردەسەری

دکتۆر جەبار قادر

بەشی یەکەم

بیرۆکەی ئەم باسە لەوێوە سەرچاوەی گرت کاتێ لە ڕۆژی ٣ دیسەمبەری ٢٠١٤ ئەندامی لێژنەی گفت و گۆی تێزی دکتۆرای کاك دڵشاد عومەر عەبدولعەزیز بووم”ئێستا دکتۆر و سەرۆکی بەشی مێژووە لە زانکۆی کەرکوك”. تێزەکەی بەم ناونیشانە بوو: “کۆمپانیای نەوتی عیراقی سنووردار: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سەبارەت بە چالاکییە ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی(١٩٢٧ – ١٩٧٢)”. دکتۆر دڵشاد تێزەکەی لە زانکۆی مووسڵ بە زمانی عەرەبی ئامادە کردبوو. سەرپەرشتیاری تێزەکەشی دکتۆر زوهێر نەحاس بوو، کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێ لە قوتابییەکانم بوو لە بەشی مێژووی ئەو زانکۆیە. بە هۆی ئەوەی ئەو دەمە داعش مووسڵی داگیر کردبوو، گفت و گۆکە لە زانکۆی کەرکوك کرا. بۆ من تا بڵێی دەرفەتێکی خۆش بوو بۆ یەکەم جار گفت و گۆی تێزێکی دکتۆرا لە زانکۆی کەرکوك بکەم لە گەڵ هەردوو هاوڕێی بەڕێزم پرۆفیسۆر دکتۆر خەلیل عەلی موراد و عەلی شاکر، کە لە ئامادەیی موسەڵا لە کەرکوک و دواتر لە زانکۆی بەغدا پێکەوە قوتابی بووین و دواتریش وەك مامۆستا لە زانکۆی مووسڵ یەکمان گرتەوە، واتا زیاتر لە پەنجا ساڵە یەك دەناسین. بەڕێزان دکتۆر نەبیل عەگید مەحمود و دکتۆر موئەیەد مەشهەدانیش ئەندامی لێژنەکە بوون. دواتر دکتۆر دڵشاد عومەر داوای لێکردم پێشەکییەکی بۆ بنووسم بۆ ئەوەی تێزەکەی وەك کتێب بڵاو بکاتەوە. بە پێی ئەوەی کتێبەکە بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە بۆیە منیش دەبوایە پێشەکییەکەم هەر بەو زمانە بنووسم. پێم باش بوو پوختەیەکی کورتی ئەو پێشەکییە، کە هێشتا بۆ دکتۆر دڵشادم نەناردووە و ئەویش پێناچێت زۆر پەلەی بیت لە بڵاوکردنەوەیدا، بە زمانی کوردی بخەمە بەر دەم خوێنەران.

لەم وتارەدا لە سەر بنەمای زانیارییەکانی تێزەکەی دکتۆر دڵشاد وردەکاری چالاکییە ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای نەوتی عیراق لە کەرکوك دەخەمە ڕوو. لێرەدا باس لەو چالاکی و خزمەتانە دەکەم کە کۆمپانیاکە لە سەردەمی “کۆڵۆنیالی بریتانی”دا پێشکەش بە شاری کەرکوك و کەرکوییەکانی کردووە. سەردەمی دواتریش کاتێ دەسەڵاتی بە ناو “نیشتمانی!!!” دەست بەسەر ئەم سامانەدا دەگرێت لە وێرانکاری، پاکتاوکردنی ڕەگەزی، میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا، هەڵگیرساندنی شەڕ و شوڕ و ماڵوێرانی زیاتر هیچ بە کەرکوک و کوردستان پێشکەش ناکات. بیست ساڵی یەکەمی لێ دەرکەی، کە ئەویش زۆربەی جارەکان بە قازانجی کورد نەبوو، ئەوا بۆ ساڵانی دواتر و تا ئەمڕۆ هەموو دیاردە نەرێنی و دەردەکانی نەوت زۆر بە زەقی لە کەرکوكدا بەرجەستە بوونە.

بە سەدان کتێب و توێژینەوەی زانستی لە سەر وزە بە گشتی و نەوت و غاز بە تایبەتی لە دونیادا بڵاوکراونەتەوە و بە بەردەوامی بڵاودەکرێنەوە. بەشێکی گرنگی ئەم بەرهەمانە باس لە پەیوەندی توند و تۆڵی سامانی نەوت و سیستەمە دیکتاتۆرییە درێژخایەنەکان دەکەن. هەروەها ئاماژە دەکەن بە نەبوونی دیموکراسی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی خاوەن نەوتدا. باسی ئەوەش دەکەن کە چۆن داهاتی زۆری نەوت و غاز کۆمەڵگاکان تەمەڵ دەکات و خەڵكەکانی وا لێدەکات دەست لە کار و چالاکی ئابوری بەردەن و سەیری دەستی حکومەت بکەن. هەر لێرەشەوەیە ئەو وتە ناماقوڵە پەیدا بووە کە زوو زوو گوێمان لێی دەبێت، گوایە حکومەت باوکی میللەتە، نەک خزمەتکاری وەک لە وڵاتانی دیموکراتیدا سیستەمی سیاسی لەسەر دامەزراوە. ئایە نەوت و سامانە سروشتییەکان تەنها بەخشش و مایەی ناز و نیعمەتن یا نەفرەت و تاڵاو و ژەهراون؟. ئەم پرسە پانتاییەکی فراوانی لە بەرهەمی توێژەران و نووسەراندا گرتۆتەوە. وەڵامەکان هەمیشە ڕێژەیین و کەس ناتوانێ بە ڕەهایی قسە لە سەر ئەو پرسە بکات. سامانە سروشتییەکان و داهاتە زۆرەکانیان لە هەندێ ولاتی وەك نۆرویژ، ئەمێریکا، بریتانیا و کەنەدا بوونەتە مایەی خۆشگوزەرانی، بۆ وڵاتانی وەك عیراق، لیبیا، نەیجیریا، فەنزەوێلا، جەزایر و ئێران..تاد بوونەتە تاڵاو و نەفرەت و هۆکاری ئاژاوە، شەڕ، ماڵوێرانی، گەندەڵی و کارەسات. لە هەندێ وڵاتی دیکەش لە سەر ئاستی ئابوری جۆرێك لە خۆشگوزەرانیان بۆ گەلەکانیان دابین کردووە، بەڵام لە سەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی دیسپۆت و کۆمەڵگای خێڵەکی و داخراویان بەرهەم هێناوە.

پرۆفیسۆر مایکڵ ڕۆس لە کتێبی”نەفرەتی نەوت، سامانی نەوت چۆن فۆرمولەی گەشەی نەتەوەکان دەکات” هۆکارەکانی ئەوە دەپرسێت کە بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت کەمتر گەشە دەکەن و دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی بە خۆیانەوە نابینن و زیاتر خەرێکی شەڕ و شوڕ و ئاژاوە نانەوەن، چی ئەم نەفرەتەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە؟. بۆچی وڵاتانی وەك نۆروێژ، ئەمێریکا، کەنەدا و بریتانیا توانیان ئەم سامانە بکەن بە مایەی خۆشگوزەرانی و ناز و نیعمەت، لە کاتێکدا وەڵاتانی دیکەی وەك عیراق، ئێران، لیبیا، جەزایر …تاد کردیان بە تاڵاو و نەفرەت بۆ گەلەکانیان؟. بیرۆکەی نەفرەتی نەوت لەم ساڵانەی دواییدا باڵی کێشاوە بە سەر پانتاییەکی فراوانی دانیشتوانی وڵاتانی خاوەن نەوتدا، سەد خۆزگە دەخۆن ئەو سامانەیان نەبوایە. لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دەوڵەتانی خاوەن نەوت دەزگا سیاسییەکان لاواز دەکرێن، دەسپێشخەری تاکەکان دەکوژرێن، پارەی زۆر بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە دەرەوەی وڵات تەرخان دەکرێن. دەستگرتنی گروپێکی ئۆلیگارکی بچووک بەسەر دەسەڵات و سامانی وڵاتدا زۆر جار دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی خوێناوی، کۆسپ دروستکردن لە بەردەم چالاکی پیشەسازی و لە نێوچوونی ژیانی پیشەسازی و کشتوکاڵی کە ژنان چالاکانە بەشداری تێدا دەکەن. ڕۆس نموونەی ئەوە دێنێتەوە کە بەشداری ژنانی جەزایری خاوەن نەوت لەم دوو بوارەدا لە دەستە خوشکەکانیان لە مەغریب و تونس کەمترە. کۆکردنەوە و کەڵەکەبوونی داهات و سەروەتێکی زەبەلاح لە دەستی دەوڵەتدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو خەڵك لە بژێوی ژیانیاندا چاویان لە دەستی دەوڵەت بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکە ناکۆکە بەوەی حکومەت خزمەتکاری خەڵکە و دروشمی حکومەتی باوکی میللەت جێگەی دەگرێتەوە. هاوتەریب لە گەڵ ئەمەدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەبن و لە بەرامبەر توانا زەبەلاحەکانی دەوڵتدا هیچیان پێ ناکرێت.

لە بواری ئاکامە خراپەکانی داهاتی زۆر و لە ناکاوی سامانە سروشتییەکاندا زۆر جار ئاماژە بە دەردە هۆڵەندی ” “Dutch Diseaseوەك نموونە دەهێنرێتەوە، کاتێ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو نەوت و غاز لە دەریای باکور دۆزرانەوە و دەست بە هەناردەکردنیان بۆ دەرەوە کرا، بەهای گوڵدن یا گیڵدەری هۆڵەندی بەرزبووە و ڕێژەی هەڵاوسان و بێ کاریش هەمیشە لە هەڵکشاندا بوو. ئەم بارە بە شێوەیەکی نەرێنی کاری کردە سەر هەناردەی بەرهەمە پشەسازی و کشتوکاڵییەکان و بووە هۆی پشتگوێ خستنیان. ساڵی ١٩٧٧ گۆڤاریThe Economist”” بۆ یەکەمین جار ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا. بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی دیکەی داهاتی غاز و نەوت تەمەڵکردنی کۆمەڵگای هۆڵەندی بوو. دواتر کاتێ بیرە نەوتییەکان وشکیان کرد خەڵک بە ئاگا هاتنەوە و هەوڵیاندا خۆیان لە ئاکامەکانی ئەو نەخۆشییە ڕزگار بکەن. بەرهەمەکەی ئەوەیە کە خەڵکی هۆڵەندا ئێستا بە یەکێك لە چالاکترین گەلانی دونیا دەژمێردرێ لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری …تاد.
ئەوەی دەیەوێت لەم باسە وردبێتەوە ئەوا دونیایەك سەرچاوە و زانیاری لە بەردەستدان، بۆیە من لێرەدا ئەوەندە باسی ئەم تێزانە دەکەم کە پەیوەندییان بە نەوتی کەرکوکەوە هەیە. من نە پسپۆری نەوت و سامانە سروشتییەکانم و نە لە ئابوریشدا شارەزام، بۆیە تەنها لە دیدی مێژوویی و سیاسەتی داگیرکەری بریتانی و عیراقییەوە لە پرسەکە دەکۆڵمەوە. لە خوارەوە ئاماژە بە کتێبەکەی پرۆفیسۆر ڕۆس دەکەم:

Ross, Michael. 2012. The Oil Curse : How Petroleum Wealth Shapes the Development of Nations /. Princeton University Press

بەشی دووەم 

لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو خەڵك و پسپۆرانی بواری وزەش بە گەشبینییەوە دیانڕوانیە دۆزینەوە و هەناردەکردنی نەوت لە وڵاتانی هەژار و کەم دەرامەتدا، پێیان وابوو داهاتی نەوت دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئەو وڵاتانە. داهاتی نەوت و هێزی کاری هەرزان لەو وڵاتانە دەبوایە ببنە کەرەسە و فاکتەری گرنگی بنیاتنانی ژێرخانێکی تۆکمە. دەبوایە دروستکردنی ڕێگەوبان، قوتابخانە، نەخۆشخانە و پیشەسازی کارە لە پێشینەکانی ئەو دەوڵەتانە ببوونایە. لە چوارچێوەی ئەم لێکدانەوەدا لە عیراقیش ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە دامەزرا و پلانێکی باشی دانا بۆ کۆمەڵێ پرۆژەی گرنگ و هیوابەخش. ئەم پرۆژە و گەشەکردنە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی عیراق و کۆمپانیاکانی نەوت بوون لە ساڵی ١٩٥١ سەبارەت بە دابەشکردنی یەکسانی قازانجەکانی نەوت لە نێوان هەردوولا. لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەدا داهاتی عیراق لە سێ ملیۆن دینارەوە لە ساڵی ١٩٤٩ بۆ پەنجا ملیۆن دینار لە ساڵی ١٩٥٣ بەرزبووەوە. لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کۆمەڵێ پرۆژەی گرنگ لە سەرانسەری عیراق کرانەوە.

لە کەرکوکیش هەموو ئاماژەکان لە سەر زەوی ئەو هیوایەیان بەخەڵك دەبەخشی، هەرچەندە لێرە زۆرترین شتەکان کۆمپانیای نەوت دروستی دەکردن نەک دەوڵەتی عیراق. تەنها بۆ نموونە لە ڕێگەی کۆمپانیای نەوتەوە کەرکوک بۆ یەکەمین جار کارەبا، ئاوی خواردنەوەی پاک، نەخۆشخانەی کەیوان، یاریگا، سینەماو…تاد بە خۆوە بینی. هەر لە ڕێگەی پرۆژەکانی کۆمپانیای نەوتیشەوە سەدان کرێکار ڕاهێنانی پیشەییان لە بوارە جیاوازەکاندا بینی. دەرچوانی ئەم خولانە ئەزموونەکانیان بۆ هاوپیشەکانیان لە بازاڕ گواستەوە لە ڕێگەی کردنەوەی دوکانی تایبەت بە خۆیان لە تەك کارکردنیان لە کۆمپانیای نەوتدا. لە گەلێ بواری پیشەییدا وەستاکانی کەرکوك لە سەرانسەری عیراق ناوبانگیان دەرکرد. هەر بە هۆی پرۆژە و پلانەکانی کۆمپانیای نەوتەوە بۆ دروستکردنی سەدان خانوو بۆ کارمەندەکانی سەرباری تەلارەکانی ناو کۆمپانیا، کەرتی بیناسازی و کەرەستەکانی لە کەرکوك پێشکەوتنی زۆریان بەخۆوە بینی، باشترین وەستا و کرێکار لەم کەرتە پەیدا بوون. پێویستیی ڕۆژانەی ئەو هەموو کارمەندە بە خۆراک و جل و بەرگ و پێداویستی دیکە، جم وجووڵێکی زۆری خستە بازاڕەوە. هاوتەریب لە گەڵ ئەم بوارانەدا کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریش گەشەی بەرچاویان باشیان بە خۆیانەوە بینی. بە کورتی کەرکوك لە پەنجاکاندا هێدی هێدی سیما و خەسڵەتەکانی شارێکی هاوچەرخی دەپۆشی. باشم لە بیرە ئەو دەمە وتەی شار لە لای ئێمە یەک واتای هەبوو، ئەویش کەرکوك بوو.

لایەنێکی دیاری ئەم گەشەکردنە ئابوورییەی کەرکوك ‌گۆڕانی دیمۆگرافیا و پێکهاتەی دانیشتوانی شارەکە بوو. لە ساڵی ١٩٢٧ەوە و بە تایبەتی لە کاتی هەناردەکردنی نەوتەوە لە ١٩٣٤ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەموو لیواکانی عیراق بۆ پەیداکردنی کار و دابینکردنی بژێوی ژیان ڕوویان دەکردە کەرکوك. سەرژمێرییەکانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەخەنە ڕوو. گەشەکردنی دانیشتوانی کەرکوك بە ڕێژەی ٣٦٪ بوو، واتا جار و نیوێك زیاتر لە هەموو لیواکانی تری عیراق. ئەم گەشەکردنە ناسروشتییە لە سەر حیسابی دانیشتوانی ڕەسەنی شارەکە بوو. بۆ نموونە بە پێی سەرژمێری ١٩٤٧ لە کۆی ٦٧٧٥٦ دانیشتووی شاری کەرکوك ١٨٣١٥ کەسیان لە دەرەوەی لیوای کەرکوك لە دایک ببوون، واتا زیاتر لە چواریەکی دانیشتوانی شار لە دەرەوەی لیوای کەرکوکەوە هاتبوون. ئەم ژمارەیە لە ساڵانی دواتردا هەر لە هەڵکشاندا بوو. لە سەر ئەم سەرژمێرییانە و ژمارە، ڕێژە و پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی کەرکوك پێشتر چەندین وتار و لێکۆڵینەوەم بڵاوکردۆتەوە، بۆیە بە پێویستی نازانم لێرەدا جارێکی دیکە زۆریان لە بارەوە بڵێم.

لە تەك هەموو ئەمانەدا ژمارەیەکی بەرچاوی بیانیش لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک کاریان دەکرد. هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی لیواکانی دیکەی عیراق و بیانی سیمایەکی فرە کولتوری بە کەرکوك دەبەخشی و کاریگەرییان لە سەر ژیانی دانیشتوان دادەنا و دیاردەی نوێیان لە گەڵ خۆیاندا دەهێنا.

ئەو کاتە کەم کەس بیریان لەوە دەکردەوە کە ئەم هاتنە بەلێشاوەی عەرەب لە لیواکانی دیکەی عیراقەوە بۆ کەرکوك لە داهاتوودا ببێتە مایەی سەرئێشە و دەردەسەری بۆ کوردی شارەکە. دواتر لە گەڵ گەیشتنی بەعسدا بە دەسەڵات لە ٨ شوباتی ١٩٦٣ و ١٩٦٨ بەشێکی زۆر لە مانە بوونە کەرەستە و ئامێری جێ بەجێکردنی سیاسەتی چەوسانەوەی نەتەوەیی و پاکتاوکردنی کورد لە کەرکوکی شار و پارێزگا.

دەبوایە خۆماڵیکردنی نەوت ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە کۆمپانیا بیانییەکان دروستیان کردبوو، بەڵام ئەزموونەکان دەریانخست کە پڕۆسەیە بە پێچەوانەوە بوو. پرسیارە سەرەکییە لێرەدا ئەوەیە: ئایە گروپێکی بچوک دەست بە سەر داهاتی نەوتدا دەگرن و بۆ قازانجی خۆیان و دەور و بەرەکەیان بەکاری دەێننن یا دەیخەنە خزمەتی گەل و نیشتمانەوە؟. ئایە بە زانایی و حیکمەتەوە خەرجی دەکەن یا بە گەمژەیی و ملهوڕی لە ئاژاوە نانەوە و شەڕ هەڵگیرسانادا بە فیڕۆی دەدەن؟. ئەگەر زۆر نەگەڕێینە دواوە هیچ نەبێ لە ساڵی ١٩٦٣ تاو ئەمڕۆش لە عیراق، بە کوردستانەکەی خۆمانیشەوە، داهاتەکانی نەوت بە دیوە هەرە خراپەکەدا بەکار هێنراون و بەکار دەهێنرێن.

بە گشتی وڵاتی دواکەوتووی خاوەن نەوت حکومەتی زەبەلاح دروست دەکات و بەشێکی زۆری داهاتی وڵاتی تێدا خەرج دەکات. بەشێکی دیکەشی بۆ بێدەنگ کردنی نەیاران و بەرهەڵستکاران و کڕینی خەڵك بەکار دێنێت، ئەمە ئەگەر بۆ میلیتاریزەکردن و شەڕ و شوڕ بەکاری نەهێنێت. ئەو حکومەتانەی پشت بە باجی دانیشتوان دەبەستن، نەک داهاتی نەوت، ناچارن گوێ لە خەڵک بگرن و هیچ نەبێ هەندێ دیموکرات بن و خۆیان بە خزمەتکار نەک باوکی خەڵک بناسێنن. لە بەرامبەردا ئەو حکومەتانەی لە سەر داهاتی نەوت دەژێن، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا بڵێی ملهوڕ وستەمکارن و ئامادە نین گوێ بۆ داخوازییەکانی خەڵک شل بکەن. یەکێ لە سیما و خەسڵەتە سەرەکییەکانی دیکەی دەوڵەتانی خاوەن نەوت لە ڕۆژهەڵاتدا گەندەڵی و خراپ بە کارهێنانی داهاتی نەوتە، نەک تەنها لە نێوخۆی وڵات، بەڵکو لە گرێدانی کۆنتراکت و ڕێککەوتنی گوماناوی لە گەڵ کۆمپانیا بیانییەکانیشدا.

دەبێ لێرەدا ئاماژە بەو خاڵەش بکەم کە لە سەردەمی داگیرکاری بریتانی و پاشایەتیشدا کەمترین ناز و نیعمەتی نەوت بەر کوردی کەرکوك کەوتووە. داگیرکاری بریتانی سیاسەتێکی جوداکارانەی لە دژی کورد بە گشتی و کوردی کەرکوك بە تایبەتی پەیڕەو دەکرد. ئەو دەمە گەلی کورد وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی دەکرد، ئەمەش تەواو ناکۆک بوو لە گەڵ پلان و ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی بریتانیدا. هەر کاربەدەستانی کۆڵۆنیالی بریتانی بوون هێڵە گشتییەکانی ئەو سیاسەتەیان داڕشت کە تا ئەمڕۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق لە دژی گەلی کورد بە گشتی و کوردی کەرکوك بە تایبەتی پەیڕەوی دەکەن. ڕەنگبێ دەرکەوتنی بەپەلەی “بریتیش پیترۆلیۆم” لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوك تەنها چەند ڕۆژێك لە دوای ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ بەرجەستەکردنی تەواوی ئەو ستراتیژییە کۆنە – نوێیەی بریتانیا بێت.

بەشی سێیەم

هێشتا سەدەی نۆزدەهەم کۆتایی نەهاتبوو باس و خواسی دەوڵەمەندیی چاڵە نەوتە دەرنەهێنراوەکانی باباگوڕگوڕ و باشوری کەرکوك بەرەو خانەقین کەوتبووە سەر زمانی زانایانی جیۆلۆجی ڕۆژئاوا. زانیارییەکانی مۆرگانیJ. de Morgan فرەنسی، کە ساڵی ١٨٩٥ بڵاوی کردنەوە ڕۆڵێکی گەورەیان لەم بوارەدا بینی. ئەوە مۆرگان بوو سنوری دەریاچەی نەوتیی لە باکوری کەرکوکەوە بۆ خانەقین و قەسری شیرین بە نزیکەی ٣٠٠ کم دیار کرد. هەر کە سەدەی بیستەم دەستی پێ کرد ململانێی سەخت بۆ دەستگرتن بە سەر ئەو سامانەدا لە نێوان ئەڵمانیا، بریتانیا، فرەنسا و ئەمریکا دەستی پێ کرد. ئا لێرەەوە بەدبەختی و دەردەسەری کورد و کەرکوک دەستیان پێ کرد.

لە وتووێژەکانی سایکس – پیکۆ خاڵێکی سەرەکی ململانێکان نەوتی ویلایەتی مووسل “تۆ بڵێ کەرکوك”بوو. ئەوە بوو بەشێکی زۆری ویلایەتی مووسڵ بۆ فرەنسا دانرا و بەشەکەی تری بە کەرکوکەوە بۆ بریتانیا. واتا لە باکوری کەرکوکەوە و تا دەگەیشتە خانەقین و مەندەلی و خوارتر لە ویلایەتی مووسڵ جودا کرایەوە. ئەگەر خالەکانی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ وەک خۆیان جێبەجێ بکرابانایە ئەوا هەموو ئەو ناوچانە لە ویلایەتی مووسڵ و باشوری کوردستان دادەبڕێنران. بە وتەیەکی دیکە باشوری کوردستان دەکرا بە دوو بەشەوە، بەشێکی لە گەڵ مووسڵدا دەخرایە ژێر مەندەیتی فرەنساوە و بەشەکەی تری بە عیراقەوە دەلکێنرا و لە ژێر مەندەیتی بریتانیا دەبوو. ڕاستە خاڵەکانی سایکس – پێکۆ وەک خۆیان جێبەجێ نەکران، بەڵام ڕوحی ڕێکەوتننامەکە بۆ دابەشکردنی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بە شێوەیەک لە شێوەکان جێبەجێ کرا. ئاڵ و گۆڕە گەورەکان لە بەر چاو گیران، وەک شۆڕشی ئوکتۆبەر و دەرچوونی ڕووسیا لە ڕێکەوتننامەکە، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کەمالی، داهێنانی سیستەمی مەندەیت و دەسهەڵگرتنی فرەنسا لە ویلایەتی مووسڵ بە قازانجی بریتانیا.

لە کۆتاییدا ویلایەتی مووسڵ بە باشوری کوردستانەوە بە دەوڵەتی تازە دروستبووی عیراقەوە لێکنرا. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەك دەست لە نەوتی کەرکوك هەڵبگرێت. هەر نەوتی کەرکوکیش بوو لە کۆتاییدا چارەنووسی ویلایەتی مووسڵ و هەموو باشوری کوردستانی دیاری کرد.

هەرچەندە کۆمپانیا ئەڵمانی و بریتانییەکان بە خوێنی سەر یەک تینوو بوون، لە گەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی دەستیان لەو نەوتە گیر بێت ساڵی ١٩١١ کۆمپانیاییەکی تایبەتیان دامەزراند بە ناوی “کۆمپانیای ئیمتیازاتی ڕۆژهەڵاتی و ئەفریقی سنووردار” کە ساڵی دواتر (١٩١٢) ناوەکەی گۆڕا بۆ” کۆمپانیای نەوتی تورکی”. کۆمپانیاکە بەم ناوە مایەوە تا ساڵی ١٩٢٩ کاتێ ناوەکەی بوو بە “کۆمپانیای نەوتی عیراق”.

فاکتەری نەوتی کەرکوك لە پشت هەموو سیاسەتەکانی بریتانیاوە بوو بەرامبەر بە کورد لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا. هەوڵی گەلی باشوری کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەو سەردەمەدا کاربەدەستانی ئینگلیزیان زۆر نیگەران کردبوو، بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا ڕێگە لەم پێشهاتە بگرن. لەم ڕێگەدا تا بۆیان کرا کوردیان لە عیراق بە گشتی و لە کەرکوك بە تایبەتی پەراوێز خست و کوردستانیان بە پەڕگەیەکی دواکەوتوو و هەژار هێشتەوە. هەرچییان لە توانادا بوو کردیان بۆ هێشتنەوەی بونیادی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردی. بەم هەنگاوانە و گەلی کردەوەی دیکە بریتانییەکان پرۆسەی بە گەلبوون و نەتەوەبوونی خێل و هۆزە و تیرە پرش و بڵاوەکانی باشوری کوردستانیان بە تەواوی پەکخست. هەموو حکومەتە بە نێو نیشتمانییەکانی دوای دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بریتانیش لە سەر هەمان سیاسەت بەرامبەر بە کورد بەردەوام بوون و بە دەگمەن لە هێڵە گشتییەکانی لایانداوە. ڕەنگبێ جیاوزییەکە تەنها لە شیوازی جێبەجێ کردنیدا بووبێت، خوا هەڵناگرێ ئەمان زۆر دڕندانەتر ئەو سیاسەتەیان پەیڕەو کردووە و خوێنڕێژی و ماڵوێرانی و کارەساتی زیاتریان بە سەر گەلی کوردا هێناوە.
سیاسەتە خراپەکانی ئینگلیز و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق بەرامبەر بەگەلی کورد لە هەڵس و کەوتیاندا لە گەڵ کوردی کەرکوکدا زۆر بە زەقی بەرجەستە بوونە. هەر لە دەسپێکەوە کەمترین کورد لە کۆمپانیای نەوت دادەمزرێنران و بەدەگمەن کۆنتراکتەکانی کۆمپانیا بەر کورد دەکەوتن، تەنانەت ئەو کارانەشی کە هیچ زانیاری و شارەزاییەکیان نەدەویست، وەک پاکردنەوەی دەور و بەری بیرەکان لە گژ و گیاو پوش و پەڵاش. بەڵگەی نووسراوم لە بەر دەستدا نیە، بەڵام لە کەسانی بەتەمەنی ئەو سەردەمەم بیستووە، گوایە هەندێ مەلا و شێخی کورد کارکردنیان لە کۆمپانیای نەوت لە خەڵک حەرام کردووە، بۆیە کورد زۆر دڵگەرم نەبووە بۆ کارکردن لە لای “کافرەکان”. ئەمەش بۆ ئینگلیز دەرفەتێکی باش بووە بۆ ئەوەی لە لیواکانی دیکەی عیراقەوە، نەک کرێکاری شارەزا و پیشەوەر بێنن، بەڵکو تەنانەت کرێکاری ناشارەزا و بێ ئەزموونیشیان بەلێشاو بۆ کارکردن لە کۆمپانیای نەوت هێناوە بۆ کەرکوک.

بەرهەمی ئەم کارەی ئینگلیز و هاتنی خەڵک بە دوای دەرفەتی کار و بژێوی ژیاندا بوونەتە هۆی هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوكی شار و لێوا. بە پێی شارەزایانی بوارەکانی دیمۆگرافیا ڕێژەی دانیشتوانی کەرکوک لە ماوەی ١٩١٩ – ١٩٥٧ بۆ پێنج ئەوەندە زیادی کردووە. ژمارەی ئەوانەشی لە لێواکانی دیکەی عیراقەوە هاتوونەتە کەرکوك تا ساڵی ١٩٧٢، کە هێشتا شاڵای بەعەرەبکردن بە شیوەیەکی زۆر توند دەستی پێ نەکردبوو، گەیشتە نزیکەی چل هەزار کەس. ئەگەر نەوەکانی ئەمانە، کە ئیتر دەبنە خەڵکی کەرکوك و وەک باو و باپیرانیان باسی ئەوە ناکرێت کە لە دەرەوەی لیوا و پاشان پارێزگای کەرکوك هاتوونەتە دونیاوە، حسیب بکەین ئەوا ژمارەکە دەبێت بە دەیان هەزار کەس. ئەم بارە بەشێک لە وردەکارییەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و پێکهاتەی دانیشتوانی کەرکوکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی سەیرێکی سەرژمێرییەکانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ و ١٩٧٧ بکات هەموو ئەم ئامار و ژمارانە بە زەقی دەبینێت.

دواتر بە وردی باسی کردەوەکانی حکومە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق دەکەم، بە تایبەتی حکومەتی بەعس وەک وێرانکردنی ئاواییە کوردییەکانی نزیک کۆمپانیای نەوت و ڕاگوێزانی دانیشتوانیان. دەرکردنی کارمەندانی کورد لە کۆمپانیای نەوت و گواستنەوەی فەرمانبەرانی کوردی کەرکوک بۆ دەرەوەی شار و پارێزگا دوو کردەوەی دیکەی کاربەدەستانی بەغدا بوون بۆ لاوازکردنی پێکەی کورد لەم سارە. هەموو ئەم هەنگاوانە بە هاوتەریبی لە گەڵ هێنانی عەرەبدا بۆ کەرکوک فاکتەری گرنگ بوون بۆ دابەزینی ژمارە و ڕێژەی کورد و بەرزبوونەوەی ژمارە و ڕێژەی عەرەب.

لە بارەی هەندێ بیرۆکەی ئەم وتارەوە بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:

١ – دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهاندا، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا ١٩٧٥.
٢ – دلشاد عمرد عبدالعزیز، شرکة نفط العراق المحدودة – دراسة تاریخیة في نشاطها الإقتصادي والخدمي في کرکوك ١٩٢٧ – ١٩٧٢، أطروحة دکتوراە غیر منشورة في التاریخ الحدیث، جامعة الموصل ٢٠١٤.
٣ – دکتور جبار قادر، قضایا کردیة معاصرة – کرکوك. الأنفال. الکرد وترکیا، دار آراس، أربیل ٢٠٠٦.

About دکتۆر جەبار قادر

وەڵامێک بنووسە