گوربەی مورتەزا عەلی!

برایم فەڕشی

پشیلە کە بەریدەیەوە، دەکەوێتە سەر چنگ، کەچی ئەوان پێیانوایە تەنیا هی ئەوان، نە “پێرزە کتک” بەڵکوو پشیلەی مورتەزا عەلی، کە دەبێ “کتکی عەڕەب” بێ، دەکەوێتە سەر چنگ. هەموو نەتەوەیەک مێژووی هەیە، کەچی ئەوان پێیانوایە هی ئەوان، مێژوویەکی تاقانەیە. هەموو نەتەوەیەک هونەر، ئەدەبیات، دین، فەرهەنگی هەیە، کەچی ئەوان هی خۆیان بە “بەرتەر” دەزانن. هەموو نەتەوەیەک شارستانیەتی هەیە، کەچی ئەوان خۆیان بە شارستانیترین دەزانن.ئەمە شێخ ڕەزای تاڵەبانی هان دەدا بنووسێت ” شیعە تون فاحشەتون ئایەی حەق دەر قورعان- بهر ناپاکی این قوم دلیل دگر است”

بە دەگمەن نووسەر و نوخبەی ئەو قەومە هەبووە، کە تێگەیشتنی ئەو خەڵکە هەڵتەکێنێ، جگە لە چەند کەسی وەک “بزرگ علوی” و ” آرامش دوستدار” یەکەمیان ئەخلاق و خولق و خوی ئەوانی باس کردووە و دووهەمیان تێگەیشتن، ئەدەبیات، زمان و بەناو فەلسەفەیان. هەرکیان لە ناو ئەو میللەتەدا خۆشەویست نیین.

نووسەری ئەم بابەتە ڕێک سی ساڵ لەوە پێش هەموو پێوەندییەکانی لە گەڵ ئەو قەومە و نوخبە و نووسەر و هونەرمەندانی پچراند، بۆ ئەوەی بە خۆیدا بێتەوە و بزانێ چەندە ئەوانە و چەندە خۆیەتی! جەنابی لە گەڵ نووسەر و شاعیر و شانۆکار و فیلمساز و ئیلیتی سیاسی ئەوان تێکەڵ بوو، لە گەڵیان کاری دەکرد و گەلێک دۆست و برادەری هەبوو. دەبێ بڵێم کەسی جێگای ڕێز و دۆست لە ناویاندا هەبوون، بەڵام زۆربەیان “گوربەی مورتەزا عەلی” بوون.

لە دەرەوەی وڵات باشتر خۆیان دەردەخست، کە دواتر چەند نموونە دەهێنمەوە. سەرەکیترین شۆک کە لێیانکەوت ڕووبەڕووبوونەوەی نە فارسەکان لە گەڵ ئەوان بوو. ئەوان فێرببوون سەرتر لە ئەوانی تر بن، بۆ وێنە گەر لە ناوخۆی وڵات لە تەورێز، سنە و شوێنی تر ژییابان، دەبوو تەورێزی و سنەیی بە زمانی ئەوان قسە بکەن، ئەوان نە مەجبوور بوون و نە دەیانویست زمانی خەڵکانی دیکە فێر بن. زمانی ئەوانی تریان بە زمان نەدەزانی. ئەوان دەنێردرانە هەر شوێنێک فەرمانبەری تاران و فەرماندەری ناوچەکە بوون و خەڵکی تریان ڕابەری دەکرد. ئەوان بوون کە خاوەنی مێژوو، ئەدەبیات، فەرهەنگ، شارستانیەت و جەلال و جەبەڕووت بوون و کەسانی دی ژێر دەست و ژێر فەرمانی ئەوان.

ئەو کەسانە لە پڕ ببوون بە پەنابەری وڵاتی تورک و عاڕەب و ئاڵمان و شوێنی تر. سەردەمی حەمە ڕەزاشا فەخرێکی مەزن بە تورکەکان دەفرۆشرا و کەم کەس ڕووی لەو وڵاتە دەکرد. ئەوان دەچوونە ڕۆم، بەرلین، پاریس، لەندەن، زوریخ.

هاوینی ساڵی ١٣٥٧ لە بانکی مەرکەزی داوای لیرەی تورکم کرد، کابرای بانکی دای لە قاقای پێکەنیین و پێگووتم” ئەوە دەساڵە لێرە کار دەکەم، تۆ یەکەم کەسی، کە داوای پەینی تورکی دەکەی”! چەند ساڵ دواتر لە ئەستانبوول دابەزینی ئەم شارستانیەتە، ئەخلاق و کەسایەتی و فەرهەنگەم گەلێک جار و گەلێک ساڵ بینی. هەر ئەو دەم ڕەزا عەلامە زادە(کۆنە دۆست و هاوکار) فیلمێکی بە ناوی مهمانان ناخواندە هتل… ساز کرد کە هێندێک لەو ڕاستیانە نیشان دەدا. لە کتێبێکدا بەناوی “هەڵەبجە و کۆسار، مەهاباد و گوڵەباخ لە وڵاتی چنار و هێمن” هیندێک لەو ڕاستیانەم باس کردووە.

گەر کەسانی ئاسایی بە هۆی ژیان و چۆنیەتی کۆمەڵگا و ڕووداوەکان لەونیان لێ بگۆردرێ و کەسایەتیان دابەزێ، لە بازنەیەکی تەسکدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام کاتێک نوخبەی فەرهەنگی، هونەریی، سیاسی، زانستی ئەوەی لێ بەسەر بێ، سەر و خۆار، سەر و لەش دەگەنێ!

“پێرزە”کان کاتێک خۆیان لە گەڵ ئاڵمانییەکان بەراوەرد دەکرد، لە بەرا ڕیزێک جنێویان حەواڵە دەکردن و دەیانگووت” کاتێک ئێمە کیانمان هەبوو، ئەوان لە جەنگڵ و لێرەوارەکان بە سەر دارەکانەوە بوون” جاربە جار ئاڵمانییەکانیش کاتێ باسی پێرزەکان دەکەن، هەر وا دەڵێن.

ساڵانی هەشتا بەو لاوە هێدی هێدی کە پەنابەری فارس لە ئاڵمان زۆر بوو، گرفتی ئەوانیش هێدی هێدی دەرکەوت. قەومێک کە بە سەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بوو، لە ناکاو لە گەڵ ئەوانی دیکە لە ئوردوگاکان خۆی دیتەوە. ئەوانی دی ڕاهاتبوون بە ژێرچەپۆکە بوون، هەر بۆیە زووتر خۆیان لە گەڵ زمان و کۆمەڵگا ڕێک دەخست، بەڵام ئەوان نە لە گەڵ کورد و ئەوانی دی لە بارودۆخی تازەدا ڕێک دەکەوتن، نە لە گەڵ کۆمەڵگای تازە. لە درێژەدا ئەو گرفتەشیان بۆ پێش هات کە ئەوانی تر، ئیتر خۆیان تێنەدەگەیاندن و لە جیاتی کۆڕوکۆمەڵی”ئێرانی و پێرزە” کۆڕوکۆمەڵی خۆیان ساز دەکرد و بگرە فارسی قسەکردنی نێوانیان قرتابوو.

برادەرێک کە لە چریکەکانی فەلەستین بوو، کاتی خۆی لە تورکیا دەیگرن، بۆ ئەوەی خۆی بەدەستەوە نەدا و نهێنییەکان ئاشکرا نەکا، ترکەکان فریودەدا و لە زیندانەوە دەیبەنە سەر پردێک کە دەبوو شوێنی دیداری ئەو و یەک لە نەیارە چریکەکانی ترک بێ. ئەو برادەرە کە دەگاتە سەر پردەکە، لەو سەرەوە خۆی دەخاتە خوار، کەچی نامرێ و قاچ و قوولی دەشکێ. لە شەڕی کورد و دەوڵەت چووبووە کوردستان، دوایە من لە ئاڵمان چاوم پێیکەوت و ماوەیەک لە لای من ئۆتراخی کرد و لە ماڵ دەگەڕا.

ئێوارەیەک پەشۆکاو هاتەوە و هەرچی جنێوی سیاسی و ناسیاسی فێرببوو، حەواڵەی کابرای سوسیالی کردبوو، دیگووت فاشیستن. لە منی پرسی چ بکەم، منیش بە گاڵتە گووتم بەیانی بچۆ چەپکێک گوڵی بۆ بەرە. ئێوارە کە هاتەوە کەیفی ساز بوو، گووتی قەولی ماڵیان پێداوم. سی و چەند ساڵ لەو ڕۆژانە تێدەپەڕێ و نازانم چی بەسەر هات.

لە تارانەوە یەکترمان دەناسی، یەکێک لە شانۆنامەنووس و شانۆگێڕەکانی شانۆ بوو، کە لە سینەماش دەرکەوتبوو. ڕۆژێک کە تەواو بێزار ببوو، چووبوو بە مشتەکۆڵە لە سەر مێزی کابرای بەرپرسی دابوو، داوای تەلەویزیۆنی لێکردبوو. تەلەویزیۆنێکی گرانی مودێرن.

کابرای بەرپرس لە سەرخۆ پێیگووتبوو” من کە ئاڵمانیم و مووچە وەردەگرم، ناتوانم تەلەویزیۆنی وا بکڕم، چۆن بۆتۆی بنووسم”. لەو سەردەمەدا زۆربەی ئەو کەسانە بۆ ئەوەی ئەو هەڵسوکەوتانەی خۆیان ئاسایی بسەپێنن، دەیانگووت ” ئێمە پووڵی نەوتەکەی خۆمان وەردەگرینەوە” بە پارەی سوسیال دەگوترا. زۆرێک لەو کەسانە دواتر یان چوونەوە ئێران، یان هاتوچۆیان دەکرد و ناویان لە ناو سیاسەت و فەرهەنگ و هونەر سڕدرایەوە.

هەموو پشیلەیەک دەکەوێتە سەر چنگ، جگە لە پشیلەی مورتەزا عەلی. خود حدیث مفصل بخوان لەو کوردانەی کە پێشڕەویان قەومی مورتەزا عەلی بێ!

 

About برایم فەرشی

وەڵامێک بنووسە