پێویستیی بە خۆدا هاتنەوە

هادی سۆفی‌زادە

بە دوای تیرۆری کاک ئیقبال مورادی لە پێنجوێن هەستم بە مەترسیێکی گەورە کرد کە هەرئەوکات لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆم ئاماژەم پێدابوو. بە پێی خوێندنەوەی من لێدانی قەڵا بە موشەک چاوەڕوان کراوبوو کە دواتر باسی ئەکەم.

جەولەی ئەمساڵی پێشمەرگە لە ساڵانی پێشوو نەدەچوو. هەست دەکرا ڕژیم خۆی مەیدان دەدا. کوشتنی چەکداری کوردی سەربە ڕژیم لێرەوو لەوێ پرسیاری لا درووست ئەکردم. کوشتنی ٩ چەکداری ڕژیم لە مەریوان کە هەموویان کورد بوون گەورەترین پرسیاری لا درووست کردم. گومانم نەبوو کە ڕژیم مۆرەکانی خۆی ئەکاتە قوربانی بەڵام ڕوانینی ئەحزاب شتێکی دیکە بوو. تەنانەت ئەگەر ڕژیم چەکدارێکی کوردی خۆی قوربانی بکا، حیزبەکان ئەیانەوێ ئەوەش بە ناوی خۆیانەوە سەبت بکەن.

ڕژیم بە زانا بوون چەکدارە کوردەکان دەکاتە قوربانی. بە زمانێکی سادە بڵێێم ئەگەر ٣٠ ساڵ پێش ئیستا چەکدارێکی سەر بەڕژیم قاتڵی پێشمەرگە بووبێ بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی زەمەن ئەو کەسە هەوڵی داوە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بە دەست بێنێتەوە ، لە کەسایەتی بەشێک لەوکەسانەدا ئەم ڕەفتارە دەبیندرێ. چەکدارە کوردەکانی سەر بە ڕژیم کەوتونەتە ژێر باندۆری کەشوهەوای سیاسی ناوچەکە و زۆرجار هەستی نەتەوەیی خۆیان نیشان دەدەن. لێرەدا ئاماژەم بە نموونەیەک دەکەم کە لە سەروبەندی ڕفراندۆمی باشووری کوردستان، عەبدوڵڵای رەمەزان زادە لە تلگرام داینابوو. ئەو دەڵێ ” پاسدارێکی فارس دوای ساڵانێک سەردانی چەکدارێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە دەکا کە پێشتر پێکەوە گروی زەربەت بوون. چەکدارە کوردەکە دیفاع لە ڕفراندۆم دەکا، پاسدارەکە لە دژی دەوستێتەوەوو دەڵێ ئاخر تۆ نابێ وا بیر بکەیتەوە. کوردەکە دەڵێ باشە ئەگەر تۆ خۆت لە جێی کوردێک دابنێی چی دەکەی؟ فارسەکە قسەی بۆ وتن پێ نابێ. گەڕانەوەی بەشێک لە چەکدارەکانی سەر بەڕژیم بۆ ڕژیم قابلی تەحەموول نییە و باشترین کار قوربانی کردنیانە بە دەستی کورد تا بەو کارە هەم لە خۆیانی دوور بکاتەوەوو هەم دەوروبەریانی گرێدراو بە خۆی بکا. ئەزانم کەم نین ئەو کەسانەی کە ئەم روانینە بە مانای پارێزگاری لە چەکداری ڕژیم لێک دەدەنەوە.

لەم لایشەوە پێشمەرگە و گەریلای حیزبەکان چوار چواروو شەش شەش شەهید بوون. تا ئێرە بە قازانجی ڕژیم بووە. پرسیار ئەوەیە ئەگەر لە هەمبەر خوێنی هەر گەریلا یا پێشمەرگەیەک دوو پاسدار کوژراوە با ناوی بنێن حماسە. ئەگەر لە پێناو کاری تەبلیغاتی دا دەبنە قوربانی بە هەبوونی تلگرامێک لە دوورترین شوێنی دنیاوە ئەتوانی ئەو کارە بکەی. ئەگەر بە ناوی تەشکیلاتەوە دەکرێنە قوربانی مێژووی ٣٠ ساڵەی تەشکیلات سازکردنی ئەحزب سەرکەوتوو نەبوەوو بەو هێزەی کە ئەوان هەیانە تەشکیلات دروست نابێ. کەواتە قوربانی کردنی ئەم کەسانە بۆچی؟

جەوڵەی ئەمساڵی حیزبەکان بیانوویەک بۆ ڕژیم بوو تا لە لایەک هەم هەرێمی پێ وشیار بکاتەوە هەم لە لایەکی دیکەوە ناسیونالیزم ـ شووینیزمی ئێرانی پێ تەحریک بکاوو بوونی پێشمەرگە وەک مەترسی دابەش کردنی ئێران دەرخواردی خەڵکی ئێران بدا. دیمان لێدانی قەڵای کۆیە ڕۆحی ناسیونالیزمی ئێرانی بەرز کردوە.

لێدانی قەڵای کۆیە جگە لەوەی خەسارێکی زۆری گیانی و کارەسات باری بە دوای خۆیدا هێنا هەندێ مەبەست و موحاسباتی ناوچەیی هەبوو. ڕژیمی ئێران ساڵانێکە توانای موشەکی خۆی بردوەتە سەرەوەوو تاقیکردنەوەی موشەکەکانی لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویست بوو، باشترین شوێنیش قەڵای کۆیە بوو. وەک دەبیسترێ قەڵا بە پێی نەخشەی ڕووسەکان دروست کراوەوو بە شێویەک دروست کراوە کە موشەک نەیگرێتەوە بەڵام ئیستا بە موشەکێک دەکرێتە ئامانج کە هەمان ڕژیم بە ئێرانی فرۆشتوە. بۆیە ئەوە تاقیکاریێک بۆ ڕژیم بوو تا چەند ئامانجی خۆی پێ بپێکێ.

لایەنێکی دیکەی قەزیەکە ئەوەیە کە ڕژیم بە لێدانی قەڵی کۆیە بۆ ماوەیەکی سنوورداریش بێ فشاری ناوخۆیی لە سەر خۆی لابرد و من بە دووری نازانم کە سوتانی کونسولگەری ئێران دیسان بە پلانی خۆیان بوبێ کە هۆکارەکانی باسێکی زۆر هەڵدەگرێ.

بە کورتی گۆرانکاری هەرێمی و ناوچەیی زۆر لەوە کاریگەرترە کە حیزبەکان بە هەندێ هەوڵی بچووک و ئیحساسی کاریگەرییان لە سەری هەبێ. پێویستە حیزبەکان هەزینەی مرۆیی خەبات کەمتر بکەنەوە. ئەگەر قەرار بێ ئەمریکا پلانی بۆ ئێران ببێ ـ کە هەیەتی ـ ئەوکات خۆی لە درگای کورد ئەدا بەڵام جارێکە کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی مەوزووعییەتی نییە.

About هادی سۆفی‌زاده‌

وەڵامێک بنووسە