ڕاگەیەندراوی هەڵوێست لەسەر گۆڕان لە دیزاین و چۆنیەتی وەشانی لێرەبەدواوە

هاونیشتمانانی بەرێز

لە سەرەتای مانگی ٦ی زایینی‌دا هەڵوێست ١٥ هەمین ساڵی وەشانی خۆی دەسپێدەکات. واتا ١٤ ساڵ کاری بەردەوام لە بواری میدیای مەجازیی “سەربەخۆ” کۆتایی دێت و بەتەماین لە دەسپێکی ١٥هەمین ساڵی کار و تێکۆشانماندا، بە رواڵەت و شێوەکارێکی نوێ‌ وە ببینە میوانتان.

بێگومان لە کاری میدیا و بەتایبەت لەم بەرفراوانییەی تەنەوع و فرەرەنگی و فرەچەشنی کە جیهانی مەجازی بۆمانی دەستەبەر کردوە، چەق بەستن لە فورم و شێوازێکی نەگۆڕی بڵاوکردنەوە، وەڵامدەری خواست و سەلیقەی خوێنەرانی هیچ راگەیەنەرێك نابێ. هەر ئەوەش بوو لە ساڵانی رابردوودا، زۆرێک لە ئێوەی خۆشەویست بە پەیام و پێوەندیی خۆتان داوای گۆڕان و نوێکردنەوە و تەنەوع تان لە هەڵوێست کردوە. بەڵام لەبەرابەردا هەڵوێست بە پاراستنی بێدەنگی و خۆ گنخاندن، بەکردەوە لەو بوارانەدا هیچ هەنگاوێکی هەلنەگرتوە.

با ڕاشکاوانە ئەوە دەسنیشان بکەین کە ئەو بێدەنگی و گنخاندنە، نە بەهۆی کەم بایەخدان بە روانگە و نەزەری خوێنەران بەڵکوو چەند هۆی بنەرەتیی دیکەیان هەبوو.

یەکەم ئەوەی کە هەڵوێست هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەبوە (لە داهاتووشدا هیچ هەوڵێکی بۆ نادا) ، تا بتوانی هەزینەی وەڕێخستنی دیزاینی نوێ و بەڕێوەبردنی دابین بکات.

هاوکات بەرێوەبەریی هەڵوێست هەوڵیداوە کە هەمیشە سەربەخۆ  بوونی ماڵپەرەکە پارێزراو بێت. بۆیە ئەگەریش پێشنیاری هاوکاریی (مادی) پێکرابێت، بەهۆی ئەوە کە مەبەست فەرزکردنی شێوەکار یا رێبازیکی سیاسی بوە، هەڵوێست رەدی کردوەتەوە. واتا ئەو شێوەکارە و قەناعەت کردن بە شێوازی کۆن و ناپرۆفشناڵمان بە سەر فەوتان یا نیوەچل کردنی “سەربەخۆیی”ماڵپەڕەکە هەڵبژارد و پێی سەربەرزین. لەبەر ئەوە ، هەر ئەو سەربەخۆ و بوێڕ راگرتنەی هەڵوێست بوو کە دەنگێکی زۆری تاکی تێکۆشەری کوردی لە دەورخۆی کۆکردەوە و هاوکات توانی سەرنجی ئاستێکی بەرچاو خوێنەریش بۆ لای خۆی رابکێشی. تا رادەیەک ئیستە دەتوانین ئیدیعا بکەین کە هەڵوێست خاوەنی ژێژەیەکی بەرچاو خوێنەری هەمیشەییە.

هاوکات لەگەڵ لاوازیی تێکنیکیی ماڵپەڕەکەمان، بەردەوام هەوڵمانداوە کە بەگوێرەی توانا و دەرەتان لە تێکنیکی نوێ(لە ئاستێکی بەرتەسکدا) بەبێ پشت بەستن بە هیچ ناوەند یا حیزب و گروهێک، کەڵکوەرگرین. هەرچەند دەزانین هێشتا لە ئاستی پێویستی ئیمرۆی جیهانی مەجازی‌دا نەبوە، هەر لەو ماوەدا چەند جار پێشنیاری هاوکاریی و نوێ کردنەوە و “مودێڕ” کردنی هەڵوێستمان پێ گەیشتوە، بەڵام بەهۆی ئەوە لە سەرچاوەی پێشنیاردەر دڵنیا نەبووین، وێڕای سپاسیان، چاوپۆشیمان لێکردوە. تا ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پێشنیارێکی نوێ بۆ “نوێژەن” کردنەوەی هەڵوێستمان لە لایەن بەڕێز “مانی رەحیمی” پێگەیشت. و پاش چەندین حەفتە پێوەندیی و ئاشنایی و ئیعتمادی دوو لایەنە، ئەو بەرێزە ئامادەگی خۆی بۆ نوێ و مودێڕن کردنی ماڵپەڕەکەمان بە بێ هیچ چەشنە چاوەروانیەکی مادی دەربڕی، کە لەلایەن هەڵوێستەوە قەبووڵ کرا و ئەوە ماوەی چەند حەفتەیەکە وێڕای سازکردنی ماڵپەڕێکی نوێ و مودێڕن، زەحمەتی ئەوەش دەکێشی کە بەرێوەبەریی هەڵوێستیش لەگەڵ تێکنیکی نوێ ئاشنا بکات تا بتوانێ پشت ئەستوور بە خۆ لەم قۆناخەشدا، درێژە بە وەشانی هەڵوێست بدات.

بەرێوەبەریی هەڵوێست وێڕای سپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەرک و زەحمەتەکانی کاک مانی، هیوادارە نموونەی لەنێو  رووناکبیری کورددا زیاد و زیاتر بێت.

لە کۆتاییدا کاربەرانی هێژا ئاگادار دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا  دیزاین و شێوەکاری نوێی هەڵوێست دەسپێدەکات.

دیسانیش وەک تا ئیستا، چاوەروانی پشتیوانیەکانتانین کە ئەویش سەردانی هەڵوێست و هاوکاریکردنیە بە ناردنی بەرهەمە فیکرییەکانتان.

لە گەڵ ڕێز و حورمەتمان

بەرێوەبەریی ماڵپەڕی هەڵوێست

 

About خه‌لیل غه‌زه‌لی

وەڵامێک بنووسە